زانا دڵشاد دزەیی :ناڵە سوپەر پێشکەشکاری کۆڕەک تیڤی رایگەیاند، ھەندێجار بیر لەگۆرانیگوتن دەکاتەوە، ئەمەش وەک گاڵتەپێکردن بەو کەسانەی کە دەنگیان ناخۆشە و گۆرانیش دەڵێن.
ناڵە سوپەر، تەمەن ٢٨ ساڵ، پێشکەشکاری ئێستای کۆڕەک تیڤی، لەشاری ھەولێر لەدایکبووە، بەڵام بەھۆی بارودۆخی سیاسی ھەولێریان جێھێشت و لەسلێمانی قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکرد، لەلێدوانێکیدا بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ئێستا ماڵەوەمان لەخۆئامادەکردن دایە بگەڕێینەوە ھەولێر”.
ناڵە، ساڵی ٢٠٠٧ لە کەناڵی گەلی کوردستان وەک پێشکەشکار دەرکەوت، لەو ماوەیەدا لەبواری وەرزشی و سیاسی کاریکردووە، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، زیاتر حەز بەپێشکەشکردنی بەرنامەی تەرفیھی و ھونەری دەکات، ھەر ئەوەش وایکرد لەدوو مانگی رابردوودا بڕیاریدا لەکەناڵی گەلی کوردستانەوە بچێتە کۆڕەک تیڤی، گوتیشی “من لەگەلی کوردستان توڕە نەبوویمە و خۆشم دەوێت، چونکە شوێنی دەرکەوتنی من بووە، بەڵام گەلی کوردستان زیاتر کەناڵێکی سیاسی ھەواڵییە، مەجالی ئەوەی کەم بوو بەرنامەی تەرفیھی یاخود ھونەری تێدا پێشکەش بکرێ، ئەوە حەزی من نەبوو”. ئەو خانمە پێشکەشکارە ئەوەشی گوت “چوونم بۆ کۆڕەک بەرێکەوت بووە، برادەرانی بابیلۆن داوایان لێکردم لەکۆڕەک تیڤی پێشکەشکاری بکەم، منیش دوای بیکردنەوە قبووڵم کرد”.
ئێستا ناڵە پێشکەشکاری “ئینساید کۆڕەک”ـیە کە بەرنامەیەکی ھەفتانە، تایبەتە بەھەواڵە ھونەرییەکانی ھونەرمەندان، ناڵە لەبارەی بەرنامەکەی دەڵێت “بەرنامەیەکی لەم جۆرە پێویست بوو بۆ ھونەرمەندانی خۆمان، ھونەرمەندان گلەیی ئەوەیان دەکرد تائێستا کەناڵێک ھەواڵە ھونەرییەکان بەبینەران بگەیەنێ و دەریانبخات، ئەوە گلەییە لەجێی خۆیدا بوو، ئەگەر منیش ھونەرمەند بام ئەو گلەییەم دەکرد، ھەمیشە راگەیاندن دەتوانێت ھونەرمەند گەورە بکات و دەتوانێ بیکاتە ئەستێرە، ئەستێرەکانی دنیاش راگەیاندن کردوونی بە ئەستێرە”.
ناڵە سوپەر نەیشاردەوە، ھەندێجار بیری لەگۆرانیگوتن کردۆتەوە، بەڵام بیرکردنەوەکەی بە جدی نییە، چونکە ئەو دەڵێت “دەنگم ناخۆشە، ناتوانم گۆرانی بڵێم، بەڵام ھەندێجار گوێم لەگۆرانیبێژی وا دەبێت کە دەنگی زۆر ناخۆشە و گۆرانیش دەڵێت، لەوکاتانە بیردەکەمەوە بۆ منیش گۆرانی نەڵێم، خۆ منیش دەنگم ناخۆشە!”. ناڵە سوپەر وەک رەخنەگرتن و گاڵتەپێکردن ئەو بە دەنگ ناخۆشەکان ئەو قسەیەی کرد، سەرسامی خۆیشی بە دەشنێ و شەیدا و راگەیاندن، بەتایبەت زۆیا “ئەگەر ئەوەندەی زۆیا دەنگم خۆش بوایە، زۆر لەگەڵ خەڵک نەدەکرد بۆئەوەی دەنگم بەخەسار نەچێ!”.