مەسعودى مەلا هەمزە: هونەرمەندى دیار و خاوەن ئەزموون واحید مەرجان لەنوێترین کارى هونەرى خۆیدا شانۆگەرى بووکەڵەى “بەڵێ نیشتمانم خۆش دەوێ” کە بەرهەمى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆیە نمایش دەکا. ئەم شانۆگەرییە کە لە دەرهێنانى هونەرمەند واحید مەرجانەو بەناوى “بەڵێ نیشتمانمان خۆش دەوێ” کاتژمێر 10ى بەیانى رۆژی پێنجشەممە 22/7/2010 لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکان نمایش دەکرێ.
هونەرمەند هیوا سوعاد بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی هەولێر دەربارەى نمایشکردنى ئەو شانۆگەرییە گوتى: شانۆی بووکەڵەى “بەڵێ نیشتمانمان خۆشدەوێ” کە لەدەرهێنانى هونەرمەند واحید مەرجانە وەکو نوێترین بەرهەمى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکان نمایشی دەکەین. شایانى باسە هونەرمەند واحید مەرجان یەکێکە لە هونەرمەندە پێشەنگەکانى کورد و لە ناوەڕاستى سەدەى رابردووەوە چەندین کارى گرنگى بەئەنجام گەیاندووە، وەکو ئەکتەر و دەرهێنەر لە چەندین شانۆگەرى و دراماو فیلم بەشدارى کردووە، جگە لە کارە شێوەکارییەکانى.