نمەخان گەڕایەوە ئەوروپا و تەلەفۆنێکى بۆ بکەن دێتەوە
کچەکانى ئێستا جوانن و تەمسیلکردنیان لاوازە
دواى چوار ساڵ نیشتەجێبوون لە وڵاتى بەریتانیا، نمەخان بەسەردانێک لەگەڵ هاوسەرەکەى و کچە تاقانەکەى “ڤینۆس” گەڕایەوە کوردستان، تابان یاسین کە لە دراماى “نمەخان” لەنێو خەڵکدا بە نمەخان ناسراوە، لەو چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ (سڤیل) قسە لەسەر کارە هونەرییەکانى و چەند لایەنێکى تایبەتى خۆیشى دەکات.
تابان یاسین، ساڵى 1980 لە سلێمانى لە دایکبووە و ساڵى 2000 خوێندنى زمان و ئەدەبى کوردى لە زانکۆى سلێمانى تەواو کردووە، ساڵى دواتر هەر لە زانکۆى سلێمانى بە ئەهلى زمانى ئینگلیزی خوێندووە و لە قۆناغى خوێندنى زانکۆ تێکەڵ بە هونەر بووە، کە تائێستا لە سێ دراما و کورتە فیلم، نۆ شانۆگەرى بەشدارى کردووە، تابان یاسین بەهۆى بەشداریکردنى لە دراماى “نمەخان” بەو ناوە ناسرا، کە رۆڵى “نمەخان”ـى دراماکەى بەرجەستەکرد و هەر لەو درامایەشدا لەنێو خەڵکدا ناوبانگى دەرکرد، تابان یاسین دەڵێت “لەبەرئەوەى چیرۆکى دراماى نمەخان کۆمەڵایەتى بوو و یەکەمجاربوو درامایەکى تەلەفزیۆنى باس لە گەنج بکات، هەروەها یەکەمجاربوو درامایەک ئەو ژمارە زۆرەى ئافرەتى تێدابێت، ئەوە وایکرد دراماکە سەرکەوتوو بێت و بتوانێ بچێتە ناو خەڵک”. تابان لە کارە سەرەتاییەکانى خۆى تەواو رازى نییە، بەڵام پێى وایە جورئەتەکەى لە کارەکانى بەرچاو و سەرکەوتوویى کردبوو، دەڵێت “من لە تەمسیلکردن جورئەتێکم تێدابوو، زۆرجار لە کاتى وێنەگرتن لە خۆمەوە قسەى دیکەم زیاد دەکرد و گۆرانیم دەگوت بێئەوەى لە دەقەکەمدا هەبێت، لە دراماى نمەخان گۆرانییەکەى دیارى قەرەداغیم گوت، کە دەڵێت: من نمەى بارانى ئەودیو.. شووشەکەى وێرانەمە.. ئەو شتێکى تازەبوو ئافرەتێک لەناو تەمسیل گۆرانى بڵێت، ئەو جورئەت و گۆرانى گوتن و شتانەى کە خۆم زیادم دەکرد زیاتر لە دراماکە سەرکەوتووى کردم، هەرچەندە تەواو لێى رازى نیم، هەستدەکەم ئێستا لەرووى تەمسیلکردنمەوە باشترم”. تابان ساڵى 2006 شوویکرد و دەڵێ هەر بەهۆى زەواجەوە کوردستانم جێهێشت و چووم بۆ وڵاتى بەریتانیا، ئیستا کچێکم هەیە بە ناوى “ڤینۆس” 4 ساڵ. بەڵام تابان بڕیارى داوە ئیتر لە کوردستان دانەبڕێت و دەڵێت “هەر ئیشێکى گەورە و جوان هەبێت لە کوردستان، بەس تەلەفۆنێکم بۆ بکەن بۆ تەلەفۆنەکەى ئەوروپام، ئامادەم بێمەوە کوردستان کارەکە بکەم و بگەرێمەوە، چونکە زۆرم پێم خۆشە ساڵى جارێک بێمەوە بەشدارى درامایەک بکەم و بگەڕێمەوە”.
تابان یاسین، لە وڵاتى بەریتانیاوە لەرێگەى کەناڵە کوردییەکان موتابەعەى هەموو ئەو دراما کوردییەکانەى کردووە، کە لە سێ ساڵى رابردوودا بەرهەمهاتوون، بەبڕواى ئەو “هەموو شتێک پێشکەوتووە، تەنیا دەرهێنەرى باشمان کەمە”. لەگەڵ ئەوەشدا تابان یاسین دەڵێت “زۆر دڵخۆشم کچان و ئافرەتانى زۆر هاتوونەتە بوارى دراما، زۆربەیان روخساریان زۆر جوانە و دەتوانم بڵێم کچى زۆر جوانمان هەیە لەدراماى کوردى، بەڵام لەرووى تەمسیلەوە لەو باشەدا نین، هیوادارم لەرووى تەمسیلیشەوە خۆیان زیاتر بەهێز بکەن”. تابان ئەوەش دەخاتەسەر قسەکانى خۆى و دەڵێت “پێشتر لە دراماکان کچ دەستنەدەکەوت، هونەرمەند کامەران رەفیق هەتا منى دەستکەوت بۆ دراماى نمەخان و هەتا چەند کچێکمان رازى کرد، دنیا گەڕاین، دۆزینەوەى کچ زۆر زەحمەت بوو”. تابان ئەوەشى ئاشکرا کرد، زۆرترین پارە کە تائێستا لە تەمسیلکردن وەریگرتووە 5 هەزار دینارى ئەوکاتى سویسرى بووە، چونکە ئەو دەڵێت “چوار ساڵ لەمەوبەر کە ئیشى درامام کردووە حەقى ئەکتەری خۆم وەرنەگرتووە، سێ مانگ تەمسیلمان دەکرد و لە بەیانییەوە ماڵەوەمان جێدەهێشت تا شەو، بیتەوێ یان نا کچێک لە بەیانییەوە تا شەو بچێتە دەرەوە، قسەى خەڵکت دێتەسەر، ئینجا 100 دۆلارمان وەردەگرت! تەنیا لە دراماى نمەخان رازى بووم، کە بۆ یەکەمجارم بوو 5 هەزار دینارى سویسرى وەربگرم و زۆر پێى مورتاحم بووم، وابزانم من یەکەم کەس بووم ئەو پارەیە وەربگرم”.
هەرچەندە کەس “نمەخان”ـى بە جلى کوردی نەبینیووە، بەڵام هێندەش حەزى لە جلى کوردییە تەنانەت بۆ زۆربەى ئاهەنگەکانى بووکگواستنەوە جلى کوردى لەبەرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نمەخان دەڵێت “بەڵام من بەجلى کوردى شەڕى مۆدێلات ناکەم و حەزم لە جلى کوردى فۆلکلۆرییە، یەک جلى کوردى کۆنم هەبێت و ئێکسواراتى زیوى لەسەر بێت، زۆر بەلامەوە جوانترە لە چل دانەى ئەو جلە کوردیانەى، کە مۆدێلى تازەن”. نمەخان دەستخۆشى لە دیزاینەر “دڵگەش موراد” دەکات، کە دیزاینەرى جلى کوردییە لە لەندەن، بەڵام هەر نەیتوانى جلە کوردییەکەى لەلاى دڵگەش بدوورێت، چونکە دەڵێت “نرخى دوورینەکەى زۆر گرانە، حەزمکرد جلێکى کوردیم بۆ بکات و تەلەفۆنم بۆیکرد و گوتى: بە 300 پاون بەس بۆت دەدوورم، کە دەکاتە 500 دۆلار، توانام نەبوو ئەوەندە بدەم”.
تابان باس لەوەشکرد، ئەگەر ژن و مێرد هەردووکیان هونەرمەند بن، ماڵەکەیان وێران دەبێت و پێویست ناکات ماڵ دروست بکەن، چونکە تابان پێى وایە “ئەگەر ژن و پیاوەکە هەردووکیان هونەرمەند بن کاتیان نامێنێتەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەرکى ناوماڵ و پەروەردەکردنى منداڵ، چونکە هونەرمەند بۆ خاترى کارە هونەرییەکانى، کاتێکى زۆر لە دەرەوە ماڵ سەرف دەکات، لەبەرئەوە ئەگەر هەردووکیان هونەرمەند بن پێویست ناکات ماڵ دروست بکەن و ماڵەکە وێران دەبێت، هیچ نەبێت دەبێت یەکێکیان ژنەکە یاخود پیاوەکە پابەندبوونێکى هەبێت بە ماڵ و منداڵەکەى”. تابان یاسین، کە هاوسەرەکەى هونەرمەند نییە و دەڵێت “من زۆر سوپاسى هاوسەرەکەم دەکەم، ئەوکاتەى من لە وێنەگرتنى کارى هونەریم، منداڵەکەم بۆ بەخێو دەکات و کارەکانى ناوماڵ جێبەجێ دەکات، ئەوەى کە تەرازووى ماڵەکەى راگرتووە هاوسەرەکەمە”.