لەو ڕۆژانەدا دیمانەیەکى هونەریم لەگەڵ هونەرمەند دلێر عەبدولقادر سازکرد و لە ڕۆژنامەى خەبات لە دوا لاپەڕەدا وەک خۆى بێ زیاد و کەم بڵاوبۆوە ،
کەرەستەى ئێمەى ڕۆژنامەنووسانیش بۆ هەردیمانەیەک و زانیاریەک ڕیکۆرد و کامیراکانمانە بۆ تۆمارکردنی قسەو زانیارى ئەوانەى دەیاندوێنین ، چونکە زۆر هەن دواى بڵاوبوونەوەى قسەو زانیاریەکان ، پاشگەزدەبنەوە و نکۆڵى لەوە دەکەن ئەو قسانە ئەوان خاوەنى بن ، ڕۆژنامەنووسانیش هەمیشە پێشى هەر کارێکى ڕۆژنامەوانى بیر لە دروستبوونى کێشەیەکى یاسایى ئەوها دەکەنەوە ، بۆیە هەمیشە پشت ئەستوورن بە بەڵگەکانیان کە دەنگ و وێنەیە لەو کاتەوەى کێشەکان دەگەنە دادگا بۆ یەکلایى کردنەوە.
ئەوەى لەو دیمانەیە ئەو هونەرمەندە باسى کردووە ، ڕاى خۆیەتى نەک ڕاى من وەک ڕۆژنامەنووسێک ، ئەو کە داواى مافەکانى خۆى لە یەکێ لە کۆمپانیا هونەرییەکان دەکات، ئەرکى من وەک ڕۆژنامەنووسێک تەنها گواستنەوەى قسەکانیەتى نەک پشتگیرى کردن لێى ، دواى بڵاوبوونەوەى دیمانەکە کۆڕەک تیلیکۆم ڕوونکردنەوەیەکى بۆ ڕۆژنامەى خەبات نارد و بڵاوکرایەوە ، وێڕاى وەڵامدانەوەى قسەکانى ئەو هونەرمەندە ، تێیدا کۆڕەک باس لەوە دەکات کە پەیوەندى بە هونەرمەند دلێر عەبدولقادر کردووە و گوایە ئەو هونەرمەندە ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ئەو قسانەى بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە کردبێ ، لە کاتێکدا ئەو کاتەى کاک عیسا مێرگەسۆرى لە کۆڕەکەوە پەیوەندى بە منەوە کرد ، پێم ڕاگەیاند کە کاسێتى دەنگى ئەو هونەرمەندەم لایە و بەڵگەیە بۆ تەواوى ئەو قسانەى ئەو هونەرمەندە کردویەتى بێ زیاد و کەم کە لە دیمانەکەدا بڵاوبۆتەوە ، کەچى هەر بۆ بەیانى لەو ڕوونکردنەوەدا کۆڕەک وا باس لە دیمانەکە دەکات ، گوایە من قسەکانم لەخۆمەوە کردبێ و هونەرمەندەکە ئاگادارى هیچ یەک لەو ڕایانە نییە ، بەڵام لێرەوە تەئکید لەوە دەکەمەوە کە کاسێتە دەنگیەکەم لایە ، جگە لە بڵاوکردنەوەى دەنگەکە ، ئامادە نیم لەو ناوزڕاندنەى خۆم دەستە پاچە بووەستم و ڕێگاى دادگا نەگرمەبەر چونکە ئەرکى ئێمەى ڕۆژنامەنووسان ناوزڕاندن و قسە هەڵبەستن نییە بە خەڵکى ، بەقەد ئەوەى ئەرکى ئێمە ، ئەرکێکى ئەوپەڕى پیرۆز و خزمەت گەیاندنە بە هەموو لایەک لە پێناوى کارى چاکترو ژیانى خۆشتر بۆ هەمووان ، من ڕێگاى دادگا بە بەڵگە دەنگیەکەوە دەگرمە بەر ، نازانم کۆڕەک تیلیکۆمیش بە بەڵگەوە دێتە دادگا ؟ یان پێویستى بەوە نییە بێتە دادگا و مەسەلەى تەشهیرکردن بە ڕۆژنامەنووسێک یەکلایى بکاتەوە.
کارزان حەیدەر