بورھان شێخ ڕەئوف
ئەوەی لە ڕۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ ەو ڕۆژانی دوایی ڕوویدا لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تری دەرەوەی ھەرێم شتێکی چاوەڕوان کراوبوو, لە دەستدانی نیوەی خاکی مێژوویی کوردستان بوو لە ھەمان کاتدا کە کورد لە شەڕی تیرۆر و داعشدا لە ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتیدا ئەندامێکی کاریگەر بوو بە قەولی ڕۆژئاواییەکان خۆیان چ ئەمریکاو چ ئەوروپیەکان .
کە چاوەڕوان دەکرا کورد لە باشوور کە یەکێک لە لایەنە براوەکانی ئەو شەڕەبوون خاوەنی دەستکەوت و غەنیمە بن بەڵام بە پێچەوانەوە بوون بە یەکەم قوربانی لە سایەی سەری کاربەدەستانی ھەرێمەوە .
لە دەستدانی ھەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان و ناوخۆییەکان بە عێراقیشەوە ,داخستنی ھەردوو فڕۆکەخانەکانی ھەولێرو سلێمانی ھەڕەشەی داخستنی ھەموو دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ وڵاتانی ئێران تورکیا .
ئەگەر لەماوەی ڕابردوودا ھەرێمی کوردستان خاوەنی تایبەتمەندییەکی خۆی بوو سەرەڕای ئەوەی کە ھەرێمێکی فیدراڵی عێراق بوو زۆر دەستەڵاتی فراوان و سەربەخۆی ھەبوو بەڵام لە ئێستادا وادیارە ئیتر حکومەتی ئیتحادی قایل نابێت بەو فۆرمەی جاران حوکمڕانی بکات و بەند بەندی دەستوورو یاساکانی بەسەردا دەسەپێنن دوای ئەوەی ئەمریکا و ھاوپەیمانی کانی لەسەر مەسەلەی ڕیفراندۆم زیز بوون لە کاربەدەستانی ھەرێم وتیشکی سەوزیان بۆ بەغدا داگیرسان .
بەڵێ لە ئێستادا لە دوای لە دەستدانی زۆربەی کارتە بەھێزەکانی دەستی ھەرێم بەھۆی زۆر فاکتەرەوە لەوانە پەکخستنی پەرلەمان و دەستاودەستنەکردنی دەستەڵات تا سەرکێشی ڕیفراندۆم و گوێ نەگرتن لە ھەموو ھەوڵەگرنگەکانی وەزیری بەرگری ئەمریکا و نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی دراوسێ وئەمینداری کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ داوخستنی و نەکردنی ڕیفراندۆم .
لە ھەموو ئەوانە نیگەرانکەرتر پاشەکشەی کوردو پێگەکەی لە عێراق و ناوچەکە یەکگرتن و ھەمانەھەنگی ھەموو یارونەیارەکان دژ بەکورد و تازەبەتازە کاربەدەستەکانی عێراق لە ناو ھێنانی کوردستان خۆیان دەپارێزن و وەکو تورکیا ئەمانیش دەڵێن باکووری عێراق .
ئێستا لە دوای ئەو شکست و نووشستیە پڕ ئازارە کاتی تۆمەت بەخشینەوەو بەزم و بالۆرە نیە کاتی بڕیاری بۆێرانەو ئازایانەیە کاتی داننانە بە شکست و کاتی چوونە ژێر باری بەرپرسیارێتیە لە ئاستی باڵادا بە دەستلەکار کێشانەوە , چونکە وڵات ھەر بەوە لەم قەیرانە قوورسە ڕزگاری دەبێت و دەرگای وتوێژو دان و سان لەگەڵ ھەموولایەکدا دەکرێتەوە .
بە پێچەوانەی ئەوەوە ھەمان ئەزموونی سەدام حوسێن دووبارە دەبێتەوە کە نەچووە ژێر باری ھیچ بەپرسیارێتی و ئامۆژگاری یارونەیارەکانی تاوەکو بەکارھێنانی ھەموو کارت و فشارەکان بە سەربازیشەوە تا کۆتایی یان پێھێنا .
لە ھەمان کاتدا دەبێت کاربەدەستانی حکومەتی ناوەندی عێراق باش بزانن کە گەڕانەوە بۆ شێوازو ئەزموونە کۆنەکانی عێراقی سنتراڵ حوکمڕانی عێراق ناکرێت و جارێکیتر دەمبانبەتەوە بۆ توندوتیژی و خوێن ڕشتن .
بورهان شێخ ڕەئوف