راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
رۆژ دوای رۆژ ژمارەی ھەوادارانی پەرواز حوسێن تاکە بەشداربووەکەی کورد لەبەرنامەی عەرەب ئایدل زیاتر دەبێت، تەنانەت ھەفتەی رابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ پەرواز دەربڕی و رایگەیاند “منیش پێم خۆشە چەند نامەیەکی بۆ بنێرم و دەنگی پێ بدەم”. ھەروەھا لەم راپۆرتەی (سڤیل)ـدا چەند ھونەرمەندێکی کورد بۆ یەکەمجار باسی پەرواز حوسێن دەکەن.
ھەفتانە رۆژ کەریم ١٠ ھەزار دینار دەنێرێت بۆ پەرواز
ھونەرمەند رۆژ کەریم دەڵێ یەکێک لەو شتە جوانانەی کە ھەولێر کردوویەتی ناردنی پەرواز بووە بۆ بەرنامەی عەرەب ئایدل و گوتیشی “دەبێ وا بیرکەینەوە یەکەم شت کچی خۆمانە پێشبڕکێ دەکات لەوڵاتانی تر، واتا کوردستان لەگەڵ وڵاتانی تر پێشبڕکێ دەکات، یەکێک لەشتە جوانەکانی کە شاری ھەولێر کردوویەتی ئەو گوڵەی ناردووە بۆ عەرەب ئایدل”. رۆژ کەریم ئاماژە بەوە دەکات، ھیچ نەبێ ھەفتانە پەرواز چەند سەعاتێک خەمەکانمان دەرەوێنێتەوە و گۆرانی جوان دەڵێت، ھەروەھا چەند سەعاتێکیش قەلەقمان دەکات “بەبڕوای من دەبێ پشتگیری بکەین و لەگەڵیدا بین”.
ھەروەھا رۆژ کەریم دەشڵێت “راستیەکەی خۆم دەنگم بۆ نەداوە، بەڵام خێزانەکەم ھەموو ھەفتەیەک دە ھەزار دیناری بۆ دەنێرێت، بێگومان ئەوەش لەسەر داواکاری منە، جگە لەوەش لەبنەماڵەکەی ئێمە ھەر کەسێک ھەفتانە دە ھەزار دیناری ھەیە بۆ ئەو”.
“موجامەلە دەکرێ”
ھونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی بۆچۆنێکی جیاوازتری لەرۆژ کەریم لەبارەی پەروازەوە گوت “کچانی تری بەرنامەکەی دەنگیان لەپەرواز زۆر بەتواناترە، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردە بە عاتیفە سەیر دەکرێ، ھەورەھا موجامەلەی زۆریشی دەکرێ”. ئەنوەر قەرەداغی راشیگەیاند، جارێ کاتی ئەوە نەھاتووە بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی پەروازەوە بڵێت، بەبیانووی ئەوەی ئێستا پەرواز لەو قۆناغێکی ھەستار دایە و پێویستی بەدەنگ ھەیە، دەڵێ رەنگە لەدوای تەواوبوونی بەرنامەکە ئەگەر پێویست بکات قسەی خۆم بکەم. قسەکانی ئەنوەر قەرەداغی لای (سڤیل) پارێزراوە، لەسەر داواکاری خۆی بڵاوی ناکەینەوە.
“موجامەلە نییە، ئیبداعی کردووە”
بەڵام ھونەرمەند جەلال سەعید بەپێچەوانەی ئەنوەر قەرەداغی پێی وایە پەرواز ئیبداعی کردووە
و ھەوڵێکی جوانی داوە و دەڵێ “ئەوە دڵخۆشکەرە کچە کوردێکی ھەولێر بەشدار بێت لەبەرنامەیەکی پێشبڕکێی وڵاتانی بیانی، ھەروەھا ئیبداعی لەگۆرانییەکاندا کردووە و ناڵێم ئیبداعی نەکردووە، بەڵام کتومەت ناتوانێ وەکو خۆی گۆرانییەکان بڵێتەوە، من ھیوای سەرکەوتنی خۆی بۆ دەخوازم و ئینشاڵڵا پلەی یەکەم بەدەستدێنێ”.
وتەکەی جۆن کێنێدی بۆ پەرواز
ھونەرمەند ھۆمەر دزەیی وتەیەکی جۆن کێنێدی بۆ پەرواز بەنموونە دێنێتەوە کە دەڵێ “تۆ مەپرسە وڵاتەکەت چی بۆ تۆ کردووە، بپرسە تۆ چیت بۆ وڵاتەکەت کردووە”. ھۆمەر دزەیی دەڵێت “خزمەتکردنی گەل و وڵاتت بەرێگای ھونەر و کەلتوورەوە ناسنامەی راستەقینەی رەسەنایەتییە، بۆیە دەمخۆش پەرواز گیان تۆ گەورەیت”.
پرشنگ رەتی دەکاتەوە پەرواز کوردی عێراق بێت
ھونەرمەند پرشنگ توانا لە سویدەوە ھەموو رۆژانی ھەینی و شەممە تەلەفزیۆنەکەی لەسەر mbc دادەنێت بۆئەوەی بزانێ پەرواز چی پێشکەش دەکات و بەچاوی خۆیشی ببینێ کە سەردەکەوی بۆ قۆناغی داھاتوو، پرشنگ دەڵێ “پێش ھەموو شتێک ھیوای سەرکەوتن بۆ پەرواز دەخوازم، ئەگەر ئەو بیبیاتەوە دەبێتە دەنگدانەوەیەکی گەورە لەناو وڵاتانی عەرەبی دا”.
پرشنگ، پەرواز بە کچێکی “لەسەرخۆ و روح سووک” وەسف دەکات، دەشڵێت “پەرواز کارێکی وای کردووە ئێمە پێی دڵخۆش بین. بەڵام خۆشحاڵ نیم ئەگەر بە کوردێکی عێراق بانگی پەرواز بکرێت، ئەو وەکو کوردێکی کوردستان بەشدارە و خۆشحاڵ دەبم ئەگەر بگوترێ کوردی کوردستانە”. زیاتر لەبەرکردنی جلی کوردی، ھەروەھا گوتنی گۆرانی کوردی بەبێ پچڕان، دوو داواکاری پرشنگە بۆ پەرواز حوسێن.
دەوەن نەوزاد چەند نامەی بۆ پەرواز ناردووە؟
“پەرواز جێگەی شانازییە، ھەر کوردێک لەھەر جێگایەکی ئەم دنیایە کورد بە دنیا بناسێنێ جێگەی شانازییە، پەروازیش ھەوڵێکی زۆر داوە، چونکە عەرەب ئایدل بەرنامەیەکی جیھانییە و چەندەھا دەوڵەتی عەرەبی سەیری دەکەن و بەشداریان تێدا کردووە”. خانمە سینەماکار دەوەن نەوزاد وای گوت، ئەو دەستخۆشی لەگۆران ساڵح دەکات، وەکو ھاوسەرێکی ھاندەر و خەمخۆری پەروازی دەبینێ.
دەوەن دەپرسێ دەزانن چەندجار نامەی دەنگم بۆ پەرواز ناردووە؟ دەوەن ھەر خۆی ئاشکرای دەکات و دەڵێ “زیاتر لە دە جار زیاتر دەنگم بۆی داوە”. ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا ئەوەندەی لەناو ھونەرمەندان و خەڵکی دایە، کەسانێکی زۆر چاوەڕوانییەکی دڵخۆشکەریان بۆ پەرواز ھەیە.
“یانەسیبەکە بۆ پەرواز دەرچوو!”
ئەکتەری کۆمیدی ئەیام ئەکرەم ناسراو بە شەمۆ، ھەرچەند دەستخۆشی لە پەرواز دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی کۆمیدی گوتی “پەروازیش بووە یانەسیب” شەمۆ گوتی کاکە تۆ رۆژنامەنووسی من چی دەڵێم ئەوە بنووسە، شەمۆش گوتی “پەرواز سەری کوردی بەرزکردەوە، بەس بەتەنیا ئەو سەری کوردی بۆ بەرزنەکرۆتەوە، چەندین ئافرەتە ھونەرمەندی دیکە ھەن قوربانی زۆریان بۆ کوردستان داوە، بەڵام ئەوەش یانەسیبە! چۆن زەکەریا عەبدوڵڵا و بەھجەت یەحیا و عەدنان کەریم و زیاد ئەسعەد شانسیان ھەبوو، ئاوا پەروازیش شانسی ھەبوو، پیرۆزبێ و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم”.
عەزیز وەیسی دەڵێ پەرواز ئازایە
ھونەرمەند عەزیز وەیسی لەئێرانەوە لەبارەی پەروازەوە بۆ (سڤیل) قسەی دەکرد و ھەر زوو بەکچێکی “ئازا” وەسفی کرد و ئینجا گوتی “ئێمە ھەر چوارچێوەی خۆمان ھەر لەناو کوردستان بخولێینەوە و ئاھەنگ بکەین ئەوە ھیچ ریکلامێک نییە بۆ ھونەری کوردی، بەس یەکێکی وەکو پەرواز دەڕوات لەبەرنامەیەکی گەورەی وەک عەرەب ئایدل کە ھەموو وڵاتانی عەرەبی سەیری دەکەن و وەکو کوردێک دەردەکەوێت شەرەفێکی گەورەیە بۆ کوردستان”.
عەزیز وەیسی دەڵێ ھیچ تێبینی و پێشنیارێکم نییە بۆی “گۆرانییەکانی زۆر بەزیرەکی ھەڵبژاردووە ئەم گۆرانیانەی کە ھەڵیبژاردوون نزیکبوون لەگۆرانی عەرەبی، بۆئەوەی کاریگەری ھەبێ لەسەر عەرەبەکانیش، بۆنموونە گۆرانییەکەی مامۆستا مەزھەر “کە ئەڵێن ئەمشەو دەشت و کێو شینە” لەئەسڵدا گۆرانییەکی عەرەبییە”.
شاجوانی کوردستان چی بە پەرواز گوت؟
ھەروەھا شاجوانی کوردستان شێنێ عەزیز داوا دەکات ھەموو کوردێک دەنگ بدات بە پەرواز و پشتگیری خۆیشی بۆ دەربڕی و دەڵێ “ئەوەی پەرواز دەکات کەم نییە، بۆیە داوا لەھەموو کوردێک دەکەم دەنگی پێ بدات و ئێستا ئەو پێویستی بەدەنگی ئێمەیە”.