زانا دڵشاد دزەیى : “کچى ئەو هەولێرەم و 27/9/ 1983 لە گەڕەگى ئازادى لە دایکبوومە و خۆم کچى گەورەى ماڵم، ساڵى 2007 کۆلیژى یاسام تەواوکردووە، بەهۆى هەژاریەوە دەستم بەکارى راگەیاندن کرد و لەوێشەوە وەک کچە پێشکەشکارێک ناسرام”. ئەوەندە قسەى کچە راگەیاندنکارى شنۆ هەولێرییە، کە ماوەیەکە لە راگەیاندن دوورکەوتۆتەوە، ئێستا لە لقى شانزەى پارتى دیموکراتى کوردستان کارى حیزبایەتى دەکات.
ساڵى 2001 شنۆ هەولێریى لە گۆڤارى “گوڵان” وەک پەیامنێر دەستى بە کارى رۆژنامەوانى کرد و دواتر لە تەلەفزیۆنى ناوخۆی “گوڵان” لە هەولێر دەرکەوت و وەک کچە پێشکەشکارێک ناسرا، کە وەک خۆى ئاماژەى دەکات، لەبەر هەژارى و دەستکورتى هاتە ناو کارى راگەیاندن، دەڵێت “زۆر سوپاس بۆ خوا کە هەژار بووم، ئەگەر کچى پیاوێکى دەوڵەمەندبووام نەیدەهێشت کار بکەم، کچێک دەبووم هیچم نەدەزانى، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا بارى دارایمان زۆر باشە”. بەڵام ئێستا شنۆ کارى حیزبایەتى لە لقى شانزەى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات و ماوەیەکە لە کارى راگەیاندن دوورکەوتۆتەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت “لەبەرئەوەى وا هەستدەکەم ئێستا راگەیاندنى کوردى ئیشى بووەتە خەڵک هەڵخەلەتاندن، تەنیا خەڵک فێرى چەپڵەلێدان و شایى دەکەن، راگەیاندنێکى فشەیە، وەختى خۆى سەدام حوسێن گەلى کوردى دەخافلاند بۆئەوەى داواى مافەکانى خۆیان نەکەن، چەندین بەرنامەى تەرفیهى پێشکەش دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەستێک هەیە دیسان هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، بەڵام ئێمەى کورد ئاگامان لێى نییە. تاوەکو راگەیاندنى کوردى بەمشێوەیە بێت ئیشى تێدا ناکەم”. تاکو دوو ساڵى رابردوو شنۆ هەولێریى لەکەناڵى ئاسمانى “نەورۆز” بەرنامەیەکى تایبەتى بۆ باسکردن لەکێشەکانى ئافرەت و نەهێشتنى توندوتیژى دژى ئافرەتانى کوردستان ئامادە و پێشکەش دەکرد، بەڵام دواى چەند مانگێک لە پێشکەشکردنى، دەستى لە بەرنامەکە هەڵگرت، شنۆ دەڵێت “ئینسان دواى ئەوەى شتێک دەکات، دەرئەنجام دەگاتە قەناعەتێک، من تێگەیشتم ئافرەت هیچ کێشەى نییە، بەڵکو خۆیان کێشە بۆخۆیان دروست دەکەن و زوڵم لەخۆیان دەکەن”. شنۆ نموونەیەک بۆ قسەکانى خۆى دێنێتەوە دەڵێت “زۆرجار بۆ میواندارى بەرنامەکەم داوام لە ئافرەتەکان دەکرد بێن قسە بکەن، بەڵام 10 دەقیقە پێش بەرنامەکە تەلەفۆنیان دەکرد، دەیانگوت: ببوورە سکمان دێشى ناتوانین ئامادەبین.. ئافرەت هەبوو دەیگوت: نەشتەرگەریم کردووە ناتوانم بێم، ئافرەت کە ئامادە نەبێت باسى کێشەى خۆى بکات بۆچى داواى ماف دەکات؟ دواتر من وەک خۆم ئەوەندەى کە لە ئافرەتانى سجنى ئەحداس و جاکساسى نزیکبوومەوە و سەردانم کردن، هەستمکرد ئەو کێشانەى ئافرەتان لە کۆمەڵگەى ئێمەدا روودەدات دیارە نییە، بەڵکو حالەتن، ئەوە شتێک نییە ئێمە ئەوەندە گەورەمان کردووە، لەهەموو وڵاتێک ئەو جۆرە کێشانە هەیە”. هەروەها شنۆ دەڵێت “من گەیشتمە ئەو قەناعەتەى دینى ئیسلام و کۆمەڵگەى کوردى رێزى ئافرەت دەگرێ، بۆیە دەستم لە بەرنامەکە هەڵگرت، ئەگەر بەرنامەکە مابوایە، ئەوا تەنیا بۆ دەرخستنى خۆم دەبوو”. لە وەڵامى ئەو پرسیارەى تاچەند ئیستیغلالکردنى ئافرەت لە دەزگاکانى راگەیاندن بوونى هەیە، شنۆ دەڵێت “ئافرەت بەدەست خۆیەتى، ئەگەر خۆى نەیەوێ کەس ناتوانێ ئیستغلالى بکات، پاشان ئەگەر ئافرەتەکە خاوەن بڕوانامە و رۆشنبیر بێت، دیسان کەس ناتوانێ ئیستغلالى بکات، بەڵام لەئەساسدا بەڵێ ئیستغلال وجودى هەیە”.
شنۆ هەولێریى، کە لە لقى شانزەى پارتى دیموکراتى کودستان کارى حیزبایەتى دەکات و تموحێکى زۆرى هەیە، کە بەشێوەیەک دەیەوێت بگاتە پلەى سەرکردایەتى حیزبەکەى، لە باسکردنى تموحەکانى خۆى دەڵێت “ئاواتمە رۆژێک لەتەنیش کاک مەسعود سەرۆکى پارتى و سەرۆکى هەرێم دانیشم و پێم بڵێ: تۆ وەک ئافرەتێک توانات زۆرە و دەتوانى کاربکەى، ئینشاڵڵا نامرم ئەو ئاواتەم دێتە دى، بگەمە پلەى سەرکردایەتى و لە سەرۆک بارزانى نزیک بمەوە”.
هەرچەندە شنۆ باوەڕێکى زۆرى بە قسمەت و نسیب هەیە، بەڵام پێنج مەرجى بۆ شووکردنى خۆى داناوە، کە دەبێت هەر پێنج مەرج لە سیفاتى ئەو کوڕەدا هەبێت، کە دەبێتە هاوسەرى ئایندەى شنۆ، مەرجەکان “یەکەم شت حەزدەکەم کوڕێکى زۆر قۆز و جوان بێت، دووەم ژنانى نەبێت، سێیەم وەک خۆم جلى کوردى لەبەربکا و ئاغایانى بێت، چوارەم غیرەى هەبێت، پێنجەم رۆشنبیر بێت و لێم تێبگات. ئەگەر کوڕێک ئەو مەرجانەى هەبێت، بێگومان لە ئێستاوە من بەخێرهاتنى دەکەم”. هەر لە درێژەى قسەکانیدا شنۆ ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، تائێستا هیچ کچێک بەهێندەى ئەو خوازبێنى نەهاتووە، هەولێریى دەڵێت “ئەوکاتەى من کارى پێشکەشکاریم دەکرد ببوومە سەروێردى زمانى هەموو کەسێک، رۆژێکیان هاتمە بازاڕ بینیم کوڕێک تەلەفۆن بۆ کوڕێکى دى دەکرد و دەیگوت: ئێستا لە مەسیف بگە هەولێر، شنۆ هەولێریى وا لە بازاڕە، خۆزگە رۆژێک دێنە سەر ماڵپەرى فەیسبووکەکەى خۆم، تاوەکو ئێستا کەسێک قسەیەکى هەڵەى پێم نەگوتووە، نامەکان ببینن پێتان سەیر دەبێت ئەو هەموو خەڵکە خۆشەویستیان بۆم هەیە، ئەوەندەى داواکارى زەواجم لێکراوە لە ماڵپەرى فەیسبووک، باوەڕناکەم هیچ کچێکى کورد ئەوەندە خوازبێنى کرابێت”.