چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
سرود عومەر، ئەستێرەی پرۆگرامی (ئێکس کورد لایک) لەکەناڵی کۆڕەک ھێشتا سەرقاڵی وەڵامدانەوەی پیرۆزباییەکانی خەڵکە، کە بەقسەی خۆی دوو شەو نەخەوتووە تاوەکو وەڵامی پێنج ھەزار نامەی پیرۆزبایی داوەتەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەڵام ھەندێ لەنامەکانیش رەخنە بوون، تەنانەت سروود دەڵێ “لەناو رەخنەکان جنێویشی تێدا بوو، گوایە من حەقی یەکەمم نەبوو، بەڵام من رێزم لێگرتوون، ئەوەش وایکرد دواتر ھەر خۆیان داوای لێبوردنم لێ بکەن”. سروود عومەر ئەو قسانە بۆ (سڤیل) باس دەکات، کە لەھۆتێل دالاس پێشوازی لێکردین.
سرود عومەر ساڵی ١٩٩١ لەھەولێر لەدایکبووە، ئێستا قوتابییە لەقۆناغی سێیەمی کۆلیژی ھونەرە جوانەکان لەبەشی موزیک، ئەوەندەی حەزی لەگۆرانی و موزیک ھەیە پێشئەوەی بەشداری بکات لەپرۆگرامی (ئێکس کورد لایک) لەبەرنامەیدابوو دەست بەگۆرانیگوتن بکات، تاوەکو دواجار لەسەر پێشنیاری ھاوڕێکانی بەشداری لەپرۆگرامی ئێکس کورد لایک کرد و بووە ئەستێرەی پرۆگرامەکە.
سرود دەڵێت “ئەگەر ئەو بەرنامەیەش نەبوایە لەبەرنامەمدا بوو تەنیا کاری ھونەری بکەم وەکو گۆرانیبێژێک، پێشئەوەی لەئێکس کورد لایک بەشداری بکەم دەرفەتم ھەبوو دەست پێ بکەم، بۆ نموونە لەم بوارەدا ھاوڕێیەکی زۆرم ھەیە، ھەموو شتێک ئامادەبوو دەمتوانی گۆرانی خۆم تۆمار بکەم، بەڵام پێم وابوو کاتەکە بۆ من ھێشتا زووە، ئیتر ھاوڕێیەکی زۆر داوایان لێکردم بەشداری لە ئێکس کورد لایک بکەم، بیرم لێکردەوە ئینجا بە متمانەیەکی زۆرەوە بڕیارمدا بەشداری بکەم، چەندین ھاوڕێ و مامۆستا و کەسانی تریش ھاوکارییان کردم، دەمزانی تاوەکو قۆناغێکی باش سەردەکەوم، بەڵام نەمدەزانی دەبم بە ئەستێرەی ئێکس کورد لایک”.
وەکو سرود خۆی دەڵێت “لەقۆناغی کۆتایی پرۆگرامەکەدا نزیکەی ١٠ ھەزار نامەم بۆ ھاتبوو”. ئەو نامانە سرودیان کرد بەئەستێرەی ئێکس کورد لایک، کە ھەر لەھەمان شەودا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پێنج ھەزار نامەی پیرۆزبایی بۆ ھاتووە، ئەوەش وایکرد سرود دوو شەو نەخەوێت، چونکە ئەو دەڵێ “ھەوڵمدا وەڵامی ئەو کەسانە بدەمەوە کە لەفەیسبووک پیرۆزباییان لێکردووم یاخود ھەواڵی من دەپرسن، چونکە نامەوێ دڵی کەس لێم زویر بێت، ئەگەر وڵامیان نەدەمەوە دەڵێن سرود لووتبەرز بووە، ئەو رۆژەی کە یەکەم بووم نزیکەی ٥٠٠ نامەی پیرۆزباییم بۆ ھات، دوو شەو نەخەوتم تاوەکو وەڵامی ھەموو نامەکانم نەدایەوە، جگە لە فیسبووکە تایبەتییەکەی خۆم کە لەدەست دوو برادەرم دابوو ھاوکارییان کردم لەوەڵامدانەوەی پیرۆزباییەکانی خەڵک”. ھونەرمەند زیاد ئەسعەد پیرۆزبایی لەسرود دەکات و دیاریشی پێشکەش دەکات و سرود دەڵێ “دیارییەکە بۆ من زۆر گەورەیە، کە بەڵێنی داوە گۆرانییەکم بداتێ کە تێکست و ئاوازەکە ھی خۆیەتی، ھەروەھا پیرۆزباییکردنەکەی بۆمن جێگەی شانازییە”.
لەناو ئەو پێنج ھەزار نامەی کە بۆ سرود ھاتوون، رەخنەشی تێدایە، ھەندێ لەرەخنەکان ھێندە رەقن تەنانەت جنێویشی تێکەوتووە، گوایە لەبەرئەوەی سرود خەڵکی ھەولێرە، بۆیە یەکەم کراوە، بۆ وەڵامی ئەوانەش سرود دەڵێت “من پێشتریش گوتوومە لەوانەیە جەماوەری من لەسلێمانی زیاتر بێت، ئەو قسانە ھەر دەکرێ و رەخنەش دەبێت، تەنانەت جنێوم پێدراوە، من ھەر رێزم لێناون، دواجار ھەر خۆی ئەو کەسەی کە جنێوی داوە داوای لێبوردنی لێکردووم. چونکە ئەنجامەکە بەدەنگدانی خەڵک بووە، بە تۆتال بینیمان ھەر یەکێک لەئێمە چەند نامەمان بۆ ھاتووە”.
ھەر چۆنێک بێت ئێستا سرود ئەستێرەی ئێکس کورد لایکە، لەلایەن کۆمپانیای بابلیۆنەوە خەڵاتی پرۆگرامەکەی پێدەبەخشرێت و پشتگیری لێ دەکرێت وەکو سرود دەڵێت “پەنجا ھەزار دۆلار و ئەلبوومێک و دوو کلیپ و سەفەرێکی دەرەوەی وڵات، خەڵاتی منە وەکو ئەستێرەی پرۆگرامەکە”. سرود لەسەر شانۆ نەترساوە، چونکە پێشتر ئەو لەسەر شانۆ بووە، لەقسەی خەڵک و میوانەکانیشی نەترساوە، ئەوەی لێی ترساوە تەنیا سالار ئازیدە “زیاتر لەقسە و ھەڵسەنگاندنەکانی مامۆستا سالار ئازید دەترسام، ھەرچەندە مامۆستای منە لەکۆلیژی ھونەرە جوانەکان، بەڵام ھەمیشە پێشنیارەکانی بۆمن رەق بوون، دەیگوت ھەمیشە کێشەم لەگەڵ تۆ ھەیە، بەڵام من ھەر لەسەر چۆنیەتی گۆرانیگوتنی خۆم بەردەوام بووم کە قەناعەتم پێی ھەبوو، ھەر ئەو قەناعەتەش وایکرد ببم بە ئەستێرەی پرۆگرامەکە”.
سرود ئاماژەی بەوەشدا ھەر لەمنداڵیەوە گوێی لەگۆرانییەکانی ئەیوب عەلی گرتووە، کاریگەری زۆری بەسەرەوە ھەیە، ئەیوب عەلی وەکو میوانی بەرنامەکە داواکاری سرود بوو، بەڵام بەداواکەی نەگەیشت و گوتی “من شێتی دەنگی ئەیوب عەلیم، ھەر لەمنداڵیمەوە من گوێم داوەتە دەنگی ئەو، روحیەت و ئەحساسی زۆر جوانە، پەیوەندیمان پێوەکرد بێتە میوانی بەرنامەکە، بەڵام لەدەرەوەی وڵات بوو نەیتوانی ئامادە بێت”.