زانا دڵشاد دزەیى: نادیە یاسین کە لە تەمەنى شەش ساڵییەوە کوردستانى جێهێشتووە، ئێستا بیرى شارى هەولێر دەکات، دەڵێ “حەز دەکەم لە مەزرەعەیەکى کوردى بژیم، کە پڕبێ لە مریشک و قاز بەخێویان بکەم”. نادیە یاسین خەڵکە شارى هەولێرە و لە ساڵى 1983 کە تەمەنى شەش ساڵان بووە، لەگەڵ خانەوادەکەى خۆیدا کوردستانى جێهێشتووە، ئەو ئێستا یەکێک لە گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکانى کوردە، ئەو جگە لەوەى خاوەن روخسارێکى جوانە، خاوەنى یەک ئەلبوومێکى بڵاوکراوەشە، بە ناوى (تۆم لەبیرە)، نادیە راگەیاند، ئەو زۆر حەز لە سروشت و دار و گوڵ دەکات، دەڵێت “ئێستا پێش ماڵەکەى خۆم پڕکردووە لە گوڵ، کە خۆم و عەلى هاوسەرم بەیەکەوە چاندوومانە، هەروەها حەزم لە بەخێوکردنى هەموو جۆرە گیانلەبەرێکە، خۆشم پێشتر لە ماڵەوە پشیلەیەکم هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەى ئێستا تەمەتى کوڕەکەم (دارین) بچووکە، کە هەشت مانگە، پشیلەکەم نەماوە”، نادیە زۆر بیرى کوردستان و شارەکەى خۆى هەولێر دەکات، دەڵێ “ئەگەر لەدەستم بێت، حەزم دەکەم لە مەزرەعەیەکى کوردى بژیم، کە پڕبێ لە مریشک و قاز و مەڕ و بزن و بەخێویان بکەم، لەبەرئەوەى ئێَستاش واهەستدەکەم منداڵەکەى جارانى هەولێرم، ئەوکاتەى کە لەگەڵ دایکم دەچوومە فڕنى و سەمونى گەرممان دەکڕى”.
نادیە ئەوەش ناشارێتەوە، کە حەز بە کارى ناوماڵ ناکات و دەڵێ ڕاست نییە ئەگەر بڵێم حەزم لە کارى ناوماڵە، بەڵام ناچار هەردەبێ بیکەى، چونکە ئەو دەڵێت “پاک و خاوێنى لەباوەڕدایە، هەروەها عەلى هاوسەرم لە کاروبارى ناوماڵ هاوکارمە، بەڵام خۆم هەموو خواردنێکى ماڵەوە دروست دەکەم و حەزم لە خواردن دروستکردنە، بەشى پاک و خاوێنى ناوماڵیشم زیاتر داوەتە عەلى هاوسەرم”. نادیە لەوەتەى بووەتە دایکى دوو کوڕ، لە کاروبارى ناوماڵ تەمبەڵ بووە و دەڵێ “لەبەرئەوەى منداڵەکانم بچووکن و ئێستا زیاتر وەک مامۆستایەک لە ماڵەوە لەگەڵ دوو کوڕەکەم (دیلان و دارین) خەریکم، کە لە ساڵى (2006)ـەوە وازم لەئیشى بانک هێناوە و دەوام ناکەم، چونکە بۆمن گرنگە دایک لەگەڵ منداڵەکانى لە ماڵەوە بێ”.