رۆژى 17ى ئەو مانگە هەردوو هونەرمەند لۆرین بەرزنجى و هۆگر هرورى ئاهەنگى زەماوەندى خۆیان لە وڵاتى سوید ئەنجامدا. لۆرین بەرزنجى، ساڵى 1983 لە قامیشلو لە دایکبووە و ئێستا لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە، ساڵى پار دواى یانزە ساڵ بۆ یەکەمجار سەردانى قامیشلوى کردەوە و هەر لەو سەردانەیدا لۆرین ئاهەنگى ئەڵقە گۆڕینەوەى لەگەڵ کامێرامان هۆگر هرورى ئەنجامدا و گەڕانەوە سوید.
دواى یەک ساڵ لە ئەڵقە گۆڕینەوەیاندا، رۆژى 17/9/2010 لۆرین و هۆگر ئاهەنگى رێورسمى زەماوەنەکەیان بەئامادەبوونى ژمارەیەک لەهونەرمەندان و خزم و هاوڕێیانى هەردوولا لە ستۆکهۆلمى پایتەختى وڵاتى سوید سازکرد و “هەمووان گوتیان پیرۆزە”. لۆرین بەرزنجى لە چاوپێکەوتنێکى خۆیدا لەگەڵ (سڤیل)، کە لە ژمارەى داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە، دەڵێت “من و هۆگر برادەرى کاربووین، بەڵام هێدى هێدى ئەڤیندارى لە نێوانمان دروستبوو و بووە شتێکى جدى، ئێستا یەکەم شت هاوڕێین و پاشان هاوسەر”. لۆرین لە ساڵى پاردا لە ئاواز و تێکستى خۆى گۆرانییەکى بۆ قامیشلو تۆمارکرد و ئێستا کلیپەکەى ئامادەى بڵاوبوونەوە کردووە، گوتى “ئەو گۆرانییە ناوى (قامیشلو)ـە و باس لە سەردەمى منداڵی من دەکات، کە چۆن نیوەى تەمەنم لە قامیشلو بووە و نیوەکەى دیکەشم لەوڵاتى سوید”. لۆرین دەبێتە خاوەن چوار کلیپ، “بەڵام ئەو کلیپە لاى من زۆر شیرینە، چونکە باسى ژیانى خۆم دەکات”.