زانا دڵشاد دزەیى : رێژنە دڵدار، کچى هونەرمەند تارا عەبدولڕەحمان، رۆژى 9/11/ لە نمایشى شانۆگەرى “دەرچوانى گەنج” لەهۆڵى “گەل” شارى هەولێر، بۆ یەکەمجار لە کارێکى شانۆیى دەردەکەوێت، کە وەک ئەکتەر بەشدارى تێدا کردووە، دەڵێت “ئەگەر هاوکارى هونەرمەند (تارا)ـى دایکم نەبا، منیش نەمدەتوانى بێمە ناو کارى هونەری”.
رێژنە دڵدار، قوتابى قۆناغى سێیەمى شانۆیە، لە بەشى نواندنى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى هەولێر، تائێستا بەشدارى لە دوو زنجیرە دراما و دوو فیلم کردووە، بە (سڤیل)ـى راگەیاند “ئەگەر دایکم هونەرمەند نەبا و پاڵپشتى ئەویش نەبا، منیش نەمدەتوانى بێمە ناو کارى هونەرى، ئێستا خۆشحاڵم کە دەتوانم رێچکەى دایکم بگڕم”. رێژنە کە یەکەمجارە بەشدارى لە کارى شانۆیى دەکات و دەڵێت “یەکەمجارە بەشداری لە شانۆگەریەک کردووە، بە ناوى (دەرچوانى گەنج) لە نووسینى دکتۆر فەیسەڵ میقداد، وەڕگێران و دەرهێنانى سلێمان گەلالەیى، کە رۆژى 9/11/2010 لە هۆڵى گەل لە شارى هەولێر نمایش دەکرێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت”. رێژنە لە بارەى ناوەڕۆکى شانۆگەرییەکەوە گوتى “ئەو شانۆگەرییە باس لەو دەرچوانەى گەنج دەکات، دواى ئەوەى خوێندن تەواو دەکەن دەگواسترێنەوە بۆ دەرەوەى پایتەخت، جارێکى دى هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە پایتەخت، واهەستدەکەن تەنیا پایتەخت دەتوانێت بوونى ئەوان دەسەڵمێنێت”. کە بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆ لە هەولێر، بە هاوکارى گروپى شانۆڤانى کورد، شانۆگەرییەکە نمایش دەکات.