بورھان شێخ ڕەئوف
لە ئێستادا کە شەڕی ماڵوێرانکەری داعش بەرەو کۆتاییەکەی دەڕوات و لە دوای پاککردنەوەی زۆری ئەو ڕووبەرە فراوانەی کە بە سێ یەکی خاکی عێراق مەزەندە دەکرا لە دەستی تیرۆریستانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە وێرانە خاکێکیان بە جێھێشتووە کە بنیاتنانەوەکەی زۆر لە وێرانکردنەکەی قورسترە تەنانەت حکومەتی عێراق و ھەندێ ناوەندی دیش باس لە پێویستی سەرووی (٥٠) ملیار دۆلار دەکەن .
ئەگەر لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوەو لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە پێکھاتەی شیعەی عێراق کە بە درێژای مێژوویان بندەست بوون وباسی مەزڵوومیەتی خۆیان دەکرد ھەمیشە و گۆڕەبە کۆمەڵەکانیش گەواھی دەری ئەوەبن و دکتاتۆریەتی حوکمی سوونەی عەرەبی عێراق کە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە خواست و ھەژموونی خۆی بە سەر کوردو شیعەدا سەپاندبێت کە بە حوکمڕانی حزبی بەعس و سەدام حوسینی سەرۆکی تەواو ئەمە بەرجەستە بووبێت ,ئەوا حوکمی تائیفی شیعەش سەرەڕای نووسینی دەستووری نوێ بۆ عێراق و ڕاپرسی و چەسپاندنی ھەرێمی فیدراڵی بۆ کوردستان بەڵام بە پراکتیک نەیانتوانی تاسەر و تامەنزڵ ئەم کاروانە سەرۆکایەتی بکەن و لە نیوەی ڕیگادا جارێکی تر ھزرو لۆجیک جێگەیان بۆ مەیل و سۆزی تائیفی چۆڵکرد.
ئێستا ئەگەرچی ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعە خۆیان حوکمڕانی یەکەمی وڵات بوون لە ١٤ ساڵی ڕابردوو پڕۆژەیان ھەیە بۆ دوای داعش و سەردانی لایەنەکانی تری عێراقیان کردووەو وڵاتانی دراوسێ ی عێراقیشیان لێ ئاگادار کردۆتەوە ھەرچەندە پرۆژەیەکی درێژ و پڕ لە خاڵ و لق و پۆیە پێداگیری لە عێراقێکی یەکگرتوو سێنتراڵ دەکاتەوە شتێکی تازەی تێدا نیە کە لە دەستوورەکەدا نەبێت کەچی وەکو یەکێک ڕێگری لێکردبن ئەو ھەموو ساڵە جێبە جێ ی بکەن وا ئێستا بە پرۆژەی نوێەوە دێنەوە خزمەتی عێراقیەکان لە ھەموو ئەمانەش شەرمھێنەرتر یاسای حشدی شەعبیان لە پەرلەمان بە بێ کۆدەنگی نیشتمانی تێپەڕاند کە ئەمەش ئاماژەیەکی تری ترسناکە بە تایبەتی بەلایەنی سوونەکانەوە لە ھەمانکاتدا ئەوەی زیاتر عێراقی بەو ئاقارەدابرد ئەو بۆچوونەی ھاوپەیمانی شیعە بوو ئەوەی ڕای جیاواز ی لە خواست و ئامانجەکانی ئەوان ھەبێت ئەو بەعسی و داعشی و قاعیدەو جووداخوازو تیرۆریستە ئەمە زمانی گفتوگۆ و پێکەوەژیانی ھەڵۆ توندڕەوەکانی ھاوپەیمانی شیعە بوو ,
لەلایەکی ترەوە ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعە ئێران بە دۆست و دراوسێ ی باش و بە ھاناوەھاتوو دەزانێت و باسی کۆمەک و یارمەتیە نەبڕاوەکانی دەکات لە چەک و کەرەسەی سەربازی بۆ حەشدی شەعبی و سوپا بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی وڵاتانی عەرەبی سوونەش بە سەرچاوەی تیرۆرو مەرگ و کارەسات ….تد ناودەبەن کە ئەمەش خاڵی لێکترازانی گەورەی نێوان شیعەو سوونەیە کە ڕوونە ھەریەکەو قووڵایی ستراتیجیان کوێ یە .
سوونەکان خەریکی چین ؟
سوونەکان لە کاتی داگیرکردنی ناوچەکانیان زۆریکیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون بە سەرکردەو بنکردەوە لە ئاستێکی باشی فەرمی و جەماوەری دا پێشوازی کران و رێزیان لێگیرا و تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت ھەندێکیان ھەر لە ھەێمی کوردستانن , بەڵام وەکو ڕوونە لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرکردەکانیان کەوتوونەتە جموجووڵ کۆڕو کۆنگرە بەستن ھەر لە عەمان و جنێفەوە تاوەکو دواترینیان لە ئەنقەرە کە لە پێشووتر باسی ھەرێمی سەربەخۆو شتی تریان دەکرد بەڵام لە ئەمجارە گەڕانەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەمی عێراق یەکگرتوو وەکو نەبایان دیبێت و نەباران وەکو کورد ئەوانی ئاوارە وپەراوێز و دەربەدەر کردبێت باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی ٢٠٠٣ و کەرکوک عێراقیە و گەلێک شتی تر کە زمانی بەیانەکەیان عەرەبیەو بەڵام بە نەفەس و دڵی تورکیاو ئەردۆگان نووسراوە .
کورد جەنگاوەری بێ ئامانج
کورد لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا لە ئاست ھەموو کێشەو ئاریشەکانی خۆی لە عێراقدا تا ڕادەیەکی باش ھاوڕاو تەبابوون بەڵام لە ئێستادا کە لە ڕووی سیاسەتی نێو دەوڵەتی و شەڕی تیرۆر کارەکتەری بەھێزو جەنگاوەری بە ھەڵمەت و قوربانی گەورەیان داوە و تا ڕادەیەکیش دەخوێنرێنەوە بەڵام ئێستا خۆی لە ناو ماڵی خۆیدا پرژو بڵاو بێ ئەجنداو ستراتیجی ھاوبەش چاوەڕوانی قەدەری خۆیەتی.
ماوەتەوە عێراق بە گشتی لە ئاوا بارودۆخێکدا کە شیعە سوونە بەوە تاوانبار دەکات بە مەرجعێکی سیاسی یەکگرتوویان نیەو نازانیین لە گەڵ کێ قسە بکەین سوونەش شیعە بە داردەستی ئێران دادەنێن و دەڵێن ئەوەی لە ناوپێکھاتەی سوونەدا قسەبکات بە دڵی ئەوان نەبێت دۆسیەیەکی یاسایی بۆ دادەتاشن و زیندانی دەکەن و یان ڕاوی وڵاتانی تری دەنێن و کوردیش بە بنبەست گەیشتووە دۆسیەی قەیرانەکانی .
بۆیەلە ئاوا باردۆخێکدا کە مەشھدی سیاسی عێراق بەو شێوەیەی سەرەوەیە دەرفەت بۆ چارەسەر و پێکەوەژیان لە عێراقدا زۆر کەمەو وەکو دەڵێن لەوانەیە ھەڵوەشانەوەی عێراق ئاسانتر بێت لە بنیاتنانەوەی .