شانیا تەنیا مانگێکە بووەتە خاوەن ئەلبوومێکى بڵاوکراوە و ئێستا سەرەتایى ناوبانگ دروستکردنە، بەڵام دەڵێت “ئەگەر ببم بە بەناوبانگترین هونەرمەند، من هەر واز لە پیاسەکردنى ناو بازاڕ و ئیسکان ناهێنم”
شانیا بە رەگەز عەرەبە و ساڵى 1985 لە بەغدا لە دایکبووە، دوو ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە و تەنیا مانگێکە یەکەم ئەلبوومى بە زمانى کوردى بڵاوکردۆتەوە، کە لە 10 گۆرانى پێکهاتووە و سەرجەم ئاوازەکانى لەلایەن هونەرمەمەند هەڵکەوت زاهیرەوە دانراون. شانیا بە (سڤیل)ـى راگەیاند، گۆرانى گوتن و ناوبانگ دروستکردن ناتوانن لە پیاسەکردن دوورى بخەنەوە، گوتى “نامەوێ ستایلى ژیانم بگۆڕم، پێمخۆشە وەک جاران بڕۆم بۆ ناو بازاڕى هەولێر و ئیسکان و چاک و چۆنى لەگەڵ خەڵک بکەم و بگەڕێمەوە، قەت لە پیاسەکردن بێزار نابم”. بەڵام شانیا وەک خۆى باسى دەکات، کاتێک لە هەولێر لەناو بازاڕ و ئیسکان پیاسە دەکات، هەموو خەڵک دەیناسن و ناوێرن وێنەى لەگەڵ بگرن، “بەڵام لەسلێمانى خەڵک رامدەگرن و تەعاروفم لەگەڵ دەکەن و پیرۆزبایى ئەلبوومەکەم لێ دەکەن، دەڵێن: حەز دەکەین وێنەت لەگەڵ بگرین”.
شانیا لە بارەى پرۆژەى داهاتووى خۆیەوە رایگەیاند، بۆ دووەم ئەلبوومى بەنیازى کارکردنە لەگەڵ چەند ئاوازدانەرێک و شاعیرانى بەناوبانگى عەرەب لە بەغدا، گوتیشى “ئێستا سێ گۆرانیم بەشێوەزارى عێراقى ئامادە کردووە، بەنیازم چەند گۆرانییەکى فۆلکلۆرى کوردى بەبێ دەستکارى بڵێمەوە، یەک لەوانە گۆرانی هونەرمەند عومەر دزەیى، کە من زۆر حەزم لە گۆرانییەکانیەتى”.