مەسعودی مەلا هەمزە : لاوكی خەزان پرۆژەیەكی دیكۆمێنتی تەحسین فایقە بۆ كەسانی گەورەو داهێنەر، ئەو پرۆژەیەش بە ژیانی محەمەد ئەحمەد ئەربیللی دەستی پێكرد. بەشی یەكەمی فیلمی لاوكی خەزان، كە لە ئامادەكردن و دەرهێنانی تەحسین فایقەو ماوەكەی 34 خولەكە باس لە ژیانی هونەرمەندی گەورە محەمەد ئەحمەد ئەربیللی دەكا، گروپی شوناسی هونەری بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما بەرهەمی هێناوە.
تەحسین فایقی دەرهێنەر گوتی: پرۆژەی لاوكی خەزان كە پرۆژەیەكی دیكۆمێنتی- هونەری خۆمە، بڕیارە لەو پرۆژەیەدا 21 فیلمی دیكۆمێنتی دەربارەی ژیانی 21 كەسی بە ئەزموون بەرهەم بهێنرێ، یەكەم بەشیشی فیلمێكی دیكۆمێنتی بوو لەسەر ژیانی هونەرمەند محەمەد ئەحمەد ئەربیللی و من كاری ئامادەكردن و دەرهێنانم بۆی كرد”.
تەحسین فایق گوتیشی: لەو فیلمەدا هەوڵمداوە ئەربیللی وەكو خۆی و بەقەد گەورەیی خۆی بە بینەران نیشان بدەم، بۆیەش كۆمەڵێك لایەنی گرنگی ژیانی ئەو هونەرمەندەم وەرگرتووە”.
شیاوی گوتنە هونەرمەند محەمەد ئەحمەد ئەربیللی لەدایكبووی ساڵی 1933ی شاری هەولێرە.