بورھان شێخ ڕەئوف
ئەوەی سەرلەبەیانی حەوتی نیسان ڕوویدا ڕۆکێت بارانی بنکەی ھەوایی شعێراتی سوپای عەرەبی سوریا لە نزیک شاری حمس لە لایەن کەشتیە دەرییاییەکانی ئەمریکاوە لە ڕۆژھەڵاتی دەریایی ناوەڕاست بە ٥٩ ڕۆکیتی جۆری تۆماھۆک ئەو مووشەکانەی زۆرجاری تر لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا لە ناکاو و بە شپرزەیی ئاڕاستەی نەیارەکانی کردووە و یارەکانی خۆی پێ ی شاگەشکە بوون چ لە ئەفغانستان و عێراق و ھەورامانی لای خۆمان و سودان .
لە بارودۆخێکی وەکو ئێستای سوریادا کە شۆڕش و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ ژیان و گوزەرانێکی باشتر و بەرقەراربوونی دیموکراسی و کۆتایی ھێنان بە حوکمی کۆماری پشتاوپشتی بنەماڵەی ئەسەد گۆڕا بۆ شەڕو ململانێیەکی قورس و خوێناوی تەنانەت ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش کە ئێستا ھەموو جیھانی بە خۆیەوە سەرقاڵ و گیرۆدەکردووە ولە تونێلێکی تاریک و بنبەستێکی نالەباردایە , دەیان و سەدان کۆنگرەو کۆنفرانسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ھەر لە جنێفەکانەوە تا ئەستانەو و پایتەختەکانی ناوچەکە نەیانتوانی بەر بەو تاوان و خۆێن ڕێژییە بگرن .
لە سوریاییەکدا ئەگەر پێشووتر ڕژێمی ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکار ھێنابێت و ھەموو چەکەکانی لەناوبرابێت لە ژێر چاودێری ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکاندا و ئێستاش باس لە بوونی چەکی کیمیاوی لە لایەن گروھە تیرۆریستیەکانەوە دەکرێت بە تایبەتی داعش کە پێشتریش چەندین جار بەکاری ھێنا دژ بە ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی نزیک بو مووسڵ لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ھەموو کارتەکان تێکەڵن لەوەیە دیاریکردنی ئەنجامدەرانی تاوانی کازی کیمیاوی ئاسان نەبێت ئاوا !!
ئەوانەش لە لایەک لە کاتێکدا ترامپ و ئیدارەکەی وتیان کاری لە پێشینەی ئێمە لە ناوبردنی تیرۆرو داعشە و چارەنووسی ئەسەد وڕژێمەکەی لێگەڕێن بۆ خەڵکی سوریا وادیاربوو ئەسەدئەمە بە تیشکی سەوز تێگەیشتبوو کە چی بە گەلی سوریا بکات بۆی بە سەر دەچێت لەوەش بەھێزتر لێدوانەکانی ترامپ لە کاتی سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشوو ئۆباما کە وتبووی دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری سوریا خزمەت بە بەرژەوەندی ئەمریکا ناکات ھەروەھا ئەو دەنگۆو لێدوانانەی کە لەماوەی ڕابردوودا باس لە باشی پەیوەندییەکانی ترامپ و پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا دەکرا ھەموو ئەوانە پاڵپشت و ھۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەسەد جێ پێ ی خۆی قایم بکاتەوە جارێکی تر و وەڵامی داخوازییەکانی ئۆپۆزەسیۆن نەداتەوەو تەنانەت بەشار جەعفەری سەرۆکی شاندی ڕژێم لە دانیشتنەکانی ئەم دواییەی جنێف بە شاندی ئۆپۆزەسیۆنی وت ئێوە تیرۆریستن و شایەنی ئەوە نین لە گەڵتان دانیشین و باسی ئایندەی سوریا بکەین .
بەڵێ ئێستا جیھان لە دوای ئەم پێشھاتە سامناکە کە تا ئاستێکی باڵا ڕووداوەکانی سوریای بردە پێشەوە ئەگەرچی پێشتر ڕوسەکانیان ئاگادار کردبووەوە ئەمریکیەکان کە ئەوە نەیھێشت ھیچ سەربازێکی ڕوسی ببێتە قوربانی ئەو کات کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئاسان نەدەبووو ھەرچەندە ڕوسیا دەڵێت زۆر زیانی بە پەیوەندییەکانمان گەیاندووە و کاری ھێڵی گەرمی پەیوەندی نێوان ھەردوو لا وەستا کە ئەمەش مەترسیەکی تر ی گەورەیە کە لەوانەیە لە ھەر کاتێکدا دۆخی سوریا خراپتر لە ئێستا بتەقێتەوە .
بەڵی جگە لە ئاماژەکانی ئەمریکا بۆ ئەسەدکە لە سەرەوە باسمکرد ڕوسیا و ئێران دوو پاڵپشتی تری بەھێزی ڕژێمن بە تایبەتی ڤیتۆکانی ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش دژ بە ھەر ھەوڵ و تەقەلایەکی وڵاتان بۆ سزادانی ڕژێم ڕێ خۆشکەر بوون بۆ ئەم تاوانەی خان شیخون کە ٨٠ کەس کوژران کە ٣٠ کەسیان مناڵ بوون و پێشتریش لە غوتە ی ڕۆژھەڵات لە دیمەشق ١٣٠٠ کەس کوژران ھەر بە ھەمان چەک کە ئۆباما ویستی سزای بدات پۆتین پاراستی .
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کە ھێرشی کیمیاوی ڕژێمی ئەسەد بۆ ناوچەی ئەدلپ جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە بەرەی دیمەشق دەخوازێت بەرەی بەرەنگاربوونەوەکان فراوانتر بکات لە دوای سەرکەوتنەکانیان لە حەلەب , لە ھەمان کاتیشدا ترامپ و ئیدارەکە لە بەردەم ئەزموونێکی قورسدان ئەگەر ھاوکێشەکان نەگۆڕن و تواناکانیان نەخەنەگەڕ چ (( بە شەڕ و چ بە ئاشتی ))نەک ھەر خەڵکی سڤیل بەڵکو دۆستەکانیشیان دەستەمۆی بەرەی دیمەشق و دۆستەکانیان دەبن .