دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە هونەرمەندی بە توانا ( دەشنێ موراد ) لە ئەلبومی یەکەمی ( هێلا هۆپ ) بە دەستی هێنا و لە کوردستان و جیهان بە شاکیرای کوردی ناوی دەکرد ، ئێستا ناوبراو خەریکی بڵاو کردنەوەی ئەلبوومێکی تازەیە بە ناوی ( شیکە واوا ) و دەیەوێت دووبارە بێتەوە بەر گوێی گوێگرانی و ئەمجارە مناڵانیش … لە لێدوانێکیدا دەشنێ موڕاد بە شێوەیەکی زۆر تایبەت سەبارەت بەم ئەلبوومەی ووتی : ئەم ئەلبوومەم لە 15 تڕاک پێکهاتووە و سەرجەم ئاوازەکانی لە لایەن مامۆستا ( هەڵکەوت زاهیر ) دانراوە ، کە لە نێویدا گۆرانیەک تایبەت بۆ منداڵان هەیە بە ناوی ( تەیر ) و گۆرانیم بە بادینی و هەورامیش وتوە .
لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشنێ موراد وتی : لە نێو ئەم ئەلبوومەمدا چەند گۆرانیەک هەن کە تایبەتن بە ژیانی خۆم لە ڕووی تێکست و ستایلیش ، گۆرانکاری زۆر باشم کردووە و سودم لە ڕەخنە دروستکەرەکان وەرگرتووە کە لە ئەلبوومی یەکەم ئاراستەم کرا و هەروەها بە گۆرانیش وەڵامی ڕەخنە ڕوخێنەرەکانم داوەتەوە . شایەنی گوتنە وا پێ دەچێت ئیتر دەشنێ موراد بیەوێت لە ڕێگەی کلیپەکانیدا وەڵامی ڕەخنەی ڕوخێنەر بداتەوە بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت کارەکانی ئەم جارەی دەشنێ زۆر جیاواز بن لە ڕوی کلیپ کردەوە . هەروەها دەشنێ ووتی لەم ئەلبوومەم گۆرانیەکم کردووە بە ناوی ( ڕۆژی لە دایک بوون ) کە بە شێوەیەکی دوێت لەگەڵ هونەرمەند میرا وتوومە کە شێوەیەکی ستانداری هەیە و زۆر بە جوانی کلیپم بۆ کردوە لە کوردستان .دەشنێ موراد لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد کە ماوەی دوو ساڵە چەندین قوربانی داوە لە پێناو هونەر و گۆرانی گوتن ،بۆیە ئێستا بە کارێکی پڕۆفیشناڵتر دەگەڕێتەوە و هەردەم خۆی هیلاک دەکات بۆ کاری باشتر چونکە ( دەشنێ ) ـیەکی زۆر قوڵی دۆزیوەتەوە لە بواری هونەرو هیواداریشە زیاتر کاتەکانی بۆ هونەر تەرخان بکات و بتوانێ کاری جوانتر بکات .
دەشنێ وتی هەموو میلۆدیەکانی ئەم ئەلبوومەم مامۆستا ( هەڵکەوت زاهیر ) دایناوە و تێکستەکانیش لە لایەن هەر یەک لە بەڕێزان ( حەمە سەعید ئیبراهیم ، ئەدیب چلکی ، ب تاڵەبانی ، مامۆستا سەیدی ، هەڵکەوت زاهیر ، دەرباز یونس ) نووسراون ، هەروەها دابەشکردنی موزیک لە لایەن ( هێمن حوسێن ) و کاری دەنگ لە لایەن کاوە شێخ و کاری موزیکیش لە وڵاتی تورکیا کراوە .
ڕاگەیاندنی شانێل موزیک
دەرباز یونس