خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (چۆپی)، ساڵانێکە لەبواری گۆرانی گوتندا کار دەکات و خاوەنی چەندیین بەرهەمی گۆرانییە، ئەو خانمە گۆرانیبێژە لەو چەند رۆژەی دوایی دا، بەسەردانێک گەڕایەوە بۆ کوردستان، لەمیانەی لێدوانێکی دا بۆ هەفتەنامەی “هونەر” هاتە ئاخاوتن و باسی لەچەند کار و پرۆژەیەکی تازەی هونەریی خۆی کرد
لەسەرەتای قەسەکانی دا ئامانجی سەردانەکەی ئەم جارەی بۆ کوردستان بەم شێوەیە باسکرد و گوتی : “بەنیازی تۆمار کردنی ئەلبومێکی تازەی گۆرانییم، کە بەشێکی پێکدێت لەمەقاماتی ڕەسەنی کوردیی، لەوانەیە ئەو ئەلبومە (14) لە خۆی بگرێت، گۆرانییەکان بە شێوەیەکی هاوچەرخ لە ستۆدیۆی میلۆدی کاری دابەشکردنی موزیکی لەلایەن (هێمن حوسێن)ـو کاری تۆماری دەنگی لەلایەن (ئاکۆ عومەر) ئەنجام دەدرێت.
گوتیشی : “جگە لە تۆمارکردنی ئەو ئەلبومە تازەیەم، لەو ماوەیەدا گۆرانی (میرێ پەیڤان)، کەیەکێکە لەگۆرانییەکانی ئەلبومی (کریستاڵ) کاری کلیپم بۆ بە ئەنجام گەیاند، تێکستی ئەو گۆرانییە لەلایەن (ئەدیب چەلکی) نووسراوە، ئاوازی (هەڵکەوت زاهیر)ـە، لەوڵاتی هۆڵەندا لەلایەن (شۆرشڤان) لەگەڵ ستافێک لەوڵاتی هۆڵەندا کاری ڤیدیۆ کلیپەکەیان بۆ ئامادە کردم، لەم چەند رۆژەدا لەسەرجەم کەناڵەکان بڵاو کرایەوە”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (چۆپی) ئاماژەی بۆ ئەلبومە ئینگلزەکەی کرد و گوتی :”کاری تۆمارکردنی ئەلبومە ئینگلزیەکەم تەواو بووە، ئەو ئەلبومە کە بەزمانی ئینگلیزی سەرجەم گۆرانییەکانم گوتووە، لە (7) تراک پێکهاتووە، تەنها کاری ماسترینگی ماوە ئەنجام بدرێت، یەکێک لە گۆرانییەکانی ناو ئەو ئەلبومەم لە بەیروت کلیپ کردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە tv یەکاندا بڵاو دبێتەوە”.
هەر دەربارەی ئەو ئەلبومەی، کە بەزمانی ئینگلیزی تۆماری کردووە (چۆپی) گوتی : “هەرچەندە یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەلبومە ئینگلزیەکەم بڵاو بۆتەوە، ئەو گۆرانیەش پارساڵ کاری کلیپی بۆ کرا لە کوردستان و بڵاو کرایەوە، بەڵام چەند کۆمپانیایەک لە لە هۆڵەندا و بەریتانیا، داوایان لێکردووم کۆنسێرتیان بۆ ساز بکەم، بەڵام جاری هیچ بڕیاڕێکم لەمبارەیەوە نەداوە چونکە سەرقاڵی چەند کارێکی دیکەی هونەرییم پێویستە لەکاتی خۆیی دا تەواویان بکەم”.
لەکۆتایی دا (چۆپی) گوتی : “ئەم ساڵ سالێکی زۆر خۆشبوو بۆ من، چونکە توانیم پلەی خوێندنەکەم بەسەرکەوتوویی تەواو بکەم، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە دەروناسی بەدەست هێنا، هەروەها بەنیازم ساڵێکی دیکەدووبارە دەست بکەمەوە بەخوێندنلە بوارەکەی خۆمدا بروانامەی ماستەر بەدەست بهێنم، بەڵام یەک پشوو دەدەم و ئەم ساڵم تەرخان کردووە بۆ کارە هونەرییەکانم، چونکە هەندێک کاری هونەرییم بەهۆی خوێندنەکەم، لەکاتی خۆیی دا تەواو نەکردووە، پێویستە بە ئەنجامیان بگەینم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا