زانا دڵشاد دزەیى : شێروان شەیدا، حەیرانبێژێکى ناسراوى شارى هەولێرە، دواى دوو ساڵ ونبوونى لە تەلەفزیۆن و بەرنامە فۆلکۆرییەکەى، دەڵێت “لەبەرئەوەى ئیشى من کەلتوور و فۆلکلۆرە، کەس پشتگیرم ناکات”.
شێروان شەیدا، دواى کلیپکردنى حەیرانێک و پێشکەشکردنى بەرنامەیەکى کەلتوورى لە کەناڵى نەورۆز، کە حەیرانبێژان داوەت دەکران، وەک حەیرانیبێژێکى جەمارەرى ناسرا، بەڵام دوو ساڵە لەگەڵ نەمانى بەرنامەکەى، تائێستا دەرنەکەوتۆتەوە، لەو بارەیەوە شێروان شەیدا بۆ (سڤیل) دەڵێت “بوارى کەلتوور و فۆلکلۆر لە کوردستان پشتگیرى لێناکرێ، دەنا من فەرمانبەرى وەزارەتى رۆشنبیریم باوەزارەت بڵێ: بڕۆ بەرنامەى کەلتوورى پێشکەش بکە، ئەگەر مەبەستیان بێت با کۆنسێرتێکى حەیران ساز بکەن”، شەیدا گوتیشى “ساڵانە کۆمەڵێک کەس دەچنە دەرەوەى وڵات، بۆئەوەى کەلتوورى کورد بە دەرەوە بناسێنن، ئایا ئەوانەى چوونە لە من باشترن؟”. شێروان شەیدا ئاماژە بەوەشدا دەدات، ماوەى دوو ساڵە بەرنامەکەم نەماوە کەس نەیگوت بۆچى، دوو ساڵە وەستاوم نازانم چارەسەرى چییە، دەشڵێت “من لێرەوە پرسیارێک لە کەناڵەکان دەکەم، ئەگەر پرۆژەیەى بەرنامەیەکى فۆلکۆریان پێشکەش بکەم، دەیانەوێت؟ ئەگەر مەبەستیان بێت خزمەت بە کەلتوورى کوردەوارى بکەن من ئامادەم، پرۆژەى بەرنامەیەکى کەلتووریان پێشکەش بکەم”.