هەردی شەیدا: کاتێك، ژیان خاڵی دەبێتەوە، لەموزیك، نەئەو ڕەونەقەی کەبەسەر ڕەنگەکەیەوە دەمێنێتەوە و نەئەو تام و چێژەش بەخۆشییەکانیەوە دیارە. هەروا، نەتەوەی کوردیش، لەناو منداڵدانی فەرهەنگەکەیدا، موزیکی وەك بەشێك لەشاڕەگە سەرەکییەکەی، لەجەستەی خۆیدا، پێك هێناوە و بەدرێژایی مێژوو پەرەی پێداوە.
گروپی ئاوازی وون، کەکۆمەڵێك، موزیک ژەنی، بەتوانا و خاوەن ئەزمون، بەیەکەوە، لەتاراوگە و لەدووری بادەکانی نیشتمان، دروستیان کردووە، بەردەوام، لەکۆڕ و کۆبوونەوە و زەماوەند و بۆنە نەتەوەییەکاندا، بەخۆیان و ئالەتەکانیانەوە، بەپشووی درێژ و دەست و پەنجەکانیان، بەڕەوانێکی قوڵەوە، دەمانهێننە جۆش و خرۆش. وا ئەم جارەش، ئەم تیمە گەشە، لە ١٥/٦/٢٠١٣ دا، پاش بێدەنگییەك بۆ ماوەیەکی کورت، جارێکیتر، لەکۆنسێرتێکی دانسقە و نوێدا، جۆش و خرۆشیان، دایەوە بەهەوادارانی خۆیان.
ئەم گروپە، وێڕای ئەوەی، لەهەموو هاوکاری و یارمەتییەك، بێبەشن، کەچی، بێدەنگ نەبوون و بەم کارەیان، سەلماندیان، ئەوان، لەبەردەم بەربەستەکاندا دانامێنن و خزمەت بە هونەر و کولتوری خۆیان دەکەن.
هەرچەندە، جارێکی تریش، ووتارێکم لەبەرامبەر بەشداریکردنیان لە ڤیستیڤاڵی ( زەماوەند) بۆ کورتە فیلم، لەمانچستەر، لەژێر ناونیشانی( ئاوازی وون، بەناخێکی کوردانە و بەڕۆحێکی کورد پەروەرانە کار دەکات) نوسی و ڕەخنەی توندیشم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکومەتی هەرێم گرتبوو. بۆیە، ئەوان، نامەیەکیان بۆ ناردبووم، کەجێگای پێزانینە و لەنامەکەدا هاتووە” لەم ڕۆژانەدا، بابەتێکم خوێندەوە کە گلەیی زۆرت تێیدا نوسیبوو! ئێمە، دەمێکی زۆرە ئاشنای چالاکیەکانی ئەو گروپە بوینە، کارەکانیان جوانن. بەلام، هەتا ئێستا ئەوان نەهاتوون پێمان بڵێن، ئەم پرۆژەمان بۆ بکەن. ئێمە لە خۆمانەوە چۆن ئەتوانین پەیوەندیان پێوە بکەین؟ ئەگەر ئەوان هیچ پلانێکی ئەوتۆیان نەبێت بۆ کوردستان!”.
لەڕاستیدا، وەڵامەکەی ئەوان لەجێگای خۆیدایە، بەڵام گرفتێك هەیە کە ئەوان پێیان وایە، تەنها دەبێت لەکوردستان کۆنسێرت بکرێت. یان گروپە مۆسیقیەکان، دەبێت تەنها لەناو کوردستاندا چالاکی بکەن، ئینجا ئەمان خەرجییەکانیان دابین دەکەن یان هاوکارییان دەکەن. دەبوو، بەشانازییەوە، وەك ئەرکی فەرمیی خۆیان، پەرەیان بە گروپە هونەرییەکانی دەرەوەی کوردستان بدایە، بەتایبەت، گروپێکی وەکو ( ئاوازی وون) کەدەتوانێت، بەئاسانی و بەتێچوونێکی کەم، کەخۆیان دانیشتووی بەریتانیان، هونەر و موزیکی کوردی، وەك کولتووری نەتەوەیەك، بەخەڵکی ئێرە بناسێنن.