هونەرمەندی دەنگ خۆش و بە ئەزموونی بواری گۆرانی و موزیک (خالید رەشید) یەکێکە لەو هونەرمەندە ناسراو ناودارانەی کورد، کە ساڵانێکی زۆرە خزمەت بە بواری موزیک و گۆرانی کوردیی دەکات، ئەو هونەرمەندە خاوەن و دەنگ و ستایلێکی تایبەت بە خۆیەتی، بەرهەمە ناوازەکانی ئەو هونەرمەندە هەمیشە وەک بەرهەمێکی ڕەسەن و کوردانە چاوی لێدەکرێت، لەنێو بەرهەمەکانی (خالید رەشید)ـدا هەمیشە بۆنی وەفا و عەشق و نیشتمان دەکەیت و هەمیشە بانگەوازی ئاشتەوایی و تەبایی دەخاتە بەر گوێچکەمان.
هونەرمەند (خالید رەشید) لەساڵی (2005)ـەوە بەرهەمی تازەی گۆرانی بڵاو نەکردۆتەوە، ماوەیەکی زۆرە دەبیستین (خالید رەشید) خەریکی کۆکردنەوەو ئامادە کردنی ئەلبومێکی تازەی گۆرانییە، لە ئێستا ئەو بەرهەمە تازەیەی هونەرمەند بەرەو قۆناغی کۆتایی رۆیشتووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری چاپی بۆ ئەنجام دەدرێت و بڵاو دەکرێتەوە.
هونەرمەند (خالید رەشید) لە لێدوانێکی دا راگەیاند : “ماوەیەکی زۆرە خەریکی ئامادەکاری گۆرانییەکانی ئەو ئەلبومە تازەیەم، ئەرک و ماندوو بونێکی زۆرم لەگەڵی دا کێشاوە، سەرجەم ئەرک و ماندوو بونەکە و لەسەر گیرفانی خۆم بووە، تەنیا (3) گۆرانی نەبێت بەڕێز (عیرفان زەنگەنە)ـی کۆچکردوو، بەرپرسی کۆمپانیای چوار چرا، ئەویش لەبڕی داهاتی ئەلبوی پێشووترم کە لە ساڵی (2005) لەلایەن کۆمپانیاکەی ئەوان بڵاو کرایەوە، بەر لەوەی کۆچی دوای بکات ئەرکی بەرهەم هێنانی ئەو چەند گۆرانیەی خستە ئەستۆی خۆی سوپاسی دەکەم، ئەگەرنا پارەی هیچ وەزارتێک و هیچ لایەنێک نەهاتۆتە گیرفانم بۆ تۆمار کردن و بەرهەم هێنانی گۆرانییەکانم”.
هونەرمەند دەربارەی ناوی ئەلبومە تازەکەی و هۆکاری ناو لێنانی بەناوی “جگەر گۆشەکەم” گوتی : “ئەو ئەلبومە تازەیەم بەناوی (جگەر گۆشەم)، ئەو ناوەش لەوەوە سەرچاوەی گرت، ئەم ساڵ لەکاتی کۆکردنەوە و تۆمار کردنی ئەلبومە تازەکەم بووم، خوای گەورە کوڕێکی پێ بەخشیم، ئیتر هەستم وابوو گۆرانییەکانیشم هەر وەک جگەر گۆشەیەکن لەلام و خۆشمدەوێن و بەشێکن لە هێزی من توانای من جگەری من بەشێکن لە قودرەتی عەقلی جەسدی من، جگە لەوانەش زۆر ماندوو دەبم لەگەڵیان تا ئامادەیان دەکەم، بۆیە پێم باشبوو ئەو ناوەی لێبنێم، هەر چەندە پێش ئەوە ناوێکی دیکەم دانا بوو، بەڵام لە دوای دا گۆڕیم چونکە هەندێک کەس پەلاماریان داو بردیان”.
(خالید رەشید)ـی هونەرمەند دەربارەی ناوەرۆکی ئەلبومە تازەکەی گوتی : “ئەو ئەلبومە تازەیەم لە (9) تراکی گۆرانی پێکهاتووە، هۆنراوەکان پێکهاتوون لە شیعری هەریەک لە شاعیران (عەبدوڵڵا پەشێو، جەمال شارباژێری، ئیسماعیل حەسەن، ئەحمەد مەحەمەد، ئامانج تاریق ساڵح، ساڵح بێچار) ئاوازەکانی سەرجەم گۆرانییەکان خۆم دامناون، بە شێوەیەکی گشتی ئەم جارە تێکەڵیەکیم کردووە لە شێوازی هەڵبژاردن و ستایلی گۆرانیەکانم، بۆ نموونە گۆرانی شادی تێدایە گۆرانی خەمگینی و نیشتمانی و چەند جۆرێکی دیکەی لەخۆی گرتووە”.
(خالید رەشید) کاری تۆمار کردنی ئەو ئەلبومە تازەیەی لە شاری هەولێر ئەنجامداوە و لەمبارەیەوەش گوتی : “کاری تۆمار کردنی ئەو ئەلبومە لە ستۆدیۆی میلۆدی لەشاری هەولێر، بەهاوکاری هەریەک لە هونەرمەندان (هێمن حوسێن، سەید ئەحمەد رەواندزی) خۆشم بە ئامێری (عود، کلارنێت و نەی) بەشدارییم کردووە لەگەڵیان، هەروەها (ئاکۆ عومەر) کاری دەنگی بۆ جێ بەجێکردووم، سوپاس هاوکاریی و ماندوو بونیان دەکەم، کاری ماسترینگ و میکسی گۆرانییەکانم لە وڵاتی سوید ئەنجامداوە”.
دەربارەی کاتی بڵاو کردنەوەی ئەلبومە تازەکەی هونەرمەند (خالید رەشید) گوتی : “بە پێی گرێبەستێک ئەلبومەکەم داوە بە ناوەندی بڵاوکردنەوەی هونەری “ئارۆ” لە شاری سلێمانی، ئیتر ئەوان خۆیان دەزانن کەی بڵاوی دەکەنەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا