زانا دڵشاد دزەیی: سەمیرە سەعید، ژنە گۆرانیبێژی مەغریبی، لەدوو ھەفتەی رابردوودا گۆرانییەکی بەزمانی کوردی بەناوی (ھەولێر) لەوڵاتی لوبنان کلیپ کردو بڕیاریشە لەسەری ساڵی نوێ گۆرانییەکە لەکەناڵە کوردی و عەرەبییەکان بڵاوبکرێتەوە.
گۆرانی (ھەولێر) نوێترین گۆرانی ژنە گۆرانیبێژی مەغریبی سەمیرە سەعیدە، لەشیعری د. ئاراس عەبدولکەریم و ئاوازی ھەڵکەوت زاھیرە، لەدوو ھەفتەی رابردوو لەلایەن دەرھێنەری بەناوبانگی عەرەب فادی حەداد لەبەیروتی پایتەختی لوبنان کلیپ کرا. گۆرانییەکەش بەبۆنەی دیاریکردنی شاری ھەولێر بەپایتەختی گەشتیاری بۆ ساڵی ٢٠١٤ تۆمارکراوەو ھەر لەم بۆنەیەشدا پەخش دەکرێ.
لەلێدوانێکیدا سەمیرە سەعید ئاشکرای دەکات، کە ئەو گۆرانییەی بۆ ھەولێری گوتووەو فەرمییەو دەبێتە گۆرانی پایتەخی گەشتیاری بۆ ساڵی داھاتوو.
لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی عەرەبی سەمیرە سەعید باس لەچۆنیەتی گوتنی ئەو گۆرانییە دەکات و دەڵێ “ھەڵکەوت زاھیر پەیوەندی پێوەکردم و باسی گۆرانییەکەی بۆ کردم”. سەمیرە سەعید گۆرانی بۆچەندین وڵاتی دیکە لەوانە میسر و عێراقیش گوتووە، لەبارەی ھۆکارەکانی پەسەندکردنی ئەو گۆرانییە دەڵێ “من ساڵێک دەبێت ھەولێرم بینیوە، ئەو لەشێوەی ئیمارات ھەنگاو دەنێت و گەشە دەکات، ھەڵکەوتیش ھاوڕێمە بۆیە گۆرانییەکەم تۆمارکرد، کە فەرمییە و دەبێتە گۆرانی پایتەخی گەشتیاری”.