گروپی مۆسیقای بێسارانی بە سپۆنسەری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، لە شارەکانی (ھەولێر، سلێمانی، سۆران و کەلار) لە یادی ٢٥ ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا، گەشتێکی ھونەری بە ناونیشانی “زریکەی کۆچ” لە چەند شارێکی ھەرێمی کوردستان ساز دەکات.
سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی کامەران حەسەن، بە چراتیڤی راگەیاند، ئەم گەشتە ھونەرییە کارکردێکی موزیکییە لەسەر دەقی (رەنگدان)ـی شاعیر شێرکۆ بێکەس، گوتیشی “(رەنگدان) دەقێکی بەرزی شیعری کوردییە و رۆچونە بەناو چەند وێستگەیەکی مێژویی شاعیر و نەتەوەی کوردا، لەرێگەی تێڕوانینە خودییەکانی “شێرکۆ”وە بۆ رەنگ و مەوداکانی بینین”.
روونیشی کردەوە، شیعری رەنگدان ئازارەکانی ئەنفال تەمورە دەھێنێتە ژەنین و رەزمەکانی دەف رەنگە لم لێنیشتوەکانی سەحرا دەھێنێتەوە خرۆش و پێکەوە گۆرانییەک دەڵێن بۆ مانەوە، مانەوەی نەتەوەیەک کەخستیانە ناو ئاگرەکەی ئیبراھیمەوە، مقاوەمەت و رۆحییەتی رەسەنی مرۆڤانەی ئاگرەکەی سارد و سەلامەت کرد.
کامەران حەسەن لە بارەی گرووپی “بێسارانی”یەوە گوتی، گروپی بێسارانی ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، زیاتر لە ١٠ کۆنسێرتیان لە ناوە و دەرەوەی کوردستان سازکردوە، بۆ ئەم کارەیان جگە لە ژەنیارانی ھەرێمی کوردستان، چەند ژەنیارێک لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە بەشدار دەبن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، خۆی کاری ئاوازدانان و دابەشکردن و سەرپەرشتی گروپەکە دەکات و شیعرەکان لە لایەن ھەماوەند لھۆنییەوە دەخوێندرێن.
بەرنامەی کۆنسێرتەکان بەم شێوەییە، کاتژمێر چواری ئێوارەی رۆژی ٣ نیسان/ ئەپرێل لە ھۆڵی کۆنفرانسەکان لە شارۆچکەی سۆران، لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ٥ نیسان/ ئەپرێل لە ھۆڵی بۆنەکان لە شارۆچکەی کەلار، کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ٦ نیسان/ ئەپرێل لە ھۆلی تەوار لە شاری سلێمانی و کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ٧ نیسان/ ئەپرێل لە ھۆڵی میدیا لە ھەولێر پێشکەش دەکرێت و ھاتن بۆ ھەمووان.
گروپی بێسارانی تا ئێستا ئەم کۆنسێرتانەیانە پێشکەش کردووە، کۆنسێرتی “زایەڵەی تەمورە” لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ھەولێر و وھەڵەبجە، کۆنسێرتێکی موزیکی لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ھەولێر، بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی کلتوری فاس لە وڵاتی مەغریب لە ساڵی ٢٠٠٩، لە ساڵی ٢٠١٠ دوو کۆنسێرتی جیاوازی بە ناوەکانی “نەوای تەمورە” و “ئەم ماَلە چۆڵە” لە ھەولێر پێشکەش کردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ لە فیستیڤاڵی نەورۆز لە شاری کارکۆف لە پۆلۆنیا بەشداربووە، ئەلبوومی “رێگای مەستان”ـی بەم زووانە بڵاو دەکاتەوە.
*بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە کامەران حوسێن خاوەنی پرۆژەکە و سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی ٠٧٥٠٧٦٣١٥٢٠