پێدەچێ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان خەریکی ئامادەکاری بێ بۆ کۆنگرە، بۆیە وا بەرە بەرە لە لقەکانیدا ئەندامان بۆ کۆنگرە دێنە هەڵبژاردن، وەک هەموو جارێکیش حزبەکان سەرەتاتکێیانە بۆ هەڵبژاردن و ناردنی زۆرترین ڕێژەی ئەندامانی خۆیان بۆ ئەو کۆنگرەیە، لە کەرکووکیش لە 27/11دا وایانکرد.
من ئەندامی کارای ئەو سەندیکایەم و ناویشم لە لقی کەرکووکە، بۆ ئەو هەڵبژاردنە چەندان ڕۆژنامەنووسی پارتی پێوەنییان پێوە کردم تا بەمەبەستی چوونیان بۆ کۆنگرە دەنگم مسۆگەر بکەن، بەڵام من لەبەر ئەوەی (کادیرێکی تڕۆکراوی پارتیم) بۆیە هەموو ئەو برادەرانەم ئاگادار کردەوە کە ئامادە نیم بێم و دەنگ بەهیچ کاندیدێکی حزب بدەم، بۆ ئەم مەبەستەش لە پێوەندییەکدا برای بەڕێز (لەتیف فاتیح فەرەج) سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیشم ئاگەدار کردەوە کە من ئامادە نابم و دەنگیش نادەم.
کەچی لە ڕۆژی 27/11دا کاتێک ستافەکەی پارتی لە کەرکووک پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیان ئەنجام دا، یەک لەو ڕۆژنامەنووسانە کە هاوکات لەناو پارتیدا بەرپرسیاریەتیشی هەیە، لەبری من و بەناوی منەوە دەنگی بەخۆی داوە، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر ئاگەدارم کردبووەوە کە ڕازی نابم هیچ کاندیدێکی حزب دەنگی من بۆ خۆی بەرێت.
بۆیە لەم ڕوونکردنەوەیەمدا مەبەستمە تەواوی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش ئاگەدار بکەمەوە لەوەی من دەنگم نەداوە و دەنگەکەیشم بێ ئاگەداریی خۆم هاتووەتە بەکارهێنان. بۆیە داواکارم سەرپەرشتیارانی ئەو پرۆسەیە داوای لێبوردن بکەن.