بورھان شێخ ڕەئوف
ئێستا لە دوای ١٦ توکتۆبەری ٢٠١٧ بارودۆخێک ھاتووەتە ئاراوە لە ھەرێمی کوردستان ئیرەیی پێنابرێت , ئێستا خەونەکەی ڕۆژنامە نووسی کەناڵی جەزیرەی قەتەری (فەیسەڵ ئەلقاسم ) بەدی ھات کەوتی تاکەی مانگی ھەنگوینی کوردو ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەبەرنامە ئاڕاستەی پێچەوانەی( الاتجاە المعاکس ) بە ناوبانگی کەناڵی ناوبراو .
یەکڕیزی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان چۆن لە ڕابردوو پێویست بوو تاوەکو دەستووری عێراق نووسراو و ھەرێمی کوردستان لە دیفاکتۆەوە بۆ قەوارەیەکی فەرمی لە دەستووری عێراقدا چەسپا بە ھەموو کەموو کورتی و گلەیی و گازندەو گەندەڵی و پێشێلکارییە دیارەکان لە ھەموو جوومگەکاندا لە ئێستاشدا لە دوای شکست ونسکۆی گەورەی دوای ڕیفراندۆم لە ١٦ ئوکتۆبەرلە جاران پێویسترو ھۆکاری ژیان و مان ونەمانی ھەرێمە .
ئەگەر لە ڕابردوودا لە بەغدا یەکدەنگ و یەکدەست بووکورد بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەوە لە ھەولێرو پارێزگانی تر زۆرینەو خۆ سەپاندن و تەنانەت لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەتەنھا و لە گەڵ کۆتاکان حکومەتی خۆجێیەتی پێکدەھێنراو ئەوانی تر نەدەخوێنرانەوە سەرەڕای قورسایی و پێگەی لایەنەکانی تر .
ئەو یەکدەنگیە زۆر دەستکەوتی نایابیان تۆمارکرد بۆ کورد ھەر لە مادەی ١٤٠ وڕێژەی ١٧% بوودجەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر شتی تریش .
بەڵام دواتر دوای ئەو ناھەوسەنگی و نەخوێندنەوەی ئەوانی تر و دروستبوونی درزو کەلێن و کارنەکردن بە لۆجیک و عەقڵ و پەنابردن بۆ خۆسەپاندن و قۆرخکردنی ھەموو جومگە گرنگەکانی ھەرێم لەلایەن لایەکەوە ئەو سۆزو پەرۆشیە نەما بۆ یەکڕیزی کاری ھاوبەش دواتر کارگەیشتە داخستنی پەرلەمان و پەکخستنی حکومەت و نەمانی ھیچ دەزگایەکی چاودێری و لێپرسینەوە و ڕۆیشتن بەڕیفراندۆم سەرەڕای نەبوونی کۆدەنگی پێویست و ھاوارو تکاو خواستی زۆربەی زۆری وڵاتان .
بەھەرحاڵ ئەوە بووە مێژوو ھەمووی بوونە دۆکۆمینت لە بەردەستدان و لە بیرو ھۆشی ھەمووماندا تاماوەیەکی درێژی تر دەمێننەوە و گرنگ ئەوەیە پەندو عیبرەتیان لێوەربگرین بۆ کاری داھاتوومان .
ئێستا کە ئیتر ھەموو باس لە خولێکی تری دان و سان دەکەن لە نێوان ھەرێم و حکومەتی ناوەند و بە تایبەتی وڵاتانی زلھێزی وەکو ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو نەتەوەیەکگرتووەکان و خودی حەیدەر عەبادی سەرەکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەموو لایەنەکانی تری عێراق بە سوونەو شیعەوە سەرەڕای پاشگەزبوونەوەی زۆریان لە دەستوورو گۆڕینی ناوی ھەرێمی کوردستان بۆ شمالی عێراق لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بەڵام تاکە بنەمایەک و کارتێک کە کورد بە دەستیەوەمابێت دەستووری عێراقە کە پێویستە و دەکرێت کورد دەستی پێوەبگرێت .
شکستی ١٦ ئوکتۆبەر ھەر شکستێکی سەربازی نەبوو شکستی ئەوستاڤە بوو کە ئیدارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ناوەندیان کرد کە لێرەدا لەوەیە بواری ئەوە نەبێت بڕگە بە بڕگەی باس بکەم بەڵام بۆ لەمەودوا بۆ قۆناغی تازەی دوای ڕیفراندۆم دەخوزاێت چی بکەین ؟
ھەر لە ئێستاوە شاندێکی نیشتمانی پێکھاتوو لە ھەموو لایەن و پێکھاتەکان گرنگە پێکبھێنرێت بە بەرنامەو ئەجندای ڕوون و یاسایی و دەستووری کە ڕاوێژکارو شارەزاو پسپۆڕی ھەموو بوارەکانی تێدابێت کە ھەموو بەندەکانی دەستوور شیتاڵ بکەنەوەو ھەموو خواستەکان بخرێنە ڕوو و مسۆگەری پابەندبوون پێیەوە .
پێویستە لە مەودوا کورد مادام چارەنووسی بەسترایەوە بە عێراقەوە ھەموو قورسایی خۆی بخاتە بەغداد لە ھەموو جومگە و دامەزراوەکانی فیدراڵی عێراق پشکی خۆی دیاری بکات و بە لێھاتوو ترین و پاکترین کادرەکانی کورد لە دەرەوەی حزبەکانیش بێت پڕیان بکاتەوە و ببێتە پاسەوانی دەستوورو جێبەجێ کردنی یاساکانی .
بڕیارە لە مانگی ئایاری ساڵی داھاتوودا ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراقدا بکرێت زۆر گرنگە لیستی بە ھێزو پڕتوانا بۆ ئەو ھەڵبژاردنە سازو ئامادە بکرێت لە ئاست ئەو پێداویستیانەی قۆناغی تازەدابن .
ئیتر وادیارە مەترسیەکان زۆرجدین کاتی ململانێ ی ناڕەواو نەخوێندنەوەی یەکترنەماوە کاتی پشک پشکێنەو پۆست وپارە و ئیمتیازات گوزەشت کاتی کارو لە خۆبردوویی و دیموکراسی دادپەروەری لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی باڵای گەل و خوێنی شەھیدانو قوربانیەکانە.
ئێستا کاتی بە گژاچوونەوەی گەندەڵی و مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و ئیئتلافی دزو بەرژەوندیخوازەکانە کاتی جیاکردنەوەی بازرگانی و سیاسەتە کاتی ئەوەیە کۆتایی بە ئەو مۆدێلە کۆن و شکست خواردووە بھێنن کە ئەم شکستانە ئاکام و بەرھەمی کردەوەکانی ئەوانە چ لە حزب و چ لە حکومەتدا .