هەولێر ٢٥ تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر : سەرچاوەیەک لە کەناڵی سپێدەی ئیسلامی رایگەیاند، کە کەناڵەکە سکاڵایەکی یاسایی دژی لۆکە زاهیری گۆرانیبێژ تۆمارکردووەو تیایدا داوای قەرەبوو دەکەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی کلیپی “هەست”ی ئەو گۆرانیبێژە بەلۆگۆی کەناڵەکە وەک سپۆنسەر.
سەرچاوەکە کە نایەوێ ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی “ئێمە هیچ هاوکارییەکمان وەک سپۆنسەر پێشکەش بە لۆکە زاهیر نەکردووە، لە بڕی هەڵواسینی لۆگۆی کەناڵەکەمان لە کلیپی هەستی ئەو خاتوونە سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە چونکە ئێمە کەناڵێکی ئیسلامین و سپۆنسەری کلیپی هیچ هونەرمەندێک ناکەین ئەگەر گۆرانییەکە ئاینی نەبێت”.
زیاتر گوتی “بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەو لۆگۆیە ئێمە لە سکاڵاکە داوای قەرەبوومان کردووە”.
شایەنی باسە لۆکە زاهیر لە ماوەی رابردوو کلیپی یەکێک لە گۆرانییەکانی بەناوی “هەست” بڵاوکردەوە، کە تێکستی گۆرانییەکە حەمە سەعید ئیبراهیم و میلۆدییەکەشی هەڵکەوت زاهیر ئامادەی کردبوو، هاوکات لەگەڵ ستافێک بەسەرپەرشتی محەمەد جەمیل وەک دەرهێنەر کلیپەکەی وێنەگرت و لە کاتی بڵاوکردنەوەی لۆگۆی کەناڵی سپێدە بەهەڵە دەچێتە سەر گۆرانییەکە”.
(کوردمیلۆدی)
دەرباز یونس