زانا دزەیی: خانمە ھونەرمەند زۆیا کۆتایی بە مانگرتنە ھونەرییەکەی خۆی ھێنا، کە بەھۆی خراپی بارودۆخی کوردەکان لەسوریا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وازی لەگۆرانیگوتن ھێنا.
زۆیا کە لەئاھەنگی شەوی سەری ساڵ لەپارکی شاندەر لەھەولێر دەرکەوتەوە، لەلێدوانێکیدا بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ئەو بەھۆی ئەو کوشتارگەیەی رۆژانە لەسوریا ئەنجام دەدرێت و بەھۆی خراپی بارودۆخی کوردەکان لەسوریا بڕیارمدا واز لەگۆرانیگوتن بێنم، تاوەکو بارودۆخەکە باشتر نەبێت”. ھەروەھا زۆیا گوتیشی “سوپاس بۆ خوا ئێستا ناوچە کوردییەکان لەسوریا بەرەو باشتر بوون دەچێت و ژیان ئاسایی بۆتەوە، ھیوادارم ھەموو سوریا بگرێتەوەن بۆیە زۆر بەوە دڵخۆشم و دەستم بەگۆرانیگوتن کردۆتەوە”.
زۆیا ئەوەشی نەشاردەوە، بەھۆی ئەو چەند مانگەی وازھێنانی لەگۆرانی، لەلایەن چەندین خەڵکەوە گلەیی لێکراوە و داوایان لێکردووە دەست پێبکاتەوە، ھەروەھا دەڵێت “رۆژی ٢٩ی مانگی رابردوو کۆنسێرتێکم بۆ پێشمەرگە و زێرەڤانی لەدھۆک ئەنجامدا، کە تایبەت بوو بۆ ھاوکاریکردنی خێزانە ئاوارەکانی سوریا”.