سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بە کورتە نامە پشتگیری خۆی بۆ پەرواز حوسێن دەردەبڕێت و دەڵێت :”پێم خۆشە منیش چەند کورتە نامەیەک وەک پشتگیری بۆ ئەو کچە گۆرانیبێژە بنێرم”.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (باس) لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بارزانی ناڕەزایی خۆی لە هەمبەر ئەو هێڕشانەی کە لەلایەن چەند مەلایەکی ئاینیەوە کراوەتە سەر (پەرواز حوسێن) ی کچە کوردی بەشداربووی عەرەب ئایدڵ دەردەبڕێت و بە بەکارهێنانی بڵندگۆی مزگەوتەکان بۆ هێڕشکردنە سەر هونەر بە کارێکی ناڕەوا وەسف دەکات.
بارزانی وتوویەتی ” منیش پێم خۆشە چەند نامەیەک وەک پشتگیری بۆ ئەم کچە گۆرانیبێژە بنێرم” هەروەک لە هەواڵێکی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی باس دا هاتووە.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ سێ شەممە سامی ئەرگۆشی سکرتێری ڕۆژنامەوانیی نێچیرڤان بارزانی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی دەڵێت ” نێچیرڤان بارزانی پشتگیری خۆی بۆ پەرواز حوسێن دەردەبڕێت و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت”.