خوشکی هونەرمەند ئاشنا عومەر لە پرسیارێکی هونەریدا لە پەیجەکەی خۆی ئەڵێ:
کام تیپ و گروپی موسیک وەڵامی لایە، پێمان بڵێت، بۆچی؟ …
لەهەر موسیککارێک، یان دەرونناسێکیش، پرسیار بکەیت: موسیک سودی چییە بۆ مرۆڤ؟
پێت دەڵێت، ئارامی دەدات بەرۆح، یارمەتی دەدات بۆ لەیادکردنی گرفتە دەرونییەکان، بەڵام ئیستا لەکوردستاندا، موسیک نە ئارامی دەدات بەرۆح، نەکەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ بچوککردنەوەی گرفتە دەرونییەکان…….. ئاشنا عومەر
منیش بەوخانمە ئەڵێم:
مۆسیقا پێش ئەوەی وەکو چارەسەرێکی دەرونی و پزیشکی ڕۆڵی هەبێت، ئەشێ ببێتە ئاوێنەیەکی پرشنگدار بۆ پیشاندانی ڕواڵەتی جوانی نەتەوە بەگشتی و کەسایەتی هونەرمەندیش بەتایبەتی، ئاستی بەرزی هونەر ئاستی بەرزی نەتەوە و کۆمەڵگاکەی پیشان ئەدات، هونەری ڕاستەقینە پێشەنگە لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، هونەر کاریگەری هەیە لە سەر هەست و سۆزی مرۆڤ،کاریگەری هەیە لەسەرباری دەرونی مرۆڤ، بەڵام لا گرنگە کانی تری هونەر زۆرن و تەنها هونەر ئامڕازێک نییە بۆ بەخشینی ئارامی بەڕۆحی مرۆڤ. لەسەرەتای دروستبونی نەتەوەکان و بڵێین مرۆڤایەتی بەگشتی، هونەری بەرز ئامڕازێک بووە بۆ: بەدەست هێنانی سەربەستی و چەسپاندنی مافی نەتەوە و گەیشتن بە مافەکانی نەتەوە، نموونە زۆرن کە بۆمان ئاشکرائەکات کە ڕۆڵی هونەر بەگشتی و بەتایبەتیش مۆسیقا چەندکاریگەری هەبووە لە سەربەخۆیی گەلانا بەتایبەتی شۆڕشی فەرەنسا،بەهۆێ وشەو ئاوازەکەی سرودی مارسلیزی کەلەلایەن ئەفسەرێکی مۆسیقا زانی هونەرمەند بەناوی ڕۆجیە دیلێل دانرا،چەندکاری گەری هەبووە لە سەرکەوتنی ئەوشۆڕشە مەزنەو مێژویەکی بۆ مۆسیقاش بنیات نا. دووبارە بەشداری هەموو هونەرەکان بەیەکەوە واتا هونەری شێوەکاری و هونەری نواندن و مۆسیقا چەند کاریگەریان لە سەر ڕاماڵینی داگیرکەرانی چیک هەبووە تا ئەوڕادەیەی ببوە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ژێرزەمینی چیکیەکان و سەرفەرازی وڵات و نەتەوەکەیان، چەندیین نمونەی تر هەن ئەیسەلمێنن کە کاری هونەر تەنها گەیاندنی ئارامی بەڕوحی مرۆڤ نییە، هونەر ئامڕازێکی کاریگەرە لە هەموولایەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بەگشتی و نەتەوەیی بەتایبەتی. لای نەتەوە سیغەونەکان (ڕەوەندەکان) هونەر بەپلەی دووەم دێت،پاش زمان، ئەڵێن هونەر ناسنامەی گەلانە ، بۆیە لەپێش بونی خاکدا گرنگی پێئەدەن،ئەڵێن گەر ئێمە خاکمان هەبێ و داگیربکرێت ئەوا بە هێزو بازوی ڕۆڵەکانمان ئەیگێڕینەوە ، بەڵام ساتێ کە کەلتورو هونەر ئەشێوێنرێ ئەوا گەڕاندنەوەی مەحاڵە. ئەشێ هونەر بەدەستی هونەرمەدەوەبێت، چونکە ئەوکەسەی کەکار لەگەڵ هونەر ئەکات مەرج نییە ڕۆڵی هونەرمەند ببینێ، هونەرمەند ئەشێ کارێگەری هونەربزانێ و بەرەبەرە گەشە بەو کاریگەریە بدات، بۆیە ئەشێ بڵێێن ئەو ساتانەی هونەر لەژێردەستی هونەرمەندا (نەک کاسبکار) پەرە ئەسێنێ و نەشونما ئەکات، زۆر بەئاسانی هەموو ڕۆڵەکانی هونەر هەست پێ ئەکرێ،بۆیە گرنگە تیشک بخەینەسەر ڕۆڵەکانی هونەر بەگشتی و مۆسیقا بەتایبەتی:
1- ڕۆڵی هونەر لە بواری زانست و پەروەردەو فێرکردن. بەواتای گۆشکردنی نەوەکان بە هونەرێکی ڕەسەن و سودبەخش لەبوارە پێویستیەکانی ژیانی نەوەکان بەمەرجێ هەرتەمەنەو بە ئاستی خۆی و پلەی زانستی و هۆشمەندی نەوەکان ڕەچاو بکرێت، ڕێگەنەدرێ بە بیروبۆچونی چەوتی کەسانێکەوە ئەو خزمەتگوزاریە گەورەیە بەرەو ڕێگایەکی بێ بەها ببرێ.
2- ڕۆڵی هونەر لەبواری تەندروستی و خزمەتگوزاری. بەکاربردنی هونەر لەبواری تەندروستی و ئارامبەخشین و ئاسودەکردنی تاکەکانی مرۆڤ لەڕێی مۆسیقا کاریگەرەکانەوە.
3- ڕۆڵی هونەر لە بواری ئاوەدانکردنەوەو گەشە پێدان. بەهۆی زمانی سازو ئاوازەوە ئەتوانرێ بانگەشەی ئاوەدانکردنەوەی سەراپای نیشتمان بکرێت.
4- ڕۆڵی هونەر لە بواری نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنوسین. وەکوو ئاشکرایە کە هونەر بەگشتی و مۆسیقا بەتایبەتی چەند ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە سەر بڵاوکردنەوەی ڕۆح و گیانی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی خاک و نەتەوەو نیشتمان، وەکو لەمەوبەر باسمانکرد.
5- ڕۆڵی هونەر لە بواری ئاینی و بیرو باوەڕەکان. ئەتوانرێ لەڕێی هونەرو ئاوازومۆسیقاوە مرۆڤ لە بیرو باوەڕەکانی خۆی نزیکتر بێتەوە.
6- ڕۆڵی هونەر لە بواری بۆنەو ڕوداوە میلیەکان. ئاشکرایە هەموو میلەتێک خاوەنی دەیان بۆنەو ڕوداوە نەتەوەی ومیللی یەکانە، بۆیە زمانی سازو ئاواز کاریگەریەکی باڵای هەیە لە بەرجەستەکردن و نمایشکردنی ئەم بۆنەو ڕوداوە میللیانە.
7- ڕۆڵی هونەر لەبواری ژیانی کۆمەڵایەتی و سۆزداری. ئاشکرایە نزیکترین هۆکار بۆ نزیکبونەەی دڵداران و خۆشەویستان زمانی سازو ئاوازە بەتایبەتی و هەموو جۆرەکانی هونەرە بەگشتی، بۆیە کاریگەری و ڕۆڵی هونەر سەرەکییە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سۆزداری هەمووتاکەکانی گەل و نەتەوە.
هونەر پێویستی بە کەسانی بەتواناو لەخۆبوردوو زانا هەیە، ئەومیلەتانەی کەخاوەنی مێژویەکی بڵندو جوان و شووکۆدارن بەتایبەتی لەبواری هونەردا ، خاوەنی کەسانی بەتواناو بلیمەتن، گەر سەرنج بدەینە مێژووی وڵاتێکی وەکو ئەڵمان سەیرئەکەین خاوەنی هونەرمەندی پایەداری وەکو باخ و بتهۆڤن و دەیانی تریشن، جگەلەوەی بونەتە مایەی شکۆداری بۆخۆیان، سەری نەتەوەو وڵاتەکەشیا بەئاستی ئاڵاکەیان بڵند کردووە. دەیان نمونەی بەپێزی تر هەیە، لە وڵاتێکی وەکو نەمسا کەخاوەنی بلیمەتێکی وەکو مۆتزارتە، کە خاوەنی ئەو هەموو کارە دانسقەو باڵایانەیە، هەموو ژیانی بەکولە مەرگی بەسەربرد، بەهۆی ڕکابەری کابرایەکی هونەرکاری وەکو سالێری کاسبکار ودەربار. هەر یەکەلەم ڕۆڵانەی هونەر کاریگەریەکی زۆر گەورەی هەیە لە پیشاندانی ڕواڵەتی جوانی نەتەوە و وڵات، هەتا ئاستی ئەم ڕۆڵانە لە بەرزیدا بێت، ئەوا نەتەوەو وڵات گەشەدارتر و بەناوبانگتر ئەبێت، بەمەرجێ هونەر بەدەستی هونەرمەندەوە بێت نەک کاسبکار، هەرجەندە ڕەوایە کە هونەرکار(دەربار) و هونەرمەند یش خاوەنی بژێویەکی باشی ژیان بن، بەڵام ڕەوا نییە هیچ هونەرمەندێک و هونەرکارێک زیاتر لە تواناو زانایی خۆیان ببنە بار بەسەر نەتەوە و یاسا و داهاتی وڵات و هونەر بکەنە ئامڕازێک بۆ هەڵئاوسانی گیرفانیان و ئەنجامدانی کارە بێ مۆراڵیەکانی خۆیان. بەداخەوە تائێستا لەلای ئێمە و لە وڵاتی ئێمەدا بەدەگمەن هونەرمەندە بەتواناکان توانیویانە بە شێوەیەکی سادەو ئاسان بەردەوامی کارەکانیان بن، لەلایەکی تریشەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری هونەر کارەکان، بەتایبەتی پاش ڕاپەرێن تەنها هونەریان بۆبەدەست هێنانی مەرامەکانی خۆیان بەکار بردووە، کەمەرامەکانیان بەئەنجام نەگەن ئەوا لەکار ئەوەستن چونکە وا فێرکراون، هەندێجار من بەخەتای کەسانی تری ئەزانم، ئەوکەسانەی کە هونەرکارێک زیاترلە هونەرمەندان لەچەمانەوەدایە بویان و زیاتر لە کەسانی هونەرمەند ئالودەیانن، بۆیە ئاستی هونەر لەم ئاستەی ئیستادایە کە تائێستاش خۆمان بەپاشکۆی هونەرە نازانستیەکانی دەوروپشتمان ئەزانین، دورین لە بەزانستکردنی هونەرەکەمان.
ئەوساتانەی، ئاستی هونەر ئەگاتە ساتەکانی بەستەڵەک، ئەوا ئاشکرا ئەبێ کە هونەرکاران (کاسبکارن- دەرباران) نەک هونەرمەند،ئەوانەی بەتەواوەتی لە ڕۆڵی هونەر تێنەگەیشتوون و وائەزانن هونەر ئامڕازێکە بۆ مەرامەکانی خۆیان ، نازانن ڕۆڵی هونەر چەند گەورەیە، بۆیە پێویستە لەسەر هونەرمەندانی ڕاستەقینە بەگشتی و بەتایبەتی دەستگا هونەریەکان، چاو نەپۆشن لەو بەستەڵەکیەی هونەر و هەوڵبدەن بەڕێگا زانستیەکان دوور لە بەرژەوەندیە تاکەکان بازاری هونەر گەرم بکەنەوە، و بیر لەوە بکرێتەوە کە هونەر خاوەنی کاریگەری گەورەیە لە سەر نەتەوە، بۆیە گرنگە هەندێ نەخۆشی هەیە کەتوشی هونەرکارەکان نەک هونەرمەندەکان ئەبێت ئاماژەیان پێبکەیین لەوانە:
1- خۆبە زانا زان لە هەمووبوارەکانی هونەر بەتایبەتی هونەری سازو ئاواز، باسی هەرچیان بۆبکەیت خۆیان بەدانا ئەزانن،وای باس ئەکەن کە ئەوان لەوسەری هاتونەتەوە، هەروەها بەسوکی سەیرکردنە کاری هاوکارە کانیان.
2- بەکارهێنانی هونەر بۆ مەرامە تایبەتیەکانی خۆیان، گوێنەدانیان بە ماکی ئەو کارە چەواشەکاریانەیان، چۆن بۆیان بلوێت ئاوا کارلەگەڵ هونەر ئەکەن.
3- لەیادکردنی ڕۆڵەگرنگەکانی هونەر (ئەوحەوت خاڵەی کەباسمانکردن) و تەنها بەکاربردنی هونەر لەساتی بەدیهێنانی مەرامەکانی خۆیان،ئەوساتانەی مەرامە کانیان نەیەتەدی ئەوا لە کاری هونەری ئەکەون، هونەر ئەگەیەننە ساتی بەستەڵەکی.
4- نەبوونی تایبەتمەندی لەبواری هونەردا، بەتایبەتی لە بواری سازو ئاواز، بۆنمونە کەسانێک هەن لەبواری فێربوونی ئامێرێکی مۆسیقادا خەریکن،یان گۆرانی ئەچڕن، بەڵام کە دێتە بواری پراکتیکی ئیتر لەخۆی ئەبێتە ژەنیار و ئاوازدانەر و ئامادەکار و گۆرانیبێژو هەندێجاریش نوسەرو شاعیریش، ئەمە یەکێکە لەماڵکاولکەرەکانی ناوماڵی هونەری کوردیمان.
بۆیە ئەرکی هونەرمەندی ڕاستەقینەو دەوڵەت و بەرپرسە تێگەیشتوەکانە کە هەوڵ بدەن بەڕێگا زانستیەکان لە هاوکاری و بەرزنرخاندنی هونەرا بن و هەردەم لە هەوڵێ بایەخ دان بەهونەرو ئاسانکردنی ڕێگا زانستیەکان بن بۆگەشەدان بەکاری هونەرو هاوکاری هونەرمەندانی ڕەسەندا دا بن بۆ زیاتر باڵابونی ئاستی هونەرەکەمان.
ئاشکراشە کە کاری هونەری و ڕێبازو ڕەوشتی هونەرمەند و هونەرکار دووشێوازی جیاوازن بۆیە گرنگە لە سەر هەمووتاکەکانی نەتەوەکەمان و بەرپرسان و دڵسۆزانی نەتەوەکەمانە کە چاوپۆشی نەکەن لە مەرامە گڵاو و ڕەوشتە نەشیاوەکانی هونەرکاران (کاسبکاران) و هاوکاری کاری هونەری بەپێزبن، چونکە لەهەموودنیادا هاوکاری هونەر و کاری هونەری بەپێزو نەتەوەی ئەکرێ نەک هاوکاری هونەرمەند ،هاوکاری کردنی هونەرمەند کارێکی زۆر بێمانایە، جگەلەوساتانەی هونەرمەندێک کارێکی بڵند و باڵا ئەکات ، ئەوساتە ئەشێ هاوکاریان بکرێ، لەبەر ئەوەی کاری هونەری پێناسەی ڕاستەقینەی هونەرمەندە دڵسۆز و بەئەمەکی نەتەوەیە. ئێمەی نەتەوەی کورد خاوەنی دەیان بلیمەتی وەکو زیرەک و ماملێ و مەردان و میرزادەین، بەداخەوە تا ئێستا کارەکانی ئەوان بەشێوەیەکی زانستیانە بەرجەستە نەکراوە، بۆیە ئەشێ هونەرمەندان یەکەم هەنگاویان بەزانست کردنی ئەو هونەرە مازنانە بن، بەو وتە بێ نرخانە هەڵنەخەڵەتێن کەهەندێ نەزان ئەیڵێن لە هەموو بۆنەو چاوپێکەوتنێکدا ویردی سەر زمانیانە کە بەزانستکردن و کۆکردنەوەی هونەر کاری کۆنفرانسەو ئەشێ لەڕێی ئەکۆنفرانسانەوە دەست بەوکارانە بکرێت، مەخابن ئەو وتە بێ نرخانە خەریکن جێی خۆیان ئەگرن و ئێمەی کوردیش ئەشێ بەو خەونەوە سەر بنێینەوە، کە هونەرەکەمان هەر لەو ئاستەی خۆیدا بمێنێتەوەو بەپاشکۆی گەلانی دراوسێ هەژمارمان بکەن،بۆیە من ئەڵێم گرنگی دان بەکاری هونەری لەسەرەتادا بە تاکەکەسی دەستپێ ئەکات و پاشان دەوڵەت و لایەنە بەرپرسە زاناکان بەشێوەیکی زانستی ئەیان نرخێنن.
سەڵاح ڕەوف
هۆڵەندا
٢٠١٥