زانا دڵشاد دزەیى : ئەو دوانزە ساڵە لە تەلەفزیۆن کاردەکات، سێ مانگە لەگەڵ داخرانى کەناڵى نەورۆز دەرنەکەوتووە و زۆرێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان داوای دەکەن، بەڵام ئاشنا بڕیارى داوە، سەتەلایت نەبێ، ڕازى نییە.
ئاشنا عومەر، لە ساڵى 1982 لە سلێمانى لەدایکبووە و بەشى مۆسیقاى لە پەیمانگاى هونەرە جونەکانى هەولێر خوێندووە، بەڵام ئەو بە راگەیاندنکار ناسراوە، وەک خۆى دەڵێ لە ساڵى 1998 لە تەلەفزیۆنى هەرێم کارى کردووە، ئاشنا دەڵێت “ئەو سێ مانگەى سەتەلایەتى نەورۆز داخراوە، منیش وەک هەموو کارمەندەکانى ئەو سەتەلایتە لە شاشە ونبووم، پاشان ویستم ئەو ماوەیە لە ماڵەوە ئیسراحەت بکەم، بۆیە جارێ بڕیارم نەداوە لە داهاتوودا لەگەڵ کام سەتەلایت دەستبەکار دەکەمەوە”. ئاشنا کە لە چاڵاکى قوتابخانەکانى دەشتى هەولێر مامۆستایە و ئاماژە بەوە دەدات، ئەوەندەى کە ئیشى تەلەفزیۆنى بەلاوە خۆشە، ئەوەندە پیشەى مامۆستایەتییەکەى بەلاوە خۆش نییە، دەشڵێ “زۆرێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان، داوایان لێکردووم کاریان لەگەڵ بکەم، بەڵام قبووڵم نەکردووە و لە سەتەلایتەوە ناگەڕێمەوە ناوخۆیى، ئەگەر بچمەوە سەرشاشە، دەبێ کەناڵەکە ئاسمانى بێ”. ئاشنا عومەر، لە 2004 چووتە ناو ژیانى هاوسەریى و ئێستا دایکى دوو کچە و دەڵێ “مەحالە واز لە راگەیاندن بێنم”. لە بارەى خۆشترین بەرنامەکانى خۆشیەوە ئاشنا دەڵێت “هەموو بەرنامەکانەى پێشکەشم کردوون، پێمخۆش بووە، لەناو هەموو بەرنامەکانیش (شەوێک بۆ تۆ)، کە لە تەلەفزیۆنى نەورۆز پێشکەشم دەکرد، هەروەها هەردوو بەرنامەى (ئێوارەى کوردستان و هەواى دەشتێ) کە لە سەتەلایتى نەورۆز پێشکەشم دەکرد، بەلاى منەوە زۆر خۆشبوون، ئەو سێ بەرنامەیە بینەرى زۆریان هەبوو”.