كارۆخ مەلا ئەسعەد: گۆرانیبێژ رێكان محەممەد سێ بەرهەمی تازەی لەبەردەستدایە، بەڵام لە ئێستادا لە بەر چەند هۆكارێك ناتوانێت بڵاویان بكاتەوە و، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “لەئێستادا سێ گۆرانیی تازەم لەبەر دەستدایە
كە هەر سێ گۆرانییەكەیش لە ئاواز و تێكستی خۆ من، تراكێكیان بە ناونیشانی (شكایەت)ـە، كە باس لە ناخی دڵێك دەكات و بە دەست عەشق و ناعەدالەتییەوە بە گەنجی پیر بووە.
هەروەها تراكێكی دیكەم (ئەی نازانین)ـە كە میلۆدییەكەی هیی خۆمە و تێكستەكەیشی لە لایەن سەباح ئەسعەد نەجمـەوە بۆم ئامادە كراوە و ماوەكەی 13 خولەكە و لە حەوت مەقام پێك هاتووە و 20 ژەنیار بەشداریی تێدا دەكەن و 10 كۆڕاڵی كچ و كوڕیشی تێدا دەبێت و لە كلیپەكەیشدا 50 كەس ڕۆڵ دەبینن. تراكی سێهەمینیشم (دوو دڵ)ـە.”
ناوبراو گوتیشی: “بەداخەوە لە ئێستادا لایەنێك نییە هاوكاریم بكات بۆ تۆماركردنی ئەو كارانەم، چونكە لە ئێستادا كارەكانم لەبەر نەبوونی ماددی وەستاون.”
ڕێكان لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە لە سندووقی هاوكاری ناوی خۆی تۆمار كردبوو بۆ ئەوەی كۆمەك بكرێت و كارەكانی پێ ڕاپەرێنێت، بەڵام ناوەكەی نەگەڕایەوە ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت:” ناو نەگەڕانەوەی من لەم سندووقەدا دەری دەخات كە من لای لیژنەكە چانسم نەبووە.”