هەر لە سەرەتاوە حەزم ئەکرد کە بە کورتی لەسەر پەرواز و بەشداری کردنەکەی لەم بەرنامە عەرەبی یەدا بنووسم،ئێستاش ڕۆژ بەڕۆژ باسی زیاتر ئەبێت وبتەوێت یان نەتەوێت دێتە پێش چاوت. من نە لە دوور و نە لە نزیکەوە پەرواز ئەناسم و هیچ کێشەیەکم لە گەڵی نی یە وەکو کەس بەلام ئێستا کە بۆتە دیاردەیەک و جێ ی باس و گفتوگۆ حەز ئەکەم منیش قسەی خۆم بکەم.
بە بۆچوونی من بەشداری کردنی کچێکی کورد لە بەرنامەیەکی عەرەبی وەکو “عەرەب ئایدل” کە ناوی خۆی بە خۆوەیەتی کارێکی هەڵەیە و ئەم بەرنامەیە کورد ناگرێتەوە، ئیتر نازانم چۆن و بۆ ئەم کچە کوردە چۆتە ئەو بەرنامەیەوە. لە هەمان کاتدا چوون و بەشداری کردنی وەکو عێراقی یەک هەڵەیەکی ترەو وەکوو کوردێکی نەتەوەیی ئەبوایە قبووڵی نەکردایە و بەشداری نەکردایە. ئەگەر وازلەم مشتو مڕە بێننین و قسە لە سەر گۆرانی یەکان بکەین، ئەوە ئەتوانین بڵێین کە پەرواز ئەو ئاستەی نی یە کە بەو شێوەیە باس ئەکرێت و پشتگیری ئەکرێت! ئەو گۆرانی یانەی کە ئەو دەیانڵێتەوە سەرە ڕای ئەوەی کە زۆر ناسراون و خۆشن لای خەڵک، ئەو زۆر بە کاڵ و کرچی پێشکەشیان ئەکات. ڕەنگەخەڵک بەوە تێکەوتبێ کە چۆن دادوەرەکان بە شان و باڵی پەروازدا هەڵ ئەدەن و دەست خۆشی لێ ئەکەن، نازانن ئەوە کاری ئەوانە و بەرنامەکە بریتی یە لە هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان و پارە کێشانەوە، ئەگینا ئەوان هەر یەکەیان ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە گۆرانی وتندا و باش کەمو کوڕی یە هونەری یەکانی پەرواز دەزانن. ئەوان هیچیان لە کوردی تێ ناگەن بەڵام زۆر دوو ڕوویانە و لە بەر خاتری پارە پەیدا کردن هەڵدەستن بە پیاهەڵدانی پەروازدا!!
ئێمەی کورد نەتەوەیەکی زۆر عاتیفین و دڵمان زاڵە بە سەر مێشکماندا، کە دەبینین کچێکی کورد بەشداری بەرنامەیەکی عەرەبی کردووە بێ ئەوەی بزانین کە ئەم کارە چۆن و بۆ و لە پێناوی چیدا کراوە، دێین یەکسەر عاتیفیانە و مێگەل ئاسا دەکەوینە دوای قەرەباڵغی و دەروێش ئاسا ئەبینە موریدی بەرنامەکە. گریمان پەرواز یەکەم دەر چوو، ئایا هیچ سوودێکی ئەبێت بۆ خەڵک؟ ئایا ئیتر لەوەو دوا عەرەبەکان نکۆڵیمان لێ ناکەن؟
بە هەڵەدا چوون ئەوانەی وا تێ ئەگەن کە پەرواز هونەری کوردی بە جیهانی عەرەب ناساندوە، هونەری کوردی هێندە دەوڵەمەند و دێرینە ، عەرەبەکان زۆر دەمێکە ئەو ڕاستی یە ئەزانن بەڵام هەستی شۆڤێنییان ڕێگەیان پێ نادات دان بەو ڕاستی یەدا بنێن، نەتان دی یەکێک لە دادوەرەکان چۆن هەڵشاخا بە پەروازا و هەستی سەرجەم نەتەوەی عەرەبی پێ ڕاگەیاند کە” پەرواز خەڵکی عێراقە و کوردستان بە شێکە لە عێراق و هەرگیز جیا نابێتەوە”.ئەو دادوەرانە ئەگەر ڕاست ئەکەن و کوردیان وەکوو نەتەوەیەک قبووڵە ئەتوانن لە ڕێگای تەکنەلۆجیای سەردەمەوە کە جیهانی کردۆتە گوندێکی بچووک ئەو هەڵوێستەیان بۆ خەڵکی کورد دەرببڕن نەک لە بەر هاندانی خەڵک بۆ دەنگ دان و پارە پەیدا کردن بێن دوو وشەی کوردی بنووسنەوەو بیخوێننەوە لە بەرنامەکدا کە گوایە کوردی فێر بوون. هەیفا وەهبی ئەگەر لە بەر خاتری پارە و داهاتی کۆنسێرتەکەی هەولێری نەبێت بۆ تا ئێستا دوو وشەی کوردی نەدەزانی، خۆ لە ئەشکەوتدا نەژیاوە تا ئێستا!کازم ساهیر، گەورە هونەرمەندی عەرەب لە هەشتاکاندا هاتە سلێمانی و بگرە گۆرانیشی بە کوردی ووت کە چی ئەو ئێستاش کوردستان بە “شمال عراق” ناو دەبات! بەڕاستی سەیرە و جێگای پرسیارە کە خەڵکی کورد ئەبێت چی هیوایەکی بە هەیفا وەهبی و هاوڕێکانی هەبێت و ئەم بەرنامەیە چۆن و بە چی بەرنامەیەکی داڕێژراو بۆتە ڕۆژەڤ و ڕەنگە زۆر کەس وا بزانێت کە ئەگەر پەرواز یەکەم بوو ئەوا ئیتر کوردستان سەربەخۆ ئەبێت و نەتەوەی کورد ئەگات بە سەرجەم مافەکانی!
لە کۆتایی دا ئەڵێم کە ئەم بەرنامەیە و بەشداری ئەم کچە کوردە لەم بەرنامە عەرەبی یەدا، پرۆژەی هەر کەسێک یان هەر لایەنێک بێت، هیچ خزمەتێک نە بە هونەری کوردی ئەکات نە بە دۆزی کورد.
ڕەنگاڵە پشدەری