زانا دڵشاد دزەیى :نادیە حەز ناکات بۆ میدیاکان باس لە ژیانى تایبەتى خۆى بکات، کە پێیوایە غەردێکى گەورە لە مایکل جاکسۆن کراوە، “بۆیە دائیمەن کە یادى مایکل دەکەمەوە بۆى ناڕەحەتم”. خانمە گۆرانیبێژ نادیە یاسین، خەڵکى شارى هەولێرە و لە تەمەنى منداڵیەوە لەگەڵ خانەوادەکەى کوردستانیان جێهیشتووە، ئێستا لە وڵاتى کەنەدە نیشتەجێیە و دایکى دوو کوڕە، لە پەیوەندیەکیدا راگەیاند، حەز دەکات نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستان بێت و چەند گۆرانییەکى نوێش تۆمار بکات، دەشڵێ “ئەگەر ئەمجارە هاتمەوە کوردستان، پێمخۆشە کلیپێک بکەم”.
نادیە دڵى بەناوبانگ خۆش نییە و دەڵێ، چونکە خەڵک بەدواى نهێنییەکانى ژیانى ئەو کەسانە دەکەوێت کە ناوبانگیان هەیە، ئەوەشى ئاشکرا کرد، خۆى یەکێکە لەو کەسانەى حەزناکات کەس بێتە ژیانیەوە، “بۆیە زۆرجار دەڵێم ناوبانگ بەشێکى خۆشە، بەڵام بەشێکى زۆرى تاڵ و سەرئیشەیە”. نادیە نموونەى قسەکانى بە مایکل جاکسن گۆرانیبێژى پۆپى ئەمەریکى دێنێتەوە و دەڵێت “مایکل جاکسن بەهەموو گەورەیى و هونەرمەندایەتییەى خۆى، چونکە زۆر باس لە ژیانى تایبەتى دەکرا، ئەو پیاوە لەبەین چوو، من دائیمەن کە یادى دەکەمەوە بۆى نارەحەتم، چونکە پیاوێکى هەتابڵێى دڵناسک و خوڕەوشتبەرز و بە موحبەت بوو”.