“كارؤخ مةلا ئةسعةد ـ دەروون گێژەن بەڕێوەبەری “ئین ئاڕتی2” لە سلێمانییەوە هەموو ئەو ڕەخنە و بۆچوونانەی هەولێر ڕەت دەكاتەوە و میووزیكژەن و ئاوازدانەر هەڵبەست سەڵاحیش لە هەولێرەوە پێداگیری دەكات لەوەی ڕاوبۆچوون و ڕەخنەكانی هونەرمەندانی هەولێر لە جێی خۆیەتی.
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا، ڕۆژنامەنووس كارزان گلی، ستوونێكی لە ڕۆژنامەی “هەولێر” بڵاو كردەوە، كە ڕەخنەی لە بەرنامەی “خۆشترین دەنگ”ـی كەناڵی ئێن ئار تی 2 گرتبوو، بەوەی لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەكەدا هەولێر لە بیر كراوە، دوای ئەم نووسینە هونەرمەندانی هەولێر، ڕەخنەكانیان لە ڕۆژنامەكان و سایتەئەلكترۆنییەكاندا، ڕووبەرووی كەناڵی ناوبراو كردەوە و پێیان وایە، لە بەرنامەكەدا هیچ گرنگییەك بە هەولێر نەدراوە.
خۆشترین دەنگ بەرنامەیەكی هونەری تەرفیهییە و بەرهەمی كەناڵی ئاسمانیی “ئێن ئاڕتی 2” و خۆشترین دەنگە شارەوەكان ئاشكرا دەكات.
هاوكات باشترین دەنگیش لە لایەن هەریەك لە هونەرمەندان دیاری قەرداخی، نەجمەددین غوڵامی، كیژان ئیبراهیم خەیات، كاروان كامل دەستنیشان دەكرێت.
وەلێ زۆرێك لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی شاری هەولێریش، ڕەخنە لە بەرپرسانی “ئێن ئاڕتی2” دەگرن كە لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو بەرنامەیە خۆپەرستانە پۆستی دادوەریان پێ دراوە كە نە دەبووایە وەها بێت.
خۆپەرستییەكەیش لەوەدا ڕەنگی داوەتەوە كە هیچ هونەرمەندێكی هەولێر لەو بەرنامەیەدا وەكوو لیژنە بوونی نییە و زۆربەی سلێمانین.
دەروون گێژەن بەڕێوەبەری “ئین ئاڕتی2” لە سلێمانییەوە هەموو ئەو ڕەخنە و بۆچوونانەی هەولێر ڕەت دەكاتەوە و میووزیكژەن و ئاوازدانەر هەڵبەست سەڵاحیش لە هەولێرەوە پێداگیری دەكات لەوەی ڕاوبۆچوون و ڕەخنەكانی هونەرمەندانی هەولێر لە جێی خۆیەتی.
لە سەرەتادا دەروون گێژەن بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی “خۆشترین دەنگ بەرنامەیەكە هەموو دەنگخۆشێكی كورد لە هەر شووێنصك بەشداری كردبێت، بە سوپاسەوە قەبووڵ كراوە و جیاوازیمان نەكردووە، وەلێ لیژنەی هەڵسانگاندنیش لەسەر بنەمای بەتوانایی و لێهاتوویی و ئەزموونێكی باش لەسەر دەنگ دەستنیشان كراون.
هەروەها ئێمە بە ڕووحییەتێكی هونەریانە هەوڵمان داوە ئەو بەرنامەیە بهێنینە بوونەوە، نەك لەسەر بنەمای ناوچەگەرییەتی و خۆپەرستی.
بە پێچەوانەوە ئێمە لە سەرەتادا بیرمان كردەوە كە لەنێو لیژنەكەدا هونەرمەندێكی هەولێریش دەبێت بوونی هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە بە شیاوی ئەو بەرنامەیەمان دەزانی لەو كاتەنەدا دەست نەدەكەوتن و دابڕابوون لە هونەر.
نموونەی یەكێك لەوانەیش، پێشنیازی هەردی سەڵاحمان كرد، بەڵام ئاگاداریمان هەبوو كە ئەویش بە یەكجاری لە بواری گۆرانیگوتن پچڕاوە، بۆیە بێدەگیمان لەویش كرد.”
هەڵبەست سەڵاح بەپێچەوانەی دەروون قسە دەكات و دەڵێت، بێگومان دەبێت هۆكارێك لە ئارادا هەبێت كەوا بانگەشەی گۆرانیبێژێك، مووزیكییەك و فێركەرێكی دەنگ لە هەولێر بۆ لیژنەی هەڵسنگاندن نەكراوە.
لە كاتێكدا هەولێر چەندین هونەرمەندی بەتوانا و بەرچاوی تێدایە. بۆیە هیچ پاساوێكیان شایانی قەبووڵكردن نییە.
كاك كارزان گلی لە ژمارەی پێشووی ئەو ڕۆژنامەیەدا جوان ڕوونی كرد بووە كاتێك دەڵێت، هەولێر خاوەنی چەندەها هونەرمەندی بەتوانا و بەرچاوە، بۆیە ئەگەر بۆ مجامەلەیش بووبایە، دەبووایە هەولێر خوێندرابایەوە و هونەرمەندێكی شاری هەولێر لەنێو لیژنەی هەڵسەنگاندن بوونی هەبایە.”
لە هەڵبەستمان پرسی، بە گوتەی بەڕێوەبەری “ئێن ئاڕتی2” لەو كاتەنەدا ئەو هونەرمەندانەی ئەوان بە شیاوی بەرنامەكەیان زانیووە، دەستیان نەكەوتووە، هەتا مەبەستیان بووە هەردی سەڵاحی برات بانگ بكەن، بەڵام كاتێك زانیویانە لە هونەر دوور كەوتووتەوە، بێدەگیان لەویش كردووە؟ لە وەڵامدا گوتی “هەردی برام بێ ئاگایە لەوەی كە ئەوان هەوڵیان داوە بیكەن بە لیژنەی هەڵسەنگاندن، بەڵام ئەگەر هەر مەبەستیان بووایە دەیانتوانی پەیوەندی پێوە بكەن و وەڵامێكی لص وەرگرن.
وەلێ ئەوان بە هەڵەدا چوون كە بڵێن، ستاندی ئەو جۆرە بەرنامانە تەنیا ماف دەدات بە گۆرانیبێژ ببێتە لیژنە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری عەرەب ئایدڵ بكەیت، هەسنە شەفیعی یەكێكە لە مووزیكژەنە بەرچاو و دیارەكانی لیژنەی هەڵسەنگاندن و هاوشانی هەر یەك لە هونەرمەندان ڕاغب عەلامە و نانسی عەجرەمە كە لەنێو لیژنەكەدایە و بەسەركەوتووانەیش ئەركەكان جێبەجێ دەكات.
لێرەوەیش هیوای سەركەوتن بۆ لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو بەرنامە دەخوازم و هەموویان هاوڕێ و خۆشەویستیی منن و چاوی بەشدار بووانیش ماچ دەكەم. وێڕای دەستخۆشیشم بۆ تەواوی ستافی ئەو پڕۆگرام و بیرۆكە و هێنانەبوونی پڕۆگرامی لەو شێوەیە كارێكی جوان بوو.”