کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە … چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە
ئەم گۆرانیە یەکێکە لە ھەرە کۆنترین و ناوازەترین گۆرانی فۆلکلۆری کوردی کە کەم کەس ھەیە تا ئێستا نەیبیستبێ وە بە دەنگی چەندەھا گۆرانی بێژی کورد وتراوە و ھەر یەکێکیان بە جۆرێک ئەدیان کردووە وە ھەر یەکێکیان بە جۆرێک لەم ئاوازە خۆش دەڕوانن لە ماوەی پێشوو کچە کوردێکی شوخ و شەنگ و بوێر ھاتە ئاراوەو ڕووی کردە وڵاتی لوبنان و توای خۆی بگەیەنێتە بەرنامەی ئەرەب ئایدڵ لە کەناڵی ئێم بی سی ١ ھەر لە ڕێگای ئەو بەرنامەیەوە توانی ئەو گۆرانیە بچڕێ سەرنجی بینەرێکی زۆر بۆخۆی ڕابکێشێ ئەو بەرنامەیەش یەکێکە لە سەرکەوتووترین و پڕبینەرترین بەرنامەکان کە لە لایەن وڵاتانی عەرەبیەوە زۆر بایەخی پێدەدرێت لێرەدا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوبوو کە کچە کوردێک ھەر لە سەرەتای بەرنامەکەوە تا ئەم ساتەی کە تێیداین ڕۆژ بە ڕۆژ و بەرنامە لە دوای بەرنامە سەرنجی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و ئامادەبووانی بەرنامەکە بۆخۆی ڕادەکێشێت لە کوردستانیش ھەڵمەتێکی بەھێزی بۆ کراوەو و لە ڕۆژنامە و گۆڤار و توڕەکۆمەڵایەتیەکان و تۆڕەکانی پەیوەندی پاڵپشتیەکی باش دەکرێت بگرە لە شوێنی تابلۆی ڕیکلامی کۆمپانیاکان وێنەی ئەم کچە کوردە بەدی دەکرێت ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیخەمە ڕوو ئەوەیە توانی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی بواری ھونەریەوە بە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەتی بە لوبنان بناسێنێ وە لەگەڵ ئەوەشدا ھونەرمەند (راغب علامە) وتەیەکی جوان و پڕ مانای ئاراستە کردوو وتی نەخشەی ھونەری کوردیت بە نەخشەی ھونەری عەرەبیەوە لکاند ئەمە شانازیەکی گەوەرەیە بۆ ئێمەی کورد کە ھەتا ئێستا کەسێک ھەوڵی نەداوە بتوانێت لە سنوری کوردستان بچێتە دەرێ و کارێک بکا کە میللەتانی بێگانە درکمان پێ بکەن و پاڵپشتیمان بکەن وەکو خودی کورد بمان ناسن ناڵێم کەسانێک ھەن کاری جوان دەکەن و ناتوانن بگەنە ئاستێکی باش بەڵام ئەمەش ھۆکاری خۆی ھەیە لە دێر زەمانەوە لە ڕووی سیاسی و سنور و کلتور و زمانەوە کێشەمان ھەبووە وە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە بۆیە ھەتا ئێستا ھەر دەلێن باکووری عێراق و لە چەندین شوێنی دونیا ھەر نازانن ھەرێمی کوردستان کوێیە بەڵام خۆشبەختانە ئەم کچە کوردە نەخشەی سیاسی و ھونەری و کلتوری و زمانی لەگەڵ خۆی بردە وڵاتێک و لە وێوە زەنگی بۆ ھەموو وڵاتانی عەرەبی لێدا و سەلماندی و وتی کە ئێمەی کوردیش وەکو ھەموو میللەتانی دونیا خاوەنی نەخشە و ھونەر و کلتوری خۆمانین بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە کە ئێمەش بە دونیا بناسرێین و چیتر پێمان نەڵێن باکووری عێراق بەڵام ڕۆژگارەکە وای کردووە کە بێ بەش بین لە وڵات لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە کە خۆمان جیاکەینەوە لە خاکی عێراق مەبەستی من ئەوەیە کە ھەر ڕۆژێک دێت دەبینە خاوەن وڵات چونکە ئێمە ھەین و لە تواناماندا ھەیە لە ھەموو کاتێکدا و لە ھەموو شوێنێکدا ئێمە لەگەڵ عەرەب بە گشتی و بە تایبەتی لەگەڵ خەڵکی عێراق دۆستێن و دۆست بووین بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئێمەی کورد ھەر لە شوێنی خۆمان وەکو ئاوێکی مەنگ بوەستین و نەبینە نەخشەیەکی نوێ لە جیھان بۆیە دەڵیم پەرواز بووە شۆڕشێکی نوێخوازی ھونەری نوێ بۆ نەوەی ئێستا و داھاتوو چونکە کارێکی کرد ھەرگیز لەبیرناکرێ کە چەند دڵخۆشی کردین لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو لایەنە عێڕاقیانەی کە سوکایەتی بە خودی پەرواز دەکەن چونکە ئاڵایەکی کوردستانی لە مل کردووە و وەکو کوردێک خۆی ناساندووە باشە بۆچی چەندین کوڕ و کچی عێراقی بەشداربن پیایدا ھەڵدەدەن و دەیگەیەننە ئەوپەڕی ئاسمان بەڵام کچە کوردێک بە زمانی شیرینی کوردی گۆرانی بڵێ قەدەغەیە ئەمە چونکە ئێمە خاوەن دەوڵەتی کوردی نین لە ئێستادا ئەگەرنا لێژنەیەکی دادوەرانە ھەیە و بە بۆچوونی من ھیچ کەم و کوڕیەکی نیە چونکە ھەموویان کەسانی لێھاتوون لە بواری ھونەریدا ئەگەرنا ئێستا لەو بەرنامەیدا بوونیان نەدەبوو لێرەوە دەمەوێ بە خاتوو پەرواز ڕابگەیەنم کەسێک کە ڕەخنەی ڕووخێنەری لێدەگیرێ و لە کەدار دەکرێ کە بوونی ھەبێ و داھاتووی دەست نیشان کرابێ بۆیە دەڵێم گرنگ نیە لێرە بە دواوە بەشداربی لەگەڵ ئەو بەرنامەیە یان نا یاخود بتوانی پلەیەکی بەرز بەدەست بێنی گرنگ ئەوەیە کەسانێک ھەن پاڵپشتیت دەکەن و ئامادەت دەکەن بۆ کاری جوانتر چۆنکە خۆت کەسێکی لێھاتووی دەتوانی کارێک بکەی کە بەدڵی ھەموو لایەک بێت و بتوانی سەرنجی دۆستانت ڕابکێشی بۆیە ھیچ پێویست بە پەشۆکاوی ناکا چونکە ئەو ڕێچکەیەی تۆ گرتووتە بۆ مەرامێکی تایبەتی نیە یگرە زیاتر بەرەو پێش چوون و خزمەت کردنی ھونەری کوردی و کوردستانە.
دیار نەقشبەندی / ھەولێر
٢٠.٠٤.٢٠١٣