چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
“شەپۆلەکانی ژیان” بەرنامەیەکی گشتی رۆشنبیری کۆمەڵایەتییە، کە لەلایەن کچە گۆرانیبێژ و پێشکەشکاری بەتوانا دەشنێ مورادەوە ئامادە و پێشکەش دەکرێ، ئەم بەرنامەیە لەدەرھێنان و مۆنتاژی ھۆزان مزورییە و لەبەرھەمھێنانی opt company و ئێستا بەسپۆنسەری کایار گروپ لەکوردستان تیڤی پەخشدەکرێ. بەبارەی بەرنامەکەوە (سڤیل) چەند پرسیارێکی ئاراستەی دەشنێ کرد.
سڤیل: بەرنامەی “شەپۆلەکانی ژیان” وەک لایەنی پێشکەشکار بۆ تۆ ئەزموونێکی چۆن بوو؟
دەشنێ: بەڵێ. ئەزموونی زۆری پێبەخشیووم، لەبەرئەوەی من ھەموو رۆژێک لەکاتی تۆمارکردن لەماوەی دوو مانگ رۆژانە خۆم قووڵ دەکردەوە لەبابەتی زۆر جیاواز، بەمشێوەیە زانیاری گشتی خۆم توانیم بەرزتر بکەمەوە، لەرووی پێشکەشکاری توانیم ھەنگاوێکی نوێ بنێم.
سڤیل: جیاوازی ئەم بەرنامەیەت و لەگەڵ بەرنامەکانی پێشووت یاخود جیاوازی ئەم دەرکەوتنەت لەگەڵ دەرکەوتنەکانی پێشووت چییە؟
دەشنێ: ئەم بەرنامەیە بۆ خۆدەرخستنی خۆم نییە، بەرنامەیەکی شۆ نییە. بەرنامەیەکی رۆشنبیری گشتی کۆمەڵایەتییە بۆ خزمەتی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی بەرزکردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی لەلایەن گەنجانەوە، بەمانای رێزگرتنی ژینگە و ھاوکاریکردنی یەکتر و داھێنانی تاک.
سڤیل: ئایا فکرەی بەرنامەکە لەلایەن خۆتەوە بوو، کە بەرنامەیەکی گشتی بێت؟
دەشنێ: بەڵێ من خۆشم ئامادەم کردووە، ئەم بەرنامەیە لەکۆڕەک تیڤی دەستمان پێکرد، کە لەقۆناغی تێست بوو لەھۆڵەندا، دواتر کە وەستام کۆڵم نەدا، تاوەکو لەماڵی خۆم بەردەوام بم ئەویش کوردستان تیڤییە، کە نوری چاوەکانمە.
سڤیل: ئەگەر لێت بپرسین دەشنێ ئەزموونی پێشکەشکاری دووبارە دەکاتەوە، وەڵامی تۆ چییە؟
دەشنێ: ئەزموونی پێشکەشکاری من ھەمیش مێشکی من راگەیاندنکار بووە و قەت نەوەستاوە، رۆژانە کە لەناو کۆمەڵگەدام پرسیارم لا دروست دەبێت و بەدوای وەڵام دەگەڕێم، بۆ باشکردنی کۆمەڵگاکەمان.
سڤیل: دەشنێ باشترین پێشکەشکارە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێ، وەک پێشکەشکارێکی مەیدانی و تەرفیھی، بەڵام بۆچوونێک ھەیە لەسەر دەرکەوتنی ئەمجارەت کە دەشنێ کۆنترۆڵ کرابوو، واتا دەشنێی راستەقینە نەبوو، تۆش ھەستت بەوە دەکرد؟
دەشنێ: من ھەمیشە دەشنێم، ئێستا تەمەنم ٢٦ ساڵە، ئەو ١٩ ساڵە نییە لەکاتی بەرنامەی “بێ کۆنترۆڵ”. من وەک مرۆڤێک گەشەم کردووە و دنیا دەبینم و ئەزموون پەیدا دەکەم، حەتمەن ئەوە رەنگدانەوەی ھەیە لەکارەکتەر و ھەڵسوکەوتم لەبەرنامەکە.
سڤیل: ئەمساڵ لەرووی ھونەرییەوە ھەنگاوێکی گەورە چوویتە پێشەوە، ھەم لەزیادکردنی جەماوەر لەکوردستان ھەمیش لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ، ئەمساڵ بۆ دەشنێ چی دەگەیەنێ؟
دەشنێ: زۆر سوپاس بۆ ئەو قسە جوانە، من سوپاسی گۆران کەی و کاوران کامیل و bmb group دەکەم، بەبۆنەی ئەوان ھەناگاوێک گەشەم کرد، گۆرانی open your eyes و binaz زۆر دەووریان ھەبوو، ھەروەھا bmb group ھاوکارم بوو، بۆ ساڵی ٢٠١٣ پڕۆژەی زۆر جوانم بەدەستەوەیە، کاری زۆر باش، لەگەڵ ھونەرمەندی بەریتانی دوێتم دەکەم و لەگەڵ گروپی ئەمەریکی دوێت دەکەم، سێ گۆرانی ئینگلیزیم بەڕێوەیە، کە دانەکیان لەسەر کوردستانە، ھەروەھا ئەلبوومێکم بەدەستەوەیە، ھەروەھا کۆنسێرتێکی گەورە لەسلێمانی و لوبنان دەکەم.
سڤیل: ئەوەی من ئاگاداربم چەند جارێک داوات لێکراوە بەشداری لە فیلمی سینەمای بکەی، بیرت لەوە کردۆتەوە رۆژێک لەرۆژان دەشنێ ئەکتەریشی لێ دەرچێت؟
دەشنێ: بەڵێ وەکو ھەموو ھونەرمەندە کچەکانی تر داوام لێکراوە لەفیلمی سینەمای رۆڵی سەرەکی ببینم، بەڵام ئێستا من لەپیشەکەی خۆم بەردەوامم ئەویش ھونەر و راگەیاندنە.
سڤیل: تۆ گۆرانی دوێتت زۆرە، بەڵام باشترین گۆرانی دوێتت لەگەڵ کام ھونەرمەند بوو؟
دەشنێ: باشترین دوێتم لەگەڵ کاروان کامیل بووە، کە ئێستا گۆرانییەکە بەتایبەت لەبادینان لەھەموو شوێنێک لەرادیۆ و لەتیڤی لێی دەدەن. کاروان کامیل زۆر ھاوکاری کردم لەگۆرانی “بێناز” ھەروەھا لەماوەی مانگێک لەماوەی مانگێک تەنیا لە یوتوب ٢٤٠,٠٠٠ لایک کراوە.