راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
کاتێک منداڵ بوو تەنیا خۆی جوان دەکرد و لەخۆی زیاتر گرنگی بەکەسی تر نەدەدا. ئێستاش کە گەورە بووە ھونەرمەندان جوان دەکات، وەک خۆیشی دەڵێ زۆرجار خۆی بە “سیحرباز” دەبینێ، ھەر کەسێک بێتە لای جوان دەبێت، بەڵام ئێستا بەشار تەھا گۆڕاوە و دەڵێت “بۆ ھەموو ھونەرمەندێک ئیش ناکەم، ئەگەر لە پارەدان رەزیلی بکات”. بەشار لەدھۆک بارگەی خۆی کۆکردەوە ئێستا لەھەولێر نیشەجێیە قسە بۆ (سڤیل) دەکات.
بەشار دەڵێت “من منداڵیش ھەر حەزم لەمکیاژ و خۆجوانکردن، بەتایبەت کاتێک چووم بۆ خوێندنی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، لەبەشی شانۆ وانەیەکمان ھەبوو لەسەر مکیاژ، زیاتر ھۆگری بووم، ھەستێکی زۆر خۆشم پێدەدات کاتێک کەسێک جوان دەکەم، ھەندێ جار وا ھەست دەکەم دەستەکانم وەک سیحر وایە ھەر کەسێک بێتە لای من جوانی دەکەم”.
ئەو، ١٠ ساڵە کاری مێکاب بۆ ھونەرمەندان دەکات و بووە پێشکەشکاری بەرنامەی (مێکاب ستایل) لە ڤین تیڤی، ناوبانگی ئەو تەنیا لە دەڤەری بادینان دروست بوو، بەڵام حەزی ئەو بەدەستھێنانی ناوبانگە لەھەموو کوردستان، ھەر لەبەرئەوەشە ئێستا ئەو دھۆکی جێھیشتووە لەھەولێر نیشەجێیە و بەشار دەڵێت “ھەولێرم پایتەختی کوردستانە، ئەگەر لەھەولێر سەرکەوتوو بووم و بەناوبانگ بووم، ئەوکاتە لەھەموو کوردستان دەبمە کەسێکی ناسراو”. ئاماژە بەوەش دەدات، ھاتنی ئەو بۆ ھەولێر و دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بۆ کارەکەی ئاسان نەبوو، وەک دەڵێ ئیشەکەی بەشێکە لەھونەر، ھونەریش لەکوردستان بەگشتی زەحمەتە، دەبێ کەسێک ھاوکاریت بکات.
ئەو شوێنەی کە بەشار بەگونجاوی زانیووە کاری تێدا بکات، کەناڵی رووداو بوو، ئێستا ئەو مێکاب ئارتسی کەناڵی رووداوە و راشیگەیاند، لەوانەیە ھەر لەم کەناڵەدا پڕۆگرامێک لەبارەی مێکاب و ستایل پێشکەش بکات.
بەبڕوای بەشار تائێستا لەکوردستان مێکاب ئارتس نییە، ئەوەی کە ھەیە مێکابە، دەڵێ من تاکە کەسم لەکوردستان کاری مێکاب ئارتس دەکەم و ھەروەھا دەڵێ “مێکاب ئارتس ناوێکی زۆر گەورەیە، دەبێ شارەزایی تەواوت ھەبێ لەھەموو بەشەکانیەوە، ھەندێ کەس دەڵێن ئێمە کاری مێکاب ئارتس دەکەین، بەڵام راستیەکەی ئەوەی ئەوان دەیکەن تەنیا مێکابە، لەبەرئەوەی ئیشی ھونەرمەندەکان ناکەن، من لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ئیش ناکەم، لەگەڵ کامێرا رێد و hd و کارم کردووە و ئێستاش بڕوانامەم لەو بوارەدا وەرگرتووە، ھەر لەبەرئەوە ئەوەشە ھونەرمەندەکان داوای من دەکەن”.
یەکەمین کاری بەشار لەگەڵ ھونەرمەندان بەگۆرانییەکەی دڵنیا قەرەداخی و دەلال زاخۆیی دەستی پێکرد، کە گۆرانییەکی دوێت بوو حەوت ساڵ پێش ئێستا لەدھۆک کلیپ کرا. ئێستاش بەشار بێتاقەت بووە لەکارکردن لەگەڵ ھونەرمەندان، چونکە دەڵێت “زۆر خۆشە کاتێک ئیشێکی جوان بۆ کەسێک دەکەی حەقی تەواوی خۆت وەربگری، من کاتێک ئیش بۆ ھونەرمەندێک دەکەم دەست لەھەموو ئیشەکانی خۆم ھەڵدەگرم بۆ ھونەرمەندە دایدەنێم و ھەموویان شانازیم پێوە دەکەن و دەستخۆشیم لێ دەکەن، بەڵام ئەوە بەس نییە، دەبێ ئەوانیش حەقی تەواوی مادی من بدەن، مێکاب ئارتس لەوڵاتانی دەرەوە لە ١٠٠٠٠ ھەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ زیاتر، تەنیا بۆ مێکاب و قژ. من لەکوردستان نەگەیشتوومەتە ئەو قۆناغە، لەبەرئەوەی ھونەرمەندەکان لەکوردستان پارەی کەم دەدەن، دڵم شکاوە، ئێستا بڕیارم داوە ئیتر لەگەڵ ھەموو ھونەرمەندێک کار ناکەم ئەگەر حەقی تەواوم نەدەنێ، ناتوانم بە ٥٠ یۆرۆ ئیش بکەم!”.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشار لەگەڵ چۆپی و دەشنێ ھەست بەمورتاحی دەکات، بەتایبەت چۆپی لای ئەو زۆر گرنگە و حەز بەستایلی دەکات.
لە سەرەتای مانگی داھاتوودا بەشار دیاری خۆی پێشکەشی ئافرەتانی کوردستان دەکات، کە بریتییە لە سێیەک تایبەتە بە مێکاب و جوانکاری. لەبارەی سێیەکەش دەڵێت “بیرم کردەوە لەھەموو دنیا مێکاب ئارتس بەشێوەی سێدی کارەکانی خۆی پێشکەشی خەڵک دەکات و فێریان دەکات چۆن خۆیان جوانە بکەن، تەنیا لەکوردستان ئەو شتە نەبوو، من لەسەر ئەرکی خۆم سێدیەکەم ئامادە کردووە، ئینشاڵڵا مانگی پێنج لەھەموو کوردستان بڵاودەبێتەوە، کە لە سێ ڤیدیۆی دەنگ و رەنگ پێکھاتووە و سێ ستایلە، ئەم بەرھەمە بەبێ بەرامبەر ھەر کەسێک ئارەزووی لێیە دەتوانی وەریبگرێ، مەبەستی من لەوە تەنیا خزمەتێکە بۆ ھەموو ئافرەتانی کوردستان”.