سڵاو هونەردۆستان
ـ خانمەگۆرانیبێژێك بە ناوی (موژدین)، ماوەیەكە دەیەوێ ناوی من بكاتە ڕێگەیەك بۆ ناووبانگپەیداكردن بەر لەوەی هیچ شتێك بڵێم، پێم باشە ئامانجی ئەم ڕوونكردنەوەیەم ڕابگەیەنم. بەڕێزان، خوێنەرانی ئازیز! ئەم ڕوونكردنەوەی من تەنیا بۆ جەماوەر و گوێگری گۆرانی كوردییە، بە تایبەتی ئەوانەی گوێ بۆ بەرهەمەكانی من ڕادەگرن، ئەگەرنا ئەو ڕوونكردنەوەیەم لەبەر خاتری چاوی هیچ چاوجوانێك نەداوە.
بەڕێزان! من بەشی درمانسازیم لە وڵاتی سوید تەواو كرد و بڕوانامەی ماستەرم بە دەست هێنا و ئێستایش نزیكەی چەند مانگێكە بە یەكجاری گەڕاومەتەوە بۆ كوردستان تا لەم بوارەیشدا خزمەتی وڵاتەكەم بكەم، ئەویش لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی (سویدی ــ كوردی)ـیەوە بە ناوی awamedica) بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بە شێوازێكی سەردەمییانە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی ئێمەیش دەست دەرمانی خراپ و بێسوود ڕزگاریان بێت.
من ساڵانێكە جگە لە كاركردن و خزمەتكردنم لە بواری هونەریدا، دەمەوێ شان بە شانی هونەرەكەم، لە بواری دەرمانسازیدا خزمەتی وڵاتەكەم بكەم.
بە شێوەیەكی گشتی، ئەوەی مەبەستمە لەم ڕوونكردنەوەیەمدا بیڵێم، ئەوەیە كە ماوەیەكە دەبیستم خەڵكانێك دەیانەوێ بەرد بخەنە ڕێگەم، لە كاتێكدا من لەوەتەی هەستم بە بوونی خۆم كردووە، ڕاستەوخۆ زیانم بۆ مێروولەیەك نەبووە و نایشمبێت، زۆر جاریش هەندێك كەس لە بن دیوار و قسەی لابەلا و بێ ناوەرۆكیان بۆ هەڵبستووم، بەڵام من بێدەنگیم لێ كردووە و نەمویستووە بایەخیان پێ بدەم، چونكە ناڕاست بوون و ئاستەكان لەو پلەیەدا نەبوون، كەچی ماوەیەكە خەریكە ئەو قسە و بوختانە بێمانایانە لە سنووری خۆی تێپەڕ دەبێت، بۆیە بڕیاڕم دا ئەو ڕوونكردنەوەیە بۆ جەماوەری خۆشەویستی خۆم بدەم.
خانمەگۆرانیبێژێك بە ناوی (موژدین)، ماوەیەكە دەیەوێ ناوی من بكاتە ڕێگەیەك بۆ ناووبانگپەیداكردن، لە ژێر سێبەری ناوی (بڵند عەبدوڵڵا)ـدا، بەڵام من هیوادارم ئەو خانمە بەڕێزە بە جۆرێكی دیكە بیر لە ناووبانگ بكاتەوە، چونكە ئەو جۆر و شێوازە خۆدەرخستنانە لە ژێر ناوی خەڵكەوە باوی نەماوە، وا باشترە بە جۆرێكی دیكە بیر بكاتەوە.
من لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنم كە من لەگەڵ ئەو خانمە هیچ جۆرە پێوەندییەكی دڵداری یان سۆزداری یان ئەوینداریم نەبووە و لە ئاستی كاركردنی هونەری زیاتر تێپەڕی نەكردووە و بەرپرسم لەو قسەیەی خۆم تا ماوم.
ئەگەر ئەویش دەڵێت (بڵند)ـم خۆشویستوە و كەوتووەتە حاڵەتێكی تایبەتی، ئەوە هەستی خۆیەتی پێوەندیی بە خۆیەوە هەیە و من دەمێكە گوتوومە ڕێزم بۆ هەموو هەستێكی جوان هەیە، بەڵام ئەو هەستەی بەڕێز (موژدین)، وەك هەستی یەكێك لە جەماوەر و گوێگرانی خۆم دەژمێرم، وا دەزانم ئەویش یەكێكە لەو كەسانەی سەرسامە بە گۆرانی و كارە هونەرییەكانم، هەر بۆیەیش بۆ كاری هونەری، داوای یارمەتی لێ كردم و منیش وەكوو هەمو ئەو كەسانەی یارمەتیم داون، هاوكاریی ئەویشم كرد بە بێ هیچ جیاوازییەك، ئیتر من بەرانبەر كەسێك كە گوێگر و جەماوەری من بێ، هەرگیز وەك دڵدار سەیری ناكەم، چونكە هەرگیز ناتوانێ پۆلێك جەماوەری خۆت بكەیت بە خۆشەویست و ئەوڤیندار و نازیان بكێشێت.
لە كۆتاییدا، من بە هەموو ئەو بەڕێزانەی كە دەیانەوێ لەسەر حیسابی خەڵكی دیكە ناووبانگ پەیدا بكەن، دەڵێم ئەو شێوازە بیركردنەوەیە خراپە و دوعای ئەوەیان بۆ دەكەم خوای گەورە شفایان بدات.
هەر شاد بن و وڵات ئاوەدان.
بڵند عەبدوڵڵا – هەولێر
22/ 2/ 2011