یەکێک لەبەرنامە هونەرییە بەناوبانگەکانی جیهان کە زۆرترین بینەر و مشتومڕی هونەریی لەسەرە بەرنامەی ( ئەرەب ئایدڵ)ـە.
کوڕان و کچانی کورد تا ئێستا چەندین جار تواناکانی خۆیان لەم بەرنامەیە تاقیکردۆتەوە و توانیویانە تا قۆناغی پێش کۆتایی بە سەرکەوتوویی دەنگێکی زۆر و ڕەزامەندی لیژنە بەدەست بهێنن.
داواکاریی زۆری بەشداربووانی کورد بۆ بەرنامەی (ئەرەب ئایدڵ) و بینەری بەرچاوی ئەم بەرنامەیە لەکوردستان وای لە هونەرمەندی موزیکژەن ئومێد محەمەد لە ووڵاتی سوید کرد بیرێک لە هەمان بەرنامە بە کوردی بکاتەوە.
لە پەیوەندییەکی تایبەت بە سایتی چراتیڤی هونەرمەند ئومێد محەمەد هەواڵی (کورد ئایدڵ)ی پشتڕاستکردەوە و ڕێککەوتن و واژۆکردنی لەگەڵ ستافی ئایدڵ لە بەریتانیا و دوبەی ڕاگەیاند. دوابەدوای ڕێککەوتنی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی (کورد ئایدڵ) سەردانی کوردستانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میدیا کوردییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هونەرمەند ئومێد دەربارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تەلەفزیۆنە کوردییەکان بۆ سایتی چرا ڕایگەیاند ” تا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لەگەڵ هیچ لایەنێکی میدیایی کوردی نەگەیشتووینەتە ئەنجام و هیواخوازین لە ئایندەیەکی نزیک بتوانین سپۆنسەرێکی باش بەدەستبهێنین و لەگەڵ کۆمپانیای سەرەکی لە دوبەی بە گوێرەی خاڵەکانی ڕێککەوتن بگەینە واژوکردنی گرێبەست لە نێوان سپۆنسەر و ستافی سەرەکی بەرنامەی ئایدڵ”.
پلانی بەرنامەی (کورد ئایدڵ) سەرەتا تۆمارکردنی لە چەند ووڵاتێکی ئەوروپی و دواتر لە کوردستان دەبێت. کۆی بەرنامەکە تا فایناڵ لە ٢٠ بیست بەرنامە پێکدێت و زۆرینەی بەشداربووانی بەرنامەکە کورد دەبێت. ستافی تەکنیکی بەرنامەی کوردئایدڵ لەلایەن کۆمپانیای سەرەکی لە دوبەی دابیندەکرێت و کوالیتی و دیکۆر و هەموو پێداویستییەکانی تری ستاندەری جیهانیی هاوشێوەی ئەرەب ئایدڵ دەبێت
بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر دەربارەی بەرنامەکە و سپۆنسەر دەتوانن پەیوەندی بە سایتی چراتیڤییەوە بکەن.