مەها، ناوى ئەو کچە ئەسیوپیایەیە، کە ئێستا لە کوردستان دەژى و زۆریش لە گۆرانى دەکات، لە میلۆدى هەڵکەوت زاهیر و تێکستى حەمە سەعید ئیبراهیم گۆرانییەکى بە ناوى “لە ئەسیوپیاوە بۆ کوردستان” بە زمانى کوردى تۆمار کردووە.
لەو بارەیەوە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر، کە ئاوازدانەرى گۆرانییەکەیە بە (سڤیل)ـى راگەیاند، مەها خەڵکى وڵاتى ئەسیوپیایە و لە بنەماڵەیەکى هونەرى گەورە بووە و ئێستا لە کوردستان دەژى، لە بارەى بیرۆکەى گۆرانییەکەش گوتى “من زۆر سوپاسى هونەرمەند دەشنێ دەکەم، کە بیرۆکەى گۆرانییەکى واى پێشکەش کردم، بتوانم گۆرانییەک لە موزیکێکى غەربى و نزیک لە کەلتوورى خۆیانەوە بە زمانى کوردى بۆ مەها دروست بکەم، ئێستا گۆرانییەکە ئامادە کراوە، بە ناوى لە ئەسیوپیاوە بۆ کوردستان”. گوتیشى “لە ماوەیەکى نزیک لە شارى هەولێر کلیپ بۆ کلیپ بۆ گۆرانییەکە دەکرێ، کە سیناریۆیەکى واقیعى دەبێت، هەندێ موفاجەئەى تازەى تێدایە و چەند هونەرمەندێک لەناو ئەو کلیپە دەردەکەون”.