زانا گهڵاڵی: لەپێشبرکێیەکدا بۆ ھەڵبژاردنی سەرکەوتووترین دەنگ بۆ ساڵی (٢٠١٠) لەوڵاتی نیوزلەندا کچە کوردێک بەناوی سۆما سیروان پلەی دووەمی بەدەستھێنا.
ئەو پێشبڕکێیە کەبەناوی (Find A Star ٢٠١٠ دۆزینەوەی ئەستێرەی A ٢٠١٠)، لەبەرنامەی (The Good Morning Show) کە لەتەلەفزیۆنی نیوزلەندا بەڕێوەچوو، ئەم کچە کوردە کە لەدایکبووی شاری ھەولێرە، لەنێو (٣٠٠) بەشداربووی بەرنامەکە توانی پلەی دووەم بەدەستبێنێت بەمەش توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنێت و ببێتە ئەستێرەی ساڵ و خۆی ئامادەبکات بۆ تۆمارکردنی یەکەم ئەلبوومی.
سۆما سیروان-ی تەمەن (١٩) ساڵان کە ناسراوە بەتانیا قادر، لەلێدوانێکی بۆ کوردستانی نوێ، وتی: تەمەنم (٩) ساڵان بووە گۆرانیم دەوت، ھەروەھا لەیوتیوب گۆرانییەکی زۆرم داناوە بۆئەوەی خەڵک لەھەموو وڵاتان سەیری بکەن.
وتیشی: لەوڵاتی نیوزلەندا بەشداری زۆر ئاھەنگم کردووە بەتایبەتی ئاھەنگەکانی کریسمس و ساڵی تازە، ھەروەھا لەخوێندنگە ساڵی (٢٠٠٨) لەکۆی (٢٠٠٠) بەشداربوو من پلەی یەکەمم بەدەستھێنا.
سەبارەت بەتۆمارکردنی یەکەم ئەلبوومیشی وتی: بەڵێنم پێدراوە یەکەم ئەلبووم تۆماربکەم، کە میوزیکژەنی ناوداری نیوزلەندی ( John Steven) پشتگیریم دەکات، بەھیوام بشتوانم لەئایندەدا لەکوردستان ئاھەنگ ئەنجامبدەم.
سۆما لەدایکبووی شاری ھەولێرەو تەمەنی چوار مانگ بووە بنەماڵەکەیان کوردستانیان جێھێشتووە، بڕوانامەی خوێندنی لەبواری گەشتوگوزاری وەرگرتووە.
بۆ گوێگرتن لەبەرنامەی (The Good Morning Show) لەگەڵ سۆما سیروان ئەم لینکە کلیک بکە: