كارۆخ مەلا ئەسعەد: دوای بێدەنگییەكی زۆر و دەرنەكەوتنی لە هیچ ڕاگەیاندنێك، دەگەڕێتەوە كوردستان و چەند بەرهەمێكی نوێش بەنێوی “نەتزانی” لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزان لە ڕێگەی كەناڵە هونەرییەكانەوە پێشكەیش دەكات.
خانمە گۆرانیبێژ ژیلیا بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند، كە بەمەبەستی بەرهەم هێنانی چەند كارێكی هونەری گەڕاوەتەوە كوردستان و لە ئێستایشدا سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی ئەو كارانەیەتی.
لە بارەی ناوەڕۆكی كارە تازەكانییەوە گوتی:” دوای دابڕانێكی زۆر، بڕیارمدا ئەم بێدەنگییە بشكێنم و بۆ جارێكی دیكە بگەڕێمەوە لای هەوادارانم و خزمەت بە ڕەوتە هونەرییەكە بكەم.
لە ئێستایشدا دوو گۆرانیم تۆمار كردووە و كلیپیشم بۆ كردوون، هەروەها لە هەگبەمدا هەیە كارێك لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزان بڵاو بكەمەوە كە هاوكات لەگەڵ سازگروپ بەرهەممان هێناوە و لە لایەن “سەنار محەممەد”یشەوە ئاواز و تێكست و دابەشكردنی میوزیكەكەم بۆ كراوە.”
ژیلیا گوتیشی: “لە سێ ڕۆژی ڕابردوویشدا ئەم كارە بەكلیپ گەیاندراوە كە “پێشەوا نەبەرد” دەرهێنان و وێنەگرتنەكەی كردووە و كۆمپانیایی بابلێۆنیش سپۆنسەری كردووە.”