(پێشکه‌شه به کچانی سووتاوی گونده‌که‌ی “شیناوێ”ی خانێ)
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: ڕێناس جاف
ئه‌یوت یه‌ک و دوو مانگی تر تاقه‌ت بێنن،زستان کۆتایی دێت و ڕووڕه‌شییه‌که‌ی هه‌ر بۆ خه‌ڵووز ده‌مێنێته‌وه. تا ساڵی داهاتوویش خوا گه‌وره‌یه و قه‌راره گاز بۆ گه‌ڕه‌ک و کۆڵانه‌که‌مان بکێشن. باوکم هه‌ر له‌سه‌ر قسه‌که‌ی سوور بوو که‌چی دایکم هه‌ر نه‌ده‌چووه ژێربار و “ده‌بێ هه‌ر بۆ ئه‌و زستانه سۆبه‌ی گازیی بکڕی و له ناو ماڵدا دامه‌زرێنی.من ئیتر ناهێڵم سۆبه‌ی نه‌وتی لێره دانرێ!”
ئێمه،(من و خوشکه گه‌وره‌که‌م و برا گچکه‌که‌م)، نه‌مانده‌زانی دایکم به ڕاستیی له خۆڕا و به گۆتره به‌زم به باوکم ده‌گرێ یان به ههرهقهتییهتی و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌کات.بۆ ئێمه که ده‌مانناسی، ئه‌م جۆره هه‌ڵس و کهوتهیمان لا پێ سه‌یر بوو. هه‌ر له بارینی یه‌که‌مین بارانی پایزه‌وه ده‌ستی کرد به به‌زم و په‌ڵپ و بیانووگرتن به باوکم که ئه‌مساڵ ئیتر ده‌بێ سۆبه‌یه‌کی گازیی بکڕی و له‌م جۆره قسانه. پێموایه جگه له باوکم ،که‌سمان نه‌یده‌زانی دایکم بۆچی ئه‌وه‌نده سووره له‌سه‌ر کڕینی سۆبه‌ی گازیی. ئه‌و شه‌وه نۆره‌ی من بوو که بچم و له ناو حه‌وشه‌دا نه‌وت بۆ سۆبه‌که بێنم.ئه‌ویش به گاڵۆنی کانزایی.بۆ مێردمناڵێکی ته‌مه‌ن 12 ساڵان به‌ڕاستیی کارێکی چه‌توون و زه‌حمه‌ت بوو که به ده‌ستێک گاڵۆنهکهی و به ده‌سته‌که‌ی تری له ناو به‌رمیلی 220 لیتری نه‌وت هه‌ڵکێشێ.ئه‌و شه‌وانه‌ی که باوکم دره‌نگ ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵ، من ئیتر پیاوی ماڵ بووم و بۆ خۆم بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێم بڵێ ،ده‌چووم و گاڵۆنهکهم پڕی نه‌وت ده‌کرد و نه‌وته‌که‌م له سۆبه قاوه‌ییه‌که‌ی ناو دیوی میوانانم ده‌کرد. له‌به‌ر هه‌مان سه‌رما و سۆڵه و کڕێوه‌ی زستان خه‌ریکی هه‌ڵکێشانی نه‌وت بووم که ته‌واو که‌وتبوومه ددانه چیڕه و به‌فریش کلوو کلوو ده‌ستی کرد به بارین. به‌ده‌م سه‌رماوه هه‌ڵده‌له‌رزیم و پێموابوو هه‌ر ئێستێ وه‌ک ناو فیلم کارتۆنه‌کان هاکا له ناو به‌فردا خه‌و بردمیه‌وه و ئیتر هه‌ڵنه‌ستامه‌وه. خێرا ده‌س به‌کار بووم و نهوتههڵکێشهکهم تا بنه‌وه‌ی به‌رمیله‌که ڕاداشت که ده‌نگی بنه‌وه‌ی به‌رگوێم ده‌که‌وت. پێم وابوو به‌م شێوه نه‌وتی زێتر هه‌ڵده‌کێشێ و گاڵۆنه‌که زووتر پڕ ده‌بێت.هێشتا گاڵۆن مابووی پڕ بێت که وازم لێ هێنا و خۆم کرد به ماڵا.گاڵۆنه نه‌وته‌که‌م له سۆبه‌که کرد و ته‌واو خۆم له سۆبه‌که‌وه نزیک کرده‌وه تا چاک گه‌رمم بێته‌وه.دوایی زۆر خێرا چووم و خۆم کرد به ژێر به‌تانی و په‌تووه‌که‌وه و چاوه‌ڕوان ماینه‌وه تا باوکم بگه‌ڕێته‌وه و دایکم خوان و سفره‌که ڕابخات و پێکه‌وه نانی ئێواره بخۆین. هه‌ر له‌بن په‌تووه‌که‌وه چاوم له سۆبه‌که بوو که تا ده‌هات بڵێسه و گڕه‌که‌ی که‌م ده‌بووه‌وه. پێم وابوو له لای منه‌وه ئاوا به‌رچاو ده‌که‌وێ . دایکم له ئاشپه‌زخانه‌وه هه‌رای لێ به‌رز بووه‌وه :” ئا ڕۆڵه یه‌کتان هه‌ستنه‌وه بزانه ئه‌و سۆبه چییه‌تی.دیسانه‌وه نهوتههڵکێشهکهت تا بنه‌وه‌ی به‌رمیله‌که ڕاداشت؟گاڵۆنه‌که پڕ بووه له خه‌وش و خاڵ.ئه‌تۆیش چوویت و هه‌مان نه‌وتی پڕ له خه‌وش و خاڵت هێناوه و له سۆبهکهت کردووه.ده‌جا دیاره سۆبه‌که وای به‌سه‌ردا دێت.ئێستێ به‌م سه‌رما و سۆڵه ده‌بێت چاوه‌ڕوان بمێنینه‌وه تا باوکت ده‌گه‌ڕێته‌وه و چاکی بکاته‌وه.” به زمانێکی وا پلارئاسا ئه‌م قسانه‌ی به‌زاردا هات که زۆر به خۆدا شکامه‌وه.هه‌ستامه‌وه و به‌ره‌و زارکی سۆبه‌که چووم و کردمه‌وه. سۆبه خه‌ریک بوو ده‌کوژایه‌وه .جێنهوتهکهم هه‌ڵگرت و به‌ره‌و به‌رمیله‌که چووم.بڕێک جێنهوتهکهم له خه‌وش و خاڵ خاوێن و پاک کرده‌وه به‌شکوو نه‌وته‌که چاکتر بڕژێته ناو سۆبه‌که.که‌چی هیچ دادی نه‌دا. به لاسارییه‌وه سه‌ری جێنهوتهکهم لابرد و له سه‌ره‌وه نه‌وته‌که‌م له سۆبه‌که کرد. له‌پڕێک نه‌وته‌که وا بڵێسه‌ی کێشا که هه‌موو سه‌رو چاوم سووتا و بۆکڕووزی جله‌کانم هه‌موو شوێنێکی داگرت. دایک به هه‌ڵات هه‌ڵات و ڕاکردن خۆی گه‌یاندمێ و پهتووێکی دا به‌سه‌روچاومدا. نیگه‌ران ببوو و نه‌یده‌زانی چ‌بکات. ئه‌مزانی ئه‌وه‌نده جێی نیگه‌رانی نییه و نهسووتووم،به‌ڵام تێنه‌ده‌گه‌یشتم باشه دایکم بۆ وا په‌شۆکاوه و بۆچ ئه‌وه‌نده تووڕه‌یه.که زانی هیچ نییه ،ئارامێ چوو له سووچێکه‌وه دانیشت و ده‌ستی کرد به گریان. من و خوشک و براکه‌ی ترم هه‌روا به حه‌په‌ساوی سه‌یرمان ده‌کرد. که تۆزێ هاته‌وه سه‌رخۆ ئه‌وجار ده‌ستی کرد به قسه وتن به من. ئینجا چوو و له ئاشپه‌زخانه چرا عهلائهدینهکهی هێنا و له ناوه‌ڕاستی ماڵدا داینا تا نه‌ختێ گه‌رممان بێته‌وه.کهترییهکهیشی له‌سه‌ری دانا.دیار بوو هێشتا نیگه‌رانه. ڕووی له ئێمه کرد و وتی:” ئێمه پێش هه‌رسێکی ئێوه مناڵێکی ترمان هه‌بوو که ده‌بووه برا گه‌وره‌تان. ئه‌و هه‌ر له‌به‌ر یه‌کێک له‌م سۆبه نه‌وتییانه تیا چوو.هه‌ر وه‌ک ئێستێ که ئه‌تۆیش خه‌ریک بوو بسووتێی. هه‌ر له سه‌ره‌تای زستانی ئه‌مساڵه‌وه دڵم خوتووره ده‌کا و ئه‌وه‌م به مێشک‌دا دێت،نه‌کا دیسان تووشی هه‌مان نه‌هامه‌تی و کاره‌سات ببینه‌وه.وا نابێ ،من هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌م سۆبه نه‌وتییه لێره لا ده‌به‌م.تۆ وه‌ره ببینه!”
ژێده‌ر: ڕۆژنامه‌ی “هه‌مشه‌هری”،پێنج شه‌ممه 23 ی “ئازه‌ر”(سه‌رماوه‌ز)ی 1391ی هه‌تاوی،لاپه‌ڕه‌ی 24 ،نووسه‌ری فارسیی چیرۆکه‌که: “حه‌بیب به‌نی ته‌ره‌ف”
***
سه‌رنجێک و وته‌یه‌ک له وه‌رگێڕ: ڕۆژی 5ی دێسه‌مبه‌ری 2012 ،15ی سه‌رماوه‌زی 1391ی هه‌تاوی سۆبه‌ی نه‌وتیی خوێندنگه‌ی کچانه‌ی “ئینقلابی ئیسلامی” له گوندی “شیناوێ”ی سه‌ر به شارسانی “خانێ” ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاوری گرت و هه‌ر 37 قوتابییه‌که به ده‌م بڵێسه‌ی ئاوره‌وه سووتان. دوا به‌دوای ئه‌و ڕووداوه ،سووتاوان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌کانی “خانێ” ،”ورمێ” و “ته‌ورێز” کران به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و هه‌مووه له‌به‌ر فره‌بوونی ڕێژه‌ی سووتانه‌که ،”سه‌یرانی یه‌گانه”،یه‌که‌مین کج له پۆله کچهسووتاوهکان گیانی له ده‌ست دا؛دواتریش “ئامینه (ئیلهام)ئیسماعیل پوور” بوو به قوربانیی و وه‌ک ده‌وترێ سێیه‌م قوتابییش گیانی له ده‌ست داوه که‌چی به فه‌رمیی ناونیشانی به‌ته‌واوه‌تی ڕانه‌گه‌یندراوه. ڕاستییت ده‌وێ ڕووداوه‌که له ئاستی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کان و لای جه‌ماوه‌ر و کۆمه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نی ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو و زۆر که‌سیش به هه‌ستێکی مرۆییه‌وه لێی وهجواو هات به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخ و که‌سه‌ره “حه‌مید ڕه‌زا حاج بابایی” وه‌زیری په‌روه‌رده و بارهێنانی ڕژێم به زمانێکی چه‌وت و لاتانه و به‌وپه‌ڕی گاڵته‌جاڕییه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و بویه‌ره هاته ئاخاوتن و هه‌ڵوێستی نواند و وه‌رامی میدیا و په‌یامنێرانی دایه‌وه که‌چی هه‌رکه گوشاره‌کان زۆرتر بوون ناچاریی داوای لێبوردنی کرد ئه‌ویش به چ زمانێک. جه‌نابی وه‌زیر! وتی: “هه‌ر له ئێستاوه تا ڕۆژی قیامه‌ت بۆ ڕوودانی هه‌ر بویه‌رێک له وه‌زاره‌ی په‌روه‌رده‌دا داوای لێبوردن ده‌که‌م”. لێ له گۆشهیهکیتری جیهانه‌وه،له وڵاتی ئه‌مریکادا کاتێک نه‌خۆشێکی ده‌روونیی له “نیۆتاون”ی ئه‌یاله‌تی “کهنتێکت” په‌لاماری ژماره‌یه‌ک قوتابی بێ تاوان ده‌دات و نزیکه‌ی 26 که‌س به قوتابی و مامۆستا و به‌رپرس و فه‌رمانبه‌ری خوێندنگه‌ی “هۆک سه‌ندی” یه‌وه ده‌بنه قوربانیی،ده‌سبه‌جێ هه‌موو شوێنێک بۆن و به‌رامه‌ی ماته‌مین به خۆوه ده‌گرێ و سه‌رۆکی ئه‌مریکا 4 ڕۆژ ماته‌مینی گشتیی له‌و وڵاته‌دا ڕاده‌گه‌یینێ و له‌به‌ر ئه‌و کاره‌ساته ئه‌سرین به چاوانیدا ده‌تکێته خوار و له‌به‌رچاو کامێراکان ده‌ڵێ ” به ڕاستیی دڵم شکاوه و ناخم ڕێشداره”. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه ئاڵای ئه‌مریکایش ده‌هێننه خوار. لێره‌دایه تۆفیر و جیاوازیی له نێوان ڕژێمه سه‌رکوتکار و ناگهلییهکان و حوکوومهتهگهلی و جه‌ماوه‌رییه‌کاندا ده‌ر ده‌که‌وێ.
تاران
26ی سه‌رماوه‌زی 2712