زانا دڵشاد دزەیى : هونەرمەند ئەنوەر شێخانى، کە لەنێو خەڵک بە “سمایل” ناسراوە، سکرتێرى رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستانە، بەڵام ئەو بەشێوەیەک لەرێکخراوەکەى ناڕازییە، تووشى جگەرەکێشانى زۆریکردووە، رۆژێ سێ پاکەت جگەرە دەکێشى.
ئەنوەر شێخانى بە مەبەستى بەشداریکردنى لە فیلمى “یەک مۆمگ و دوو مۆمگ” ئێستا لە ئاکرێیە، ئەو فیلمە لە سیناریۆ و دەرهێنانى جانۆ رۆژبەیانییە و باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگەى کوردى دەکات. ئەنوەر شێخانى سکرتێرى رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستانە، بەڵام ئەو لە رێکخراوەکەى ناڕازى، دەڵێت “گلەیى لەخۆم دەکەم، چونکە بەلاش خۆم تووشى سەرئێشەى رێکخراوى هونەرمەندان کرد، ویستم لە رێکخراودا خزمەتى هونەرمەندان بکەم، بەڵام ئەوەى من دەمویست لە 5% بەدڵم نەبوو”. شێخانى کە پێشتر لە رۆژێکدا پاکەتێک و نیو جگەرەى دەکێشاوە، دەڵێت “ئێستا رۆژێ سێ پاکەت جگەرە دەکێشم، کارەکانى ئەو رێکخراوە جگەرەى پێزیاد کردووم، زۆر قەهرى پێخواردووم، لەوانەیە کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر حالەتى دەروونم کردبێت، بەڵام ئێستا لەو شاخ و داخەى ناوچەى ئاکرێ خەریکى کارى هونەریم، واهەستدەکەم تازە لەدایکبوومە”. هەروەها دەڵێت “بەنیازم بەیەکجارى واز لە جگەرە بێنم، بۆئەوەى زیاتر بژیم، چونکە ژیانى گەنجێتیم بەلاش چوو، ئەو بوارەى کە ئێستا بۆ گەنجەکان رەخساوە بۆ کارى هونەرى، لە کاتى خۆیدا ئەو بوارە بۆ ئێمە نەبوو بتوانین کارى جوان بکەین، زۆرجار دەڵێم سەد خۆزگە بیست ساڵ تەمەنم بچووکتر بوایە”.