مامەیارە ئەحمەد :
لە هۆڵی چۆپی لە هۆتێلی چوارچرا، ئێوارەی شەممەی ڕۆییشتوو، بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆری ڕۆژنامەوانانی هونەری و ناهونەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەری کۆمپانیای “مێ ڤیژن- me vision” (حەسەن غەفوور) و بەڕێوبەری کارەکانی ئەو هونەرمەندە (عەبدولغەفار عەبدوڵڵا) ساز کرا، تێیدا لە بارەی دوا بەرهەمی هونەرمەند زیاد ئەسعەدەوە زانیاریی خرایە بەر دیدەی ڕۆژنامەوانان.
سەرەتا ڕێڤەبەری کارەکانی ئەو هونەرمەندە، پێشەکییەکی لە بارەی هۆکاری سازکردنی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەوە خستە ڕوو، هاوکات دەرفەتی دایە حەسەن غەفوور دا کە وردەکارییەکانی بەرهەمە تازەکەی زیاد باس بکات، ئەویش وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێ ڤیژن وردەکارییەکانی ئاشکرا کرد.
حەسەن ئەوەی خستە ڕوو، کە بەرهەمە تازەکەی زیاد بەم نزیکانە و لە ماوەی مانگێکدا تەواو دەبێت و خۆیشی لە دوای تەواوبوونی بەهەمەکەی دەگەڕێتەوە کوردستان.
هاوکات ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە بەرهەمەکە لە 8 تراک پێک دێت و ئەگەری ئەوەیش هەیە کە زیاتر بن، بەڵام جارێ ئەوە دیار نییە.
لە ماوەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عەبدولغەفار عەبدوڵڵا، زیادی ئەسعەدی خستە سەر هێڵی تەلەفۆن و ئەویش پەیامی خۆی ڕاگەیاند، کە مێدیاکارانیش گوێیان لێ بوو.
زیاد ئەسعەد لە پەیامەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەو کۆمپانیا هونەرییانە و بەڕێوەبەری کارەکانی، هیوایان بەو بەخشییەوە، کە بە بەرهەمی تازەوە بگەڕێتەوە نێو هەوادارنی هونەری و تایبەتی گوێگرانی گۆرانی و مووزیکی کوردی، هاودەم ئەوەیشی دەربڕی کە ئەم بەرهەمە لە ڕووی کوالێتی و ناوەڕۆکەوە جیاوازیی لەگەڵ کۆی بەرهەمەکانی پێشوویدا هەیە و وتیشی لە ڕێگەیەکی جیاوازەوە کارەکانی ئەمجارەی ئەنجام داوە، بەرهەمەکەیشی بە زۆر باش دانا.
دوای تەواوبوونی بەرهەکەی، زیاد ئەسعەد دەگەڕێتەوە کوردستان و ئەو کاتیش کۆنگرەیەکی گەورەی ڕۆژنامەوانی ساز دەکات و لە نزیکەوە ئاشنای ڕۆژنامەوانە هونەرییەکان دەبێت و بەرسڤی پرسە بێ وەڵامەکانیان دەداتەوە، هەروەها بە هاوکاریی ئەو دوو کۆمپانیایەیش کۆنسێرت ساز دەکات، بەڵام دیار نییە کە ئەو ئاهەنگانە بە چی شێوازێک ڕێک دەخرێن”.
ئەو بەرهەمی زیاد ئەسعەد، کە نێوی (سوێند)ـە، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای “بلو ترادەکش و مێ ڤیژن”ـەوە کڕدراونەتەوە، بەڵام نرخی بەرهەمەکەیان ئاشکرا نەکرد، هاوکات ئەوەیان خستە ڕوو، کە بەرهەمی هیچ هونەرمەندێکی دیکە، تا ئێستا نەگەییشتووەتە نرخی بەرهەمەکەی زیاد.
حەسەن وتی:” ئێمە نرخێکی زۆرمان بەو بەرهەمەی زیاد داوە، ئەلبوومەکەی ئەو زۆر لەو نرخەیش شیاوترە کە ئێمە داومانەتێ، چونکە زیاد هونەرمەندێکی گەورەیە”.
حەسەن غەفوور لە بارەی چۆنیەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەکەی دوابەرهەمی زیادەوە، زانیاریی ئەوەی دا، کە 100 هەزار دانەی لێ چاپ دەکرێت و چەند نووسینگەیەکیش لە شارەکانی کوردستان بەڵێنی وەرگرتنی ئەو بەرهەمەیان داوە، هاوکات هەر شارە و تەنیا ناوەندێکی بڵاوکردنەوە ئەو بەرهەمە بەسەر نووسینگەکانی دیکەدا دابەش دەکات. هەروەها نرخی ئەو بەرهەمەیش، لە سەرووی نرخی بەرهەمی هونەرمەندانی دیکەوە نابێت.
ئەو ئەلبوومە تازەیەی زیاد، سەرجەمی تێکست و ئاوازی گۆرانییەکان هیی خۆیین و بە شێوازێکی تازەوە کاری بۆ کردووە، چاودێرانی هونەرییش وای دەبینن، ئەو بەرهەمەی زیاد، قۆناغێکی گەورەی بڕیبێت و گۆرانیی کوردی گەیاندبێتە ڕێچکە ڕاستەکەی.
زیاد ئەسعەد کێیە؟
زیاد ئەسعەد، هونەرمەندێکی بەرناسی کوردە، لە ساڵی 1966 لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر لە دایک بووە، تا تەواوکردنی ئامادەیی پیشەیی لەو شارە خوێندوویەتی، لە ساڵی 1983ـدا دەستی بە کاری هونەری کردووە. یەکەم گۆرانیی ئەو “دوعا دەکەم شەو و ڕۆژان من، بتسوتێنی ئاه و ناڵەی من” بووە، ئینجا چەند گۆرانییەکی دیکەی تۆمار کردووە. یەکەم کاسێتی گۆرانی لە ساڵی 1988ـدا بڵاو کردووەتەوە، لە ساڵی 1989ـدا سەردانی وڵاتی ئێران و چەند هونەرمەندێک دەکات، لەوانە (سەعید قەندی و گۆڵپایەگانی). ئینجا زیاد دەگەڕێتەوە کوردستان و لە 1990ـدا ئەلبوومێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە. دوای سێ ساڵ و لە 1993ـدا ئەلبوومێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە و کوردستان جێ دەهێڵێت و جارێکی دیکە دەچێتەوە ئێران، ماوەیەک لەوێ وانەی (ردەف و ئاواز و چۆنیەتی وتنی گۆرانیوتن) دەخوێنێت و لەوێ فێری زمانی فارسی دەبێت. زیاد دواتر دەچێتە ڕووسیا و لەوێ فێربوونی مووزیک و شێوازەکانی کارکردن لەسەر ستایلە جۆربەجۆرەکانی گۆرانی و مووزیکی جیهانی دەخوێنێت. کە ماوەی 2 ساڵ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و فێری زمانی ڕووسیایی دەبێت. لەوێوە دەچێت کەنەدا و ماوەیەک لەوێیش دەخوێنێت و فێری زمانی “ئینگلیزی” دەبێت. ئینجا دەچێتە وڵاتی سوێد و ماوەی 3 ساڵ لە قوتابخانەیەکی هونەری و کولتووری مووزیکی جیهانی و سوێدی لەو و وڵاتە دەخوێنێت و شارەزایی لەسەر چەند ئامێرێکی مووزیک پەیدا دەکات، لەوانە کیبۆرد و کلارنێت، پێشتریش لە کوردستان زۆر بە باشی لە ئامێری شمشاڵی زانیوە.
زیاد لە 1998ـدا بەرهەمێکی تازەی بە نێوی “نەمزانی” بڵاو کردەوە. لە 2001 چەند گۆرانییەکی دیکە لە ڕێگەی کەناڵی مێدیا تیڤییەوە بڵاو دەکاتەوە. زیاد لە 2003ـدا دوابەرهەمی خۆی بە نێوی “سکاڵا” بڵاو کردوەوە.
زیاد ئەسعەد تا ئێستا زیاتر لە 130 ئاواز و هۆنراوەی داوە بە هونەرمەندانی کورد، لەوانە (ڕۆژ کەریم، ئەژدەر وەهبی، زەکەرییا عەبدوڵڵا، چۆپی فەتاح، لەیلا فەریقی، هێڤی، تارا ڕەسوول، دڵنیا ڕەزازی، ئەیاد حوسێن، پەیوەند جاف، بڵند ئیبراهیم، موحسین عەبدوڵڵا، گۆڤان ڕواندزی، بڵند عەبدوڵڵا، حەسەن غەفوور، دانا بەرواری. هەڵمەت، ئومێد باڵەبان، هەردی سوێدی، کوردە، دیلمان دیۆ، دڵشاد، هەمین سوێدی، موژدین).
زیاد لە دوای 1999ـەوە، ئەزموونی چەندان ساڵەی هونەریی خۆی، کردووەتە هەوێنێک بۆ هونەری گۆرانیی کوردی و توانیی چەندان هونەرمەندی گۆرانیبێژ بهێنێتە نێو بوارەکە.
زیاد ئەسعەد، لە ماڵباتەکەیدا هونەرمەندێکی دیکەی بەرناس هەیە، ئەویش هاوتا ئەسعەدە.