توانا حەمە: ڕۆبیرت شۆمان لە ساڵی ١٨١٠ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، یەکێکە لە نموونە دیارەکانی سەردەمی ڕۆماتیک. ئەو لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیدا، پێچەوانەی موزیکەکانی بوو،
مرۆڤێکی نا ئارام، پەرێشان، خەمۆکیەکی قوڵ پڕ بە دەرون، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا پڕ لە ھەستی قوڵی خۆشەویستی بوو. شۆمان لە ژێر کاریگەری سەردەمەکەیدا دەستی بە کاری موزیک کردووە. ئەو چەندین سیمفۆنی نووسیووە، بەڵام ئەوەی زیاتر پێناسرا ئەو پارچە موزیکانە بوو، کە بۆ ئامێری پیانۆ و گۆرانی ئەڵمانی (لیدی ئەڵمانی) دەینووسین. شۆمان لە سەرەتادا لە بواری یاسادا خوێندکار بوو، بەڵام لەژێر کاریگەری نازناوی (شەیتانی ڤایۆلین) نیکۆلۆ پاگانینی ھەوڵیدا ھاوشێوەی ئەو لە ئامێری پیانۆدا لە خۆیدا بەرجەستە بکات. ھەر بۆ لە یاسا دور دەکەوێـتەوە و بە توندی بەر دنیای موزیک دەکەوێـت. گەرچی لە ھەوڵی بەرجەستەکردنی خەونی نازناوی شەیتانی پیانۆ نزیک بوو، بەڵام دواجار بە ھۆی ڕاھێنانی بەردەوامی لە سەر ئامێری پیانۆ دەستی ڕاستی تووشی لە جوڵە کەوتن لەکاتی ژەندنین بوو. شۆمان بە لەکارکەوتنی دەستەکانی بۆ ژەندن ئومید بڕاو نە بوو، بە ڵکو ڕووی کردە نێو دنیای موزیکدانان. شۆمان لە ساڵی ١٨٤٠ بدەکەوێـتە عەشقی کلارا ڤیک دەبێت، کە کچ و خوێندکاری مامۆستایەکی ناسراوی ئامێری پیانۆ بوو، ھەر لەھەمان ساڵدا ھاوسەر گیری لەگەڵدا دەکات . کلارا بەر لەوەی کە ببێتە ھاوسەری شۆمان، خۆی وەک یەکێک لە ژنە دانەر و موزیکژەنێک تاڕادەیەک ناسرا بوو، بەڵام دەشێـت بە ھاوسەر گیری کردن لەگەڵ شۆمان زیاتر وەک ژنە دانەرێکی دیار، لە مێژووی سەردەمی ڕۆمانیکدا دەرکەوێـتبێت.
شێوازی موزیکدانانی شۆمان بە جۆرێک بوو ھەندێک جار بە درێژایی ساڵیک لە تەمەنی موزیکی، تەنھا (لیدی ئەڵمانی) دەنووسی، یان بە پێچەوانەوە بە درێژایی ساڵیک تەنھا سیمفۆنی دەنووسی. بە ھۆکاری ئەوەی شۆمان لە پێشدا ژەنیاری ئامێری پیانۆ بوو، بەھەمان شێوە کاریگەری ئامێری پیانۆ بە کارەکانیەوە دیاربوو. ھەر بۆیە بەبەردەوامی ئامێری پیانۆ وەک کارەکتەری سەرەکی، لە نێو ڕستەی موزیکی و دانراوەکانیدا دەردەکەوت. گەرچی شۆمان وەک کەسێتی خۆی بەکەسێکی نا ئارام و شڵەژاو ناسرابوو، بەڵام کارە موزیکیەکانی تەواو پێچەوانەی کەسێتی ئەو بوون. موزیکی ئەو پڕە لە ڕۆمانسیەتێکی بێخەوش و ئارام بەخش. گەرچی شۆمان وەک ئاواز دانەرێکی دیاری سەردەمەکەی خۆی ناسراوە، ھاوکات دەستێکی باڵای ھەبوو لە نوسینی ووتار ی موزیکیدا، دواتر توانیویەتی خۆی گۆڤارێک دەربارەی موزیک دادەمەزرێنێت و لەوێدا دەیان و ووتاری کاریگەر لە سەر (ڕەخنە، شیکاری، ڕونکردنەوە) موزیک بنووسێت و توانیویەتی بە جۆرێک باش ئیدراک و سەلیقەی گوێگرانی و موزیک و ئامادەبوانی کۆنسێرتەکان بەرزبکاتەوە. شۆمان لە کۆتایی تەمەنیدا واتە لە ساڵی ١٨٥٤ دووجار ھەوڵی خۆکوژی دەدات، ھەر بۆیە دواجار کۆتایی ژیانی لە نەخۆشخانەی دەرونیدا بەڕێدەکات و تا لە ساڵی ١٨٥٦ بە یەکجاری ماڵئاوای لە موزیک و ژیان دەکات.
سەرچاوە:
جین فریس موسیقی ھنر شنیدن، و: کتایون ێارمی چاپخانەی مشعل: ١٣٨٥، ل ٣٥٧