هەڵبەت، لەگەڵ دروستبوونى ناوەند و شوێنگە هونەرى و چاڵاکییە جۆراو جۆرەکانى بەندە لەژێر چەندین ناو. وەک (گروپى هاوکارى پیشەگەر لەهونەردا – هەولێر 2005 لەلایەن (هاوکار رسکن) بەهاوبەشى کۆمەڵێک لە قوتابیانى کۆلیژ و دەرچووانى پەیمانگەى هونەرە جوانەکان دامەزراوە و سێ ساڵ بەبێ هیچ پاڵپشتییەک کارە هونەرییەکانى بەرەوپێشبردووە. تا لە31/3/2008 ەوە لەسەر داواى وەزیرى پێشووى رۆشنبیرى چۆتە سەر وەزارەت و ماوەى زیاتر لە ساڵێک برى “1،000،000” یەک ملیۆن دینارى مانگانە بۆ برایەوە و ئەم برە پارەیەش توانرا زۆرترین یارمەتى هونەرمەندانى پێبکرێت.
بەتایبەتى پیشانگە کردنەوە بۆ هونەرمەندان و گەنجانى نێو ناوەندە هونەرییەکان. بەداخەوە چەند مانگێک بەر لە ئێستا بەهۆى کەمى منحەى ئەم گروپە لەلایەن ئەندامانییەوە هەڵوەشاوەتەوە. دواتر گالەرى دانیاڵ قەساب – هەولێر مەنەفێستى لە 1/1/2008 لەلایەن بەندە وەک خزمەتێک بۆ ئەرشیفکردن و کۆکردنەوەى بەرهەمەکانى پێشەنگى شێوەکارانى باشوورى کوردستان (دانیاڵ قەساب) و خانەوادەکەى. ئەوەبوو شوێنگەیەکمان لەسەر ئەرکى خۆمان دامەزراند بەگوژمەى (80،000،000) هەشتا ملیۆن دینارى چاپى نوێ عێراقى بوو. بەڵام بەهۆى دەرچوونى زۆرى کارى هونەری و بازرگانیم لە ئەوروپا و نەبوونى گوژمەى پێویست. ئەوا پچر پچر نمایشێکى خۆى کرد و بەبۆنەى نەبوونى گوژمەى ستافى پێویست نمایشى گالەرییەکە وەستا. بەڵام لەدوایین جار دواى هەڵوەشاندنەوەى “گروپى هاوکارى پیشەگەر لەهونەردا” لەلایەن ئەندامییانەوە، ئەوەبوو پێشنیارمان کرد کە (گالەرى دانیاڵ قەساب) بچێتە سەر وەزارەت و بتوانێت کارەکانى نمایشبکاتەوە. بەخۆشحاڵیەوە دواى چەند مانگێک رازیبون و لەئێستادا چاوەروانى گوژمەى گالەرى دەکەین بۆ ئەوەى بیتوانین پرۆژەکانى گالەرى ناوبراو وەگەرخەینەوە. پاشان گالەرى شانەدەر – لە کۆتایى 2008 دەستى بەرێکخستن و دامەزراندنى کارەکانى لەهەولێر کردووە. بەتەنها لەلایەن (هاوکار رسکن) ەوە تێچوو و گوژمەى فەرمانبەر و ستاف و یارمەتى دانى زیاتر لە 150 پیشانگەى تایبەت و هاوبەشى هونەرمەندانى کورد و بیانى لە ماوەى 24 مانگى رابردووەوە کردووە. کەنزیکەى (100،000$) سەد هەزار دۆلار بووە. لێرەوەش وەک هەموو جارێک سوپاسى “پارێزگاى هەولێر و جێگرى پارێزگارى هەولێر دەکەین. کەبیناى گالەرى شانەدەر بەخۆرایى درا بەئێمە بۆ خزمەتى گشتى و لەکاتێکدا ئەم شوێنە بۆ خواردنگە دروستکرابوو بەڵام لەبەر نەبوونى گالەرى بەردەوام لەهەولێرى پایتەخت ئەوان بەئەرکى سەرشانیان هەڵستان و بەندەش وەک هونەرمەندێک تێچووى بەردەوامى و زۆرینەى نمایشەکانى وەک خزمەتى گشتى میوانانى ناوخۆیى و بیانیانى پایتەختى گرتە ئەستۆ و لەماوەى زیاتر لە 18 ساڵى رابردووى لایەنى پەیوەندیدار نەتوانرا گالەرییەکى بەردەوام رێک بخەن. بەڵام لەکۆتایدا لەسەر دەستى ئێمە یەکەمین گالەرى هونەرى بەردەوام لەهەموو رۆژێکدا کرایەوە و تا ئەمرۆکەش تێچووەکەى بەندە دابینى دەکات. دواتر کۆمپانیاى هونەرى هاوکار گروپ بۆ داهێنانى هونەرى لە 22/4/2009 لە هێلسنکى دامەزراو هەمیسان (هاوکار رسکن) وەکو بەرپرسى کۆمپانى و چەند برادەرێکى ئەوروپى دەستمان بەکارەکان کرد. دواى ئەویش ئیچ. گى. پردى هونەرى کوردى بەهەمان شێوە لەنێوان هونەرمەندانى کورد و بیانى بە سەرپەرشتى بەندە وەک بەرپرس و دابین کردنى تێچوو و پەیوەندییەکانى ناوخۆى کوردستانم گرتە ئەستۆ. واتە شەش مانگ بەر لەئێستا بۆ تێکەڵاوى بەرهەم و پرۆژەکانى ناوخۆى کوردستان بەدەرەوە و بەتایبەت پرۆژە هونەرییەکانى بەندە و تیمەکەى و نمایشەکانى گالەرى شانەدەر و دواتر گۆرینەوەى بەرهەمەکانى نێوانمان و ئاشناکردنیان بەیەکترى. ئەوەبوو چەندین هونەرمەند لەرێگەى ئەو پردەوە سوودمەند بوون لەوانە هونەرمەندانى (کورد و عەرەب و دانیمارکى و فەرەنسى و ئەڵمانى و ئەمریکى و ئیرانى) بێگومان ئەمەش تێچووێکى زۆرى گەرەک بوو. دوایین جار کردنەوەى هۆڵى نیاندەرتاڵ بوو لە هەولێر نزیکەى پێنج مانگێک بەر لەئێستا بوو. ئەمیش بەهۆى داواکارى زۆرى شێوەکارانى کورد و بیانى بۆ پیشاندانى بەرهەمەکانیان توانیمان بەهاوکارى جێگرى پارێزگارى هەولێر هۆڵێکى گونجاو رێک بخەین بۆ ئەوەى نمایشە تایبەتەکانیش بخرێنە بەرچاوى میوانانى ناوخۆیى و بیانیان. لێرەدا ئەم هۆڵەش تێچووى خۆى هەیە، بەهۆى ئەوەى ئەو هونەرمەندانەى کە داواى پیشانگە دەکەن وا دەزانن ئێمە دەزگایەکى حکومین، بەڵام ئێمە دواى ئەوەى دەزانین ئەوان سەردانى لایەنى پەیوەندیداریان کردووە و داواکەیان بەهەند وەرنەگیراوە و لەسەر گوژمەى خۆیان کارەکە دەکەن و منیش وەک خۆم بەراستى هەست بە شەرمەزارى دەکەم و ناچار لەسەر یەکێک لەناوەندەکان تێچووى پێویستییەکانى بۆ دابین دەکەم. کە لەراستیدا ئەم هەمووە یارمەتییە کارى من نییە.
لەکۆتاییدا مەبەستمە ئەوە بڵێم لێدوانەکانى من لەسەر هەر مەسەلەیەک دەبێت بیبەستمەوە بە ناوەندە هونەرییەکەیەوە. بەڵام من لە ئێستا تەواوى ئەو ناوەندانەى باسم کرد و چەند ناوەندێکى تریش کە تایبەتن بە کارى هونەرى بازرگانى تایبەتى خۆم وەکو ئاماژەم پێکردووە لەدواهەمین جار بۆ ئەم ناوەندانە دەیکەمەوە خزمەت. کە ماندوو بوونى کارى سەرجادە و باڵەخانەى بەرز و هاتن و چوون و نەخەوتنى شەو و سەرقاڵبوونى رۆژەکانمە و واز هێنانم لەخوێندنى باڵا لەدەرەوە و دانەمەزراندنم لە کۆلێژ و وەزارەتەکان. تەنها لایەنى پراکتیکى و سەرقاڵبوونم بۆ ئەم ناوەندە هونەرییانە بووە. کەوابێت من لەگەڵ ئەم رۆژنامەنووسە بەرێزە کە قسەم کردووە. بریتى بووە لە هاوکارى نەکردنى من لەبۆ چەند پرۆژەیەکى تازە. کەبەرێزى باش لەبیرى ماوە. بەدەر لەوەى من باس لەم شوێنگە هونەرییانەم کردووە کەزۆربەیان هاوکارى نەکراون. بەتایبەتى لەرووى مادییەوە، تەنها ئەم ساڵەى “گروپى هاوکار” نەبێت کە وەزارەتى رۆشنبیرى برى (1،000،000) یەک ملیۆنى بۆ برینەوە. دیارە من لەدوایین پرۆژەکانمدا، پێشنیارى دامەزراندنى گالەرییەکى هونەرى ستانداردم بۆ هەولێرى پایتەخت کردووە لەماوەى پانزە مانگى رابردوودا و ماوەى زیاتر لە پێنج مانگ هاتووچۆم کردووە و رەزامەندبوون و پەشیمانبوونەتەوە و بەدەر لەو هەمووە رۆتینەى کە هەیە. دواجار داواى پارچە زەوییەکم کرد لەسەر ئەرکى خۆم گالەرییەکە دروست بکەم ئەویش هەر رۆژێک قسەیەک دەکرێت و بگرە وەڵامیشت نادەنەوە و بەتەنها لەبەر ئەوەى بۆ هونەر و کالتورە. بەداخەوە گەر بۆ چێشتخانە و پارکى ئوتومبێڵبوایە هەرزوو رازى دەبوون. وە دواتر وەک گالەرى شانەدەر داواى پیشانگەیەکى سێ مانگیم بۆ هونەرمەندانى هەولێر کرد بەخزمەتگوزارییەکى زۆرباش کەتەواوى چاودێریکردن و رێکخستنەوەى هەر سێ مانگەکە لەسەر بودجەى تایبەتى گالەرى شانەدەر بێت. بەڵکو ئەم ترادسیۆنە سێ رۆژییەى پیشانگە کردنەوە بشکێنین و بتوانین ئێمەش بۆ ماوەى چەند مانگێک نمایش بکەین و پێشتریش بەرێز بەرێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر وتى بۆ داواى پیشانگە کردنەوە ناکەن. بۆیە ئێمە وەکو گالەرى شانەدەر ئەم داواکارییەمان بەرزکردەوە و کەچى دواى یەک مانگ سۆراغى نووسراوەکەمان کرد و لەدوایدا لەبەرێوەبەرایەتى هونەرى شێوەکارى و وەزارەتەوە هیچ وەڵامێکى نەبوو. بێگومان دەیان جار داواکارى هونەریمان بۆ خزمەتکردنى ئەم شارە کردووە، کەچى هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە. کەواتە کەمن گلەیى و هاوکارى نەکردنم کردبێت. هەرچەندە ناوى هیچ لایەنێک نەهێنراوە هیچ کامێکیان لەم گفتوگۆیەى کە لەهەفتانە یا گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاوکراوەتەوە. لەبەر ئەوەى بەندە وەک چێژێکى تایبەتى خۆى ئەم ئەرکەى گرتۆتە ئەستۆ. بەتایبەت لەبارەى دروستکردنى ئەو گالەرییە. کە چەندین کارى دواخستم لەئێستاشدا زیاتر هەوڵى بۆ دەدەم و ئەوەتا لەدوایین جار بریارمدا لەسەر ئەرکى خۆم دروستى بکەم تەنها زەوییەکەم بۆ دابین بکەن. واتە ئەم گلەیەم بەتایبەتى بۆ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێرە کە بەداخەوە زۆر بە سادەیى وەڵامى نووسراوەکەیاندابووەوە. کەچى من چەندین جار هەوڵى ئەم نووسراوە و بەرزکردنەوەیم دابوو. دیارە ئەم گلەییەش دەکرا وەک (هاوکار رسکن) لە هێدلاینى بابەتەکە بەکاربهێنرابایە. لەبەر ئەوەى ئەم شوێنە تا ئێستا دروست نەبووە. هەر چەندە داواکارییەکە لەلایەن (ئێچ. گى. پردى هونەرى کوردى بەرزکرابوەوە و تێچووەکەشى هاوکار گروپ ئارت کۆمپانى بۆ داهێنانى هونەرى) دەیگرتە ئەستۆ. دواتر بەهۆى ئەوەى ” گروپى هاوکارى پیشەگەر لەهونەردا” هەر پرۆژەیەکى کردبێت لەماوەى سەر بەوەزارەتى رۆشنبیرییەوە، بەتەواوەتى ئاماژەى بە ناوى وەزارەتى رۆشنبیرى کردووە. واتە ئەو برە پارەیەى لەو ماوەیەى وەرى گرتووە هەموو کات ئاماژەى پێکراوە. بەهەمان شێوە پرۆژەکانى تریش هەریەکە و ناوەندێک بەرێوەى بردووە و لۆگۆ و ناونیشانى ناوەندەکانى بەسەرەوەبووە. لەکۆتایدا داواى لێبوردن لەهەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ناوییان لەم روونکردنەوەیە هات و سوپاسى ئەو کەسانە دەکەین کە بەهەر شێوەیەک یارمەتى یەکێک لەشوێنگە هونەرییەکانى ئێمەیان داوە، بەهەر جۆرێک. ئەوا ئێمە وەک ئەخڵاقێکى هونەرى ئاماژەمان پێکردووە. بەتایبەت پارێزگەى هەولێر کە دابین کردنى شوێنى گالەرى شانەدەرى بۆمان رێکخستووە. زیاتر لە دەیان هەزار زانیارى و لیفلێتمان بڵاوکردۆتەوە و لەهەموویان سوپاسمان کردوون و شوێنێکى تایبەتمان بۆ تەواوى هاوکارەکانمان لە نێو بڵاوکراوەکانمان دابین کردووە.
هونەرمەند/ هاوکار رسکن
15/11/2010