زانا دلشاد دزەیى : کچە شانۆکارى سلێمانى نیاز جەمال، کە “گوڵەباخ”ـى دراماى نامەکانى ئەشرەفە و دەڵێت “لەوانەیە قۆناخى شووکردنم تێپەڕی کردبێت، بەڵام هێشتا قسمەت نەبووە”. نیاز جەمال، کە بە رۆڵى “گوڵەباخ” بەشدارى لە دراما “نامەکانى ئەشرەف”دا کرد و دواى ئەوە لە هیچ کارێکى دیکەى هونەریدا بەشدار نەبووە، لەو بارەیەوە بۆ (سڤیل) گوتى “لەبەرئەوەى خۆم نەمویستووە ئیش بکەم، چەند هونەرمەندێکى زۆر باش پەیوەندیان پێوەکردووم کاریان لەگەڵ بکەم، بەڵام لەبەر چەند هۆیەکى تایبەت بەخۆم نەمتوانیووە بەشدار بم”.
نیاز جەمال 2004- 2005 پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى سلێمانى بەشى شانۆ تەواو کردووە، دەڵێت “ئەوکاتەى قوتابى پەیمانگاى هونەرەجوانەکان بووم، یەکەم کارى شانۆییم “یاداشتەکان” بوو، لە دەرهێنانى مامۆستا مەوفەق عارف، یەکێک بوو لەو شانۆگەریانەى لە زۆربەى شارەکان دا نمایشکرا”. نیاز لە پێنج دراما و هەشت شانۆگەرى و چوار کورتە فیلم بەشدار بووە، ئاماژەى بەوەشدا، ئەگەر ئەکتەر بیەوێت ئیش بکات، ناچارە لەهەر شوێنێک ئیش بکات، “لەوانەیە لەشارى هەولێریش داواکرا بم، بەڵام لەبەر بارودۆخى خۆم نەمتوانیووە رەزامەندى بدەم و بێم لە هەولێر ئیش بکەم، بەڵام خۆشیشە بتوانى لە دەرەوەى شارى خۆت کارى دراما بکەى”. نیاز جەمال ساڵى 1981 لە دایکبووە، لە وەڵامى ئەو پرسیارەى ئایا قۆناخى شووکردنى نەهاتووە، بە پێکەنینەوە گوتى “لەوانەیە تێپەڕیشى کردبێ، بەڵام هەندێجار خۆم نەمیستووە، هەندێجاریش قسمەت نەبووە”. نیاز گوتیشى “پێمخۆشە ئەو کوڕەى دەبێتە هاوسەرى ئایندەم، دڵپیس و رەزیل نەبێت، ئەو دوو سیفاتە ئەساسە بۆ پیاو، بەڵام هونەرمەند بێت یان نا ئەوە گرنگ نییە”.