هونەرمەند ئالان عومەر ئێستا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی سێ بەرهەمی نوێیە كە بەرهەمێكیان تەواوبووە ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە.
ئەو بەرهەمە كەلە تێكستو ئاوازی هونەرمەند نەریمان بابانە، لەوبارەیەوە ئالان، دەڵێت: “لەو بەرهەمە هەوڵدراوە كار لەسەر شێوازێكی جیاواز لەگۆرانی وتن بكرێت، لەشێوەكانی رابردووم”.
ئالان عومەر راگەیاند: ئێستا لە ئامادەكاریم بۆ تۆماركردنی دوو بەرهەمی تر، كە بەرهەمی یەكەمیان بەناوی (ههڵهی خۆم بوو) كاری میوزیكی بۆ كراوە لەلایەن گروپێكی بەتوانای ئێرانیەوە.
راشیگەیاند: زۆرینەی تێكستی كوردی بەردەوام باسی ئەوە دەكات، كە ئەگەر لە عەشقدا دابڕان رووبدات، ئەوە خەتای بەرامبەرە، بەڵام لێرەدا لەگەڵ ئەو كەسەی تێكستەكەی نوسیوە، قسەم كردووە، كە دەكرێت لە زاویەیەكی ترەوە بۆ كێشەكانی عەشق بڕوانرێت، بەخۆشحاڵییەوە لەوەشدا هێڵكارییەكی جوانكراوە.
سەبارەت بەبەرهەمە نیشتمانییەكەشی، ئاڵان، وتی: لەم بەرهەمەش دیسان بەزمانی جیاوازو بەڕێگایەكی جیاواز تەعبیر لە عاشق بوون بۆ وڵات كراوە، ئەتوانم بڵێم ماوەی چەند ساڵێكە بیر لەوە ئەكەمەوە بەشداربین لەخەمەكانی خەڵكی كەركوك، بەشداری ئازارو خۆراگیری خەڵكی ئەو شارە بین، بەڵام چۆن؟ بەسرود؟ سرود وترابوو، بە گۆرانی؟ گۆرانیش وترابوو، فیلم كرابوو تابلۆ كێشرابوو، شانۆ پێشكەشكرابوو، كاری منیش كاری هونەرییە، هەردەبوو بەیەكێك لەو رێگایانەدا بڕۆم بۆ خزمەتی ئەو شارە، كەوایە بیرم لەوە دەكردەوە، دەبێت چی بكرێت، لەنێوان هەموو ئەو كارانەی كە كراوە چی فەراغێك هەیە، تا من پڕی بكەمەوە، واتە ئەگەر كارێك بكەم جێ بگرێت، نەك هەر وەك مۆدێلێك لەگۆرانی وتن بێت بۆ كەركوك، بەڵكو پەیامێكی جیاواز بێت، دەربڕینێكی جیاواز بێت، من ئەمبینی كەركوك وەكو شارو خاك هەر هەیەو كەس ناتوانێت ئینكاری لە كوردستانی بونی كەركوك بكات، كەسیش ناتوانێت وەكو خاك لەناوی ببات، بەڵام ئەوە خەڵكەكەیەتی پۆل پۆل ئەبنە قوربانی، بۆیە زۆر زیاتر لە شارەكە خۆی خۆشەویستی خەڵكی ئەو شارە بۆ شارەكەیان لای من جێی سەرنج بوو، گەشتمە ئەوەی كە دەبێت من گۆرانی بۆ خەڵكی كەركوك بڵێم، ئەوە هەمان رێگای هونەری منەو وەك پێویستیش كاری لەسەر نەكراوە، واتە فەراغێك هەبوو بۆ كاركردن لەو رێگایەوە.
وتیشی: بیرم لەوە ئەكردەوە ئەگەر گۆرانیەك بۆ كۆی خەڵكی شارەكە بڵێم رەنگە فۆرمێكی نەتەوەیی سروود ئامیز لەخۆی بگرێت، وەك دەزانین بەهۆی ئەوەش بەدرێژایی مێژومان سرود بۆ خەمەكانو ژیانو ئازادیمان دەڵێین، خەریكە لەناو جیلی نوێ دۆخ یان كاتی سرود وتن بەسەر بچێت، بۆیە لێرەش ناچار بووم بیر لە چارەیەكی تر بكەمەوە، كە هەمان شت گۆرانی بێت بۆ جوانیەكانی عەشقی كەركوكیەكان بۆ كەركوك، بەڵام بەشێوەی سورد نەبێت، هاوكێشەیەكی سادەیە كۆی كۆمەڵێك لە كەسێكەوە دەستپێدەكات، دانیشتوانی شارێك لە كەسێكەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە هاوڵاتیانی وڵاتێك، رەنگە مرۆڤایەتی بەگشتیش لە لەدوو كەسەوە دەستێپێكردبێت، كەوایە دەكرێت بۆ كاركردن لەسەر عەشقی خەڵكی كەركوك زووم لەسەر عەشقی تاكێك بۆ شارەكە بكرێت، لەوێدا بەرهەمەكە دەبێتە بەرهەمی هەر كەركوكیەك كە عەشقی شارەكەی خۆیەتی، بۆ ئەو مەبەستەش قسەم لەگەڵ هاوڕێیەكم كرد، كە شاعیر نییە، بەڵام دەنوسێت، ئەویش هەمان تێگەشتنی هەبوو، یان نزیكیەك لەراكانمان هەبوو، باسی تێكستێكی كۆنی ئەومان كرد، كە لەگەڵ بیرۆكەكە زۆر گونجاو بوو.
روونیشیكردەوە: بەحكومی ئەوەی ئەو لە رەگەزی پیاوە، كە لە تێكستێك كاری لەسەر عەشقی تاكێك بۆ كەركوك كردبوو، بۆ كچێكی نوسی بوو، بەسوپاسەوە بەرەزامەندی ئەو من هەندێك گۆڕانكاریم لە تێكستەكە كرد، تا ببێتە پەیامێكی ژنانەی من بۆ خەڵكی كەركوك، لەڕێیەوە بە خەڵكی ئەو شارە خۆشەویستە بڵێم، بەقەد دنیا سەرسامم بە عەشقی ئێوە بۆ شارەكەتان، بەو پەیوەندییە رۆحییەی لەنێوان ئێوەو كەركوكدا هەیە.
ئەوەی باسم كرد دەبێتە ناوەڕۆكی ئەو بەرهەمە، ئێستا ئاوازەكەی ئامادەیەو پرۆڤەی لەسەر دەكەم كە هەمان شت لە ئاوازی هونەرمەند هەڵكەوت زاهیرە، بەم نزیكانە بەهاوكاری كۆمپانیای yourton.se ئەم بەرهەمە تۆماری دەكەم، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە دیدەن توانایە.
لەگەڵ سوپاسی زۆرم بۆ هونەرمەندی بەرێز كاك دیدەن توانا، لە ستۆدیۆی yourton لە وڵاتی سوید كە لەسەر ئەركی خۆیان بەڵێنی هاوكاریو كارئاسانی تەواوی داوە بۆ هەرچی زووە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە.
زانا گەڵاڵی – سوید