هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەیوب عەلی) یەکێکە لە هونەرمەندە دیار و بەرچاوەکانی ئەمڕۆی گۆرەپانی گۆرانی کوردیی، خاوەنی چەندیین بەرهەمی ناوازەی جوان و سەرنج راکێشە، ئەو هونەرمەندە ماوەی پتر لە (15) ساڵە خەریکی کاری هونەریی گۆرانی گوتنە، توانیویەتی تا ئێستا لە رێگەی (4) ئەلبومی گۆرانی و هەروەها چەند گۆرانییەک بە شێوەی (سینگل) سەرنجی جەماوەرێکی زۆر بەلای خۆیی دا رابکێشێت.
هونەرمەند (ئەیوب عەلی) لە نوێترین هەواڵی تازەیی هونەریی دا دەربارەی دوایین کار و پرۆژەی خۆی، لە لێدوانێکی دا بۆ هەفتەنامەی “هونەر” ئاشکرای کرد، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردن و تۆمار کردنی ئەلبومێکی تازەی گۆرانییەو، گوتی : “هەرچەندە من پارساڵ ئەلبومێکی گۆرانییم بڵاو کردەوە، بەڵام لەسەر داواکاری زۆری جەماوەرکەم، کە رۆژانە بە چەندیین ئیمیل پەیوەندیم پێوە دەکەرێت و، داوام لێکراوە ئەلبومێکی تازەی گۆرانی بەرهەم بهێنم، لە نێوان ئەو داواکاریانەدا هاتووە و بەتایبەتی داوام لێکراوە، لەسەر ئەو ستایلەی کە پێشتر کارم لەسەر کردووە، کاری بەرهەم هێنانی ئەلبومێکی گۆرانی ئەنجام بدەم، منیش بڕیارمداوە ئەلبومێکی تازەی گۆرانی بەرهەم بهێنم بۆ ئەوەی جارێکی تر دڵی جەماوەرەکەم رازی بکەمەوە، چونکە وا هەست دەکەم من لەسەر ئەو ستایەلەی پێشووترم سەرکەوتوو ترم”.
(ئەیوب) دەربارەی ئەو ئەلبومە تازەیەی گوتیشی : “ماوەی ساڵێک زیاترە خەریکی بەرهەم هێنان و ئامادەکارییم بۆ گۆرانییەکانی ئەو ئەلبومە تازەیەم، ئەرک و ماندوو بونێکی یەکجار زۆرم کێشاوە، تاوەکو بتوانم کارێکی تازە بهێنمە بوون، لەگەڵ چەند موزکیژەنێکی زۆر چاک کاری ئامادەکاری موزیکی گۆرانییەکانی ئەم جارەم ئەنجامداوە، لەوانە هونەرمەندی هاوڕێم (گۆران کامیل) کاری چەند گۆرانییەکی ئەلبومەکەمی ئەنجامداوە و بەشێوازێکی چاک کارەکانی بۆ کردووم”.
(ئەیوب عەلی) دەربارەی ناوەرۆکی ئەلبومە تازەکەی ئاشکرای کرد و گوتی:”ئەلبومەکەی ئەم جارەم لەوانەیە (11) گۆرانی پێک بێت، بەڵام جارێ هیچ ناوێکم بۆ دیاری نەکردووە، زۆربەی تراکی گۆرانییەکانم خۆم هۆنراوە و ئاوازم بۆ داناوە، هەروەها شاعیران (جەبار حەبیب، ئەدیب چەلکی) تێکستی چەند گۆرانییەکیان بۆ نووسیوم، هونەرمەند (زانا جەبلی)ـیش، گۆرانییەکی بۆ ئامادە کردووم، بەشێوەیەکی گشتی هەوڵم داوە ئەم جارە کارێکی تازە پێش کەشی جەماوەری هونەر دۆستی کوردستان بکەم، هەورەها (3) گۆرانی بە شێواز و ستایلێکی تازە کارم لەسەر کردووە، کە پێشتر لەسەر ئەو جۆرە شێوازە گۆرانییم نەگوتووە”.
دەربارەی بڵاو کردنەوەی ئەلبومەکەی لە رێگەی چ کۆمپانیایەکەوە جێ بەجێدەکرێت؟ لە وەڵامدا هونەرمەند گوتی : “ئەو ئەلبومەم لەلایەن کۆمپانیای (ئاڤا میدیا) ئەرکی بەرهەم هێنانی سەرجەم کارەکان لە ئەستۆی خۆیان گرتووە، دوای تەواو بوونی کارەکان هەر لە رێگەی ئەوانەوە چاپ دەکرێت و پاشان بڵاو دەکرێتەوە”.
(ئەیوب عەلی) هونەرمەندی گۆرانیبێژ هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کرد، دوای بڵاو کردنەوەی ئەو سیدیە تازەیەی ئارەزوو دەکات زنجیرە کۆنسێرتێک لەشارەکانی کوردستان ساز بکات، لەمبارەیەوە گوتی : “من هەمیشە بیرم لەوە کردۆتەوە لە کوردستان کۆنسێرت بۆ جەماوەرەکەم ساز بکەم، بەڵام بە شێوازێکی رێک و پێویستە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە پلان بۆ ئەو کارە دابندرێت، بۆ ئەوەی کارێکی باش پێش کەشی جەماوەر بکەم، لەدوای بڵاو بوونەوەی ئەو ئەلبومە پێم خۆشە چەند زنجیرە کۆنسێرتێک لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی ساز بکەم”.
لە کۆتایی دا هونەرمەند (ئەیوب عەلی) دەربارەی کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو ئەلبومە تازەیەی روونی کردەوە و گوتی : “ناتوانم کاتی بڵاو کردنەوەی دیاری بکەم، چونکە زۆر جار لە بەردەم کارێکی هونەریی دا بچوکترین گرفت ماوەیەک ئیش و کارەکان دوا دەخات، ئێستاکە ئەلبومەکەی من لە قۆناغی کۆتایی دایە، هیوادارم بتوانم لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاو بکرێتەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا