دیدارنانەكەلی : دوای دروستبوونی چەندین گرفتی كارگێڕی و هونەری و ئیعلامی لە نێوان (وەزارەتی ڕۆشنبیری) بە وەزیری پێشوو و بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندن و بەرامبەر بەڕێوبەری تەلەفزیۆنی نەورۆز و دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری نێو سەتەلایت و گۆرینی پۆستی بەڕێوبەری ئەو تەلەفزیۆنە بۆ چەندین جار كە دوواجار لەماوەی دروستبوونی تا سالێك شەش بەڕێوبەر دامەزراون و لادراون. و بە بیانووی نەبوونی مەبەست و نیاز و هۆكارێكی دیاریكراو دوواجار وەزارەتی ڕۆشنبیری وەك ئەوەی هاتبێتە سەر دامەزراوەیەكی ڕووخا و نغرۆبوو, بێبەری و نەمانی پەیوەندی خۆی بەو سەتەلایتە ڕاگەیاند.
بێ ئەوەی گوێ بداتە بژێوی ئەو كادیر و كارمەندانەی وەكو وەفایەك بۆ پیشەكەیان هەموو هەوڵیاندا تا لاسەنگیەكە پارسەنگ بكەنەوە بەڵام بە نەبوونی كارگێڕی و بیری سەرەكی كاركردنی ئەو تەلەفزیۆنە دەسەڵاتەكانیان زۆر لاواز و سنورداربوو تەنانەت هیچی لێ نەدەهاتە وجوود. لە ئاكامیشدا مافی هەموو ئەوكارمەندانەی تەمەنێك وەكو گرێبەست لەو تەلەفزیۆنە كاریان كردووە سوتاوە چونكە زۆر بێ ئەمەكانە ڕەوانەی ماڵەوەیان كردوونەتەوە. وەكو ئەوەی لەم ووڵاتەدا هیچ بیمەیەك بۆ هاوڵاتیانی نیە.چونكە كارمەندێكی لێزان لە ماڵاەوە فێری كاركردن نابێت ئەوە گەورە كاربەدەست و كادیرە هونەریە لێهاتووەكانن دەبێت پەرە بە ئاستی كارمەندە تازە كارەكان بدەن.وەلێ ئەو تەلەفزیۆنە لەسەرەتای دروستبوونی تا داخرانیشی خاوەن بەڕێوبەرێكی شارەزا لەو بوارە نەبوو هەرچەند ئەوەندە بەڕێوبەری تێدا لەسەر كورسی دانرا كە دەكرا دەزگایەكی وەكو كەناڵی جەزیرەی قەتەڕی پێ بەڕێوە بچێت.
بەڵام لە ئەزەلەوە بوونی ئەو تەلەفزیۆنە بێ ئامانج و مەبەست بووە و لە هەموو قۆناغەكانیش وەزارەتی ڕۆشنبیری و چەندین دەستی دەرەكی كاری لەو دەزگایە كردووە نەوەك بەڕێوبەرانی ئەو تەلەفزیۆنە.
دووا جار چارەسەر لە لایەن وەزیری ڕۆشنبیری و حكومەت ئەوەبوو سەتەلایتی نەورۆز دابخرێت و كارمەندەكانیشی لە گرێبەست و پاداشت بچنە ماڵەوە. واش بڕیارە بەرواری 30/5/2010 و كاتژمێر 12 ی شەو بەكاتی كوردستان پەخشی تەلەفزیۆنەكە بەیەكجاری بوەستێنرێت هۆكاری سەرەكیش نەبوونی دەستێكی ئیعلامی مۆدێرن و دروست بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سەتەلایتەیە لە لایەن بڕیاربەدەستەكانی وەزارەتی مەنگ خواردووی ڕۆشنبیری.كە زۆرینەی گرفتەكان بە زەقی بەدەركەوتن لەسەردەمی دەسەڵاتی فەلەكەدین كاكەیی وەزیری پێشوو. چونكە كارەكانی ئەو بەڕێزە پشتی بە بیر و سیاسەت و لێزانینی خەڵكی دەوروبەری و دەرەوەی وەزارەت دەبەستی.كە دوواجار كارەكانی بە نغرۆبوونی دامەزراوە ئیعلامیەكانی وەزارەت كۆتایی هات.